بە دیمەن

گەلی ئێزدی جەژنی 'خدر ئیلیاس'ـیان پیرۆز کرد

گەلی ئێزدی لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەژنی "بێخوێن" واتە "خدر ئیلیاس"ـیان پیرۆز کرد و هیوایان خواست کە ئاشتی بەرقەرار بێت و دانیشتوانی عەفرین بگەڕێنەوە شوێن و زێدی خۆیان.

ماڵی ئێزدی گەڕەکەکانی شێخمەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب بە بۆنەی جەژنی "خدر ئیلیاس" لە هۆڵی تەلعەت حەلەب ئاهەنگێکیان سازکرد.

لە ئاهەنگەکەدا، مەنان جەعفەر، هاوسەرۆکی ماڵی ئێزدی حەلەب، شێخ عەلی حەسەن، ئەندامی بەڕێوەبەریی ناوەندی کاروباری ئاینی حەلەب، لەسەر ناوی مەسیحییەکان ڕاوێژکاری موفتی پێشووی سووریا ئەندازیار باسل قس نەسروڵا، جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی گشتی گەڕەکەکانی شێخمەقسوود و ئەشرەفیە ئارین حەنان قسەیان کرد.

مەنان جەعفەر جەژنی "بێخوێن" ـی لە هەموو گەل و پێکهاتەکان پیرۆز کرد و وتی: ئەم کۆبوونەوەیە دڵنیایی دەدات کە کۆمەڵگای ئێزدی بە سرووشتەوە پەیوەستە و بۆ دیاریکردنی ڕۆژەکانی جەژن کۆمەڵگای ئێزدی پشت بە گۆڕانکارییەکانی وەرز و مێژووی چاندن و دروێنە دەبەستێت.

شێخ عەلی حەسەنیش وتی: پێویستە خۆشەویستی و برایەتی لە نێوان هەموو پێکهاتە و ئاینەکاندا بڵاو بکرێتەوە و هیوای خواست کە خەڵکی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی بگەڕێنەوە گوند و خاکی خۆیان.

هەروەها قس نەسروڵڵاش ئاشکرای کرد، ئەم جەژنە بەشێکە لە میراتی ڕۆحی و مرۆیی و وتی: لە ئاینی مەسیحیدا جەژنی "خدر ئیلیاس" بە ناوی "مار جرجس"ـە.

هەر لە ئاهەنگەکەدا ئارین حەنانیش وتی: "لە شادی و خەمباریدا لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە باوەڕەکان هەموو پێکهاتەکان بەشداری دەکەن، ئەوە بەشێکە لە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کە کاکڵەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە."

دوای وتەکان، گرووپی پاشەڕۆژی منداڵان و گرووپی ئەستێرەکانی گەنجانی لالشی ماڵی ئێزدی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانی جەژنی “خدر ئیلیاس”ـیان خوێندەوە.

جەژنی “بێخوێن” واتە "خدر ئیلیاس" چوار هەزار ساڵ پێش زایینە پیرۆز دەکرێت، ئەم جەژنە نیشانەی بەرهەمداری و چاندنە.

بەپێی ڕۆژژمێری ڕۆژهەڵاتی (کورمانجی) جەژنی بێخوێن هەموو ساڵێک ڕۆژانی پێنجشەمە و هەینی سەرەتای شووبات پیرۆز دەکرێت.

بەپێی باوەڕی ئێزدی، لەم جەژنەدا سەربڕینی قوربانی، ڕشتنی خوێن و ڕاوکردن قەدەغەیە، بۆیە ناوی “بێخوێن”ـە، پێش جەژن ڕۆژووش دەگیرێت، بەڵام فەرز نییە.

بێخوێن، خواردنێکی تایبەتی ئەم جەژنەیە، لە حەوت جۆر دانەوێڵەی برژاو دروست دەکرێت، بەپێی ئێزدییەکان، بێخوێن لە ساوەر، پاقلە، جۆ، گەنم، کەمۆن، گژنیش، گارس، تۆوی گوڵەبەڕۆژە دروست دەکرێت، ئەم دانەوێڵانە هەڵدەبژێردرێن و دواتر بە دەستاڕ دەهاڕدرێن.

خدر ئیلیاسیش، کەسایەتییەکی ئاسمانی نەمرە، پێشتر وەک پەریی چاندن و باران دەناسرا، بۆیە پەیوەندی ئەم جەژنە بە چاندن و سەوزبوونەوە هەیە، جەژن، بەو واتایە دێت کە کەمێک ماوە وەرزی چاندنی دانەوێڵە و تۆوەکان کۆتایی بێت و خولی بەرهەمداری خاک و چەکەرەکردنی تۆوەکان لە زەویدا، دەست پێ دەکات.