ژنانی کانتۆنی عەفرین و شەهبا: سزای لەسێدارەدان بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ژنانە

ژنانی کانتۆنی عەفرین و شەهبا سزای لەسێدارەدان بەسەر چالاکوانان پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی-یان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند کە ئەم بڕیارە نایاساییە بۆ لەناو بردنی ئیرادەی ژنانە.

دادگای شۆرشی ئێران، بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی چالاکوانانی بوارەکانی ژناندا سەپاند و بەو بۆنەوە لەهەموو شوێنێکی کوردستان و دەرەوە شەپۆلێکی ناڕەزایی لێکەوتەوە. لەو چوارچێوەد ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قسەیان لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورارت کرد و کاردانەوەیان نیشاندا.

ڕهاب جبۆ ئەندامی کۆمیتەی ژنانی کانتۆنی عەفرین و شەهبا لەوبارەوە ڕایگەیاند: "سزای لەسێدارەدان کە بەرانبەر دوو چالاکوانی مافەکانی ژنان درا، لەبەرچاوی هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە کە بانگەشەی یەکسانی جێندەری دەکەن درا. بەداخەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو."

هەروەها شیراز زەین ئەلدین، بەرێوەبەری ڕێکخستنی سارا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی دژ به ژنان له عەفرین و کانتۆنی شەهبا، پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنانی زیندانی له ئێران شەرمەزار کرد و داوای پاراستنی مافی سەرجەم چالاکانی ژنی لە زیندانەکانی ئێران کرد."