ئیلهام ئەحمەد: سەردانی بەنداوی تشرین هەنگاوێکی گرنگە بۆ سوریایەکی نوێ

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، پڕۆسەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق بە سەردانە هاوبەشەکە بۆ بەنداوی تشرین گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ.

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد، دەربارەی ئەو سەردانە هاوبەشەی ئەمڕۆ بۆ بەنداوی تشرین ئەنجامدرا، لێدوانێکی گرنگی دا.

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند پرۆسەی ڕێککەوتن لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و حکومەتی نوێی دیمەشق کە لە حەلەب دەستی پێ کرد، گەیشتووەتە ئاستێکی گرنگ، گوتی: "ئەمڕۆ لە بەنداوی تشرین لایەنەکان سەردانێکی هاوبەشیان بۆ چاودێری ڕەوشەکە ئەنجامدا، ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ تەواوکردنی ئەو ڕێککەوتنەی بەشێوەی پراکتیکی لە حەلەب دەستی پێ کرد".

ئیلهام ەحمەد ڕایگەیاند، ئەم پێشکەوتنە تەنها بۆ دیالۆگی نێوان دوو لایەنەکە نییە، بەڵکو بنیاتنانی ئایندەیەکی دیموکراتیک بۆ هەموو سورییەکان دەکاتە ئامانج.

ئەمڕۆ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی و شاندێکی حکومەتی دیمەشق، سەردانی بەنداوی تشرینیان کرد.