دۆزی شتوتگارت: ئێمە کورد بووین و نەمانتوانی بێدەنگ بین

ڤەیسەل س.، بەرگرینامەیەکی پێشکەشی دادگای دۆزی سیاسەتمەدارانی کورد لە شتوتگارتی ئەڵمانیا کردووە و راگەیاندووە، من کورد بووم و نەمتوانی لە بەرامبەر هێرشە دڕندانەکاندا بێدەنگ بم.

 لە شتوتگارتی ئەڵمانیا ٥ کورد، کە سیانیان لە زیندانی ستامهایمی زیندانیکراون و دووانەکەى تریان لە دەرەوەی زیندانن، ٦٧هەمین دانیشتنی دادگایکردنەکەیان بەرێوەچوو.

لەو دۆزەدا ڤەیسەل س.، عەگید ک. و ئۆزکان ت.، کە لە زینداندان و جیهان ئا، و ئەڤریم ئا، کە لە دەرەوەى زیندانن، پرۆسەى دادگایکردنیان بەردەوامە.

رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلۆتیکا بڵاویکردەوە، لە دانیشتنی پێشوودا لەبارەى کردارە فاشیستییەکانی تورک و پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا لەگەڵ داعش بەرگرینانە پێشکەشی دادگاکە کرابوو.

ڤەیسەل س، لە بەرگرینامە ٢٠ لاپەڕەییەکەیدا لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تاوەکو ئێستا سەرنجی خستووەتە سەر کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا بەرامبەر بە کورد.

ڤەیسەل س، لە بەرگرینامەکەیدا باسی ئەوەیکردووە، کە تاوەکو دامەزراندنی پەکەکە بە رێبەرایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، کورد بەبێ رێکخستن کرابوو و چەوسێنرابوویەوە.

ڤەیسەل ئاماژەى بەوەشکردووە، دەوڵەتى تورک بۆ ئەوەى تیرۆرکارییەکانی بەرامبەر بە کوردان بشارێتەوە، پەکەکەی بە "رێکخستنی تیرۆر" راگەیاندووە و هەندێک دەوڵەتیش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بزووتنەوەى ئازادیی کورد و پەکەکە بە "تیرۆریست" ناو دەبەن، بەڵام هەموو کەس دەزانێت حەقیقەتەکە چییە.

ڤەیسەڵ س، ئەوەشی راگەیاندووە، ئەو کوردێک بوو و لەبەرامبەر هێرشە دڕندانەکاندا بێدەنگ نەبووە و بەپێی توانای خۆی بۆ ئازادی تێکۆشاوە. راشیگەیاند، "من لە هەر شوێنێک بم رۆڵەی کوردستانم. چیرۆکی کوردان، کە من هەوڵمداوە باسیان بکەم، چیرۆکی منیشە، ژیانی منە و جموجوڵی منیش دەستنیشان دەکەن".

ئەڤریم ئا. لە بەرگرینامەکەیدا وتبووی، بەهۆی تیرۆری دەوڵەتى تورکەوە ناچار بووە وڵاتەکەى خۆی بەجێبهێڵێت و بڕوات بۆ ئەڵمانیا، بەڵام ئەوەی بۆ دەرکەوتووە، کە لە نێوان ئەڵمانیا و تورکیادا جیاوازییەکی زۆر نییە.

لیژنەى دادگاکە دانیشتنی داهاتووی دۆزەکەى بۆ ٥ی تشرینی دووەم دواخست.

ژ.ت