هەپەگە: هاوڕێمان زەردەشت باشووری شەهیدبوو

هەپەگە رایگەیاند کە گەریلا زەردەشت باشووری کە لە سلێمانییەوە بەشداریی ریزەکانی بەرخودانی کردبوو، شەهیدبووە. بە گوێرەی راگەیەندراوی هەپەگە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لانیکەم ١١٠ جار بۆردومان کراون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە: "هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بۆ سەر گۆڕەپانەکانی بەرخودان و هێزەکانمان لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بەردەوامە".

لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ١١٠ جار بۆردومان کراون

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا ١٥ جار بە فڕۆکەی شەڕ، ٢ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر، ٩٣ جاریش بە کاتیوشا و تانک بۆردومان کران. هەروەها لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ و رۆژهەڵاتی زاپ بە حەفارە هێرشیان کردووەسەر سەنگەرەکانی بەرخودانمان. لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم لە نێوان هێزەکانمان و داگیرکەراندا ٦ جار شەڕ روویداوە".

زانیاری بەرفراوان لە راگەیەندراوەکەدا بەم جۆرەیە:

"لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ:

٦ی حوزەیران کاتژمێر ٠٧:٣٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم داگیرکەران دەستیان بە جموجۆڵ کرد، هێرشیان کردە سەر هێزەکانمان و هێزەکانیشمان بە چەکی قورس بەرپەرچیان دانەوە و رێگرییان بە جموجۆڵی داگیرکەران کرد. هەمان رۆژ کاتژمێر ٠٩:٥٠ تا ١٢:٣٠ داگیرکەران کەوتنە جموجۆڵەوە و لە نێوان داگیرکەران و هێزەکانمان ٥ جار شەڕ روویدا. بەم جۆرە جموجۆڵی داگیرکەران راگیرا. دواتریش گۆڕەپانی بەرخودانەکە ٧٤ جار بە کاتیوشا و تانک بۆردومان کرا.

هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر:

٦ی حوزەیران لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئامێدی و لە هەرێمی رۆژهەڵاتی زاپ گۆڕەپانی بەرخودانی سیدا ١٩ جار بە کاتیوشا و تانک بۆردومان کران.

٦ی حوزەیران لە هەرێمی رۆژهەڵاتی زاپ گۆڕەپانی بەرخودانی سیدا ٢ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردومان کرا.

٦ و ٧ی حوزەیران لە هەرێمی گارە شاخی سیسەر، دەریێ حرچ، گوندی سێدارێ، شاخی دؤلا مێرانێ، گوندی دێڕەش ١١ جار، لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی بەهار، شاخی ئامێدی ٣ جار، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی شاخی چارچەل جارێک، واتە بە گشتی ١٥ جار بە فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کران.

سوپای تورکی داگیرکەر ٦ی حوزەیران سەنگەرەکانمانی لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ، ٧ی حوزەیرانیش لە هەرێمی رۆژهەڵاتی زاپ سەنگەرەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخودانی سیدا بۆردومان کرد و هەوڵیدا سەنگەرەکان بڕوخێنێت".

زەردەشت باشووری شەهیدبوو

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گەریلا زەردەشت باشووری ٢٤ی ئایار شەهیدبووە. لەسەر ئەو بابەتە لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"هاوڕێمان زەردەشت باشووری کە بە وشیاری بەرزی نەتەوەییەوە لەسەر رێبازی گیانبازی بەشداری لە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەماندا کردووە، ٢٤ی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ شەهید بووە. هاوڕێمان زەردەشت لە کاتێکدا کە هێرشی دژواری کۆمەڵکوژی دەکرایە سەر گەلەکەمان، لە سلێمانییەوە رووی کردە ریزەکانی بەرخودان. وەک شۆڕشگێڕێکی لێهاتوولە شۆڕشی ئازادیی رۆژئاواوە تا هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لە زۆر گۆڕەپاندا لە ریزەکانی پێشی پێشەوە شەڕی کرد، واتادارترین وەڵامی بە هێرشەکان دایەوە. هاوڕێمان زەردەشت کە بە شێوەیەکی گیانبازی بەشداری کرد، بەو تێگەیشتنەی کە ئازادیی کوردستان بە بێ قوربانیدان نابێت، بەشدار بوو و وەها هەڵوێستێکی نیشاندا کە بۆ سەرجەم گەنجانی کورد دەبێتە نمونە.

لەسەرەتادا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێز و بەنرخی دەکەین کە هاوڕێیەکی وەک زەردەشتیان گەورە و تێکەڵ بە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەمان کرد کرد کە دڵسۆزی بەها نەتەوەییەکان بوو، هەروەها سەرەخۆشی لە خەڵکی باشووری کوردستان و تەواوی گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین. لە کەسایەتی هاوڕێمان زەردەشت بەڵێن دەدەین کە ئامانج و ئاواتی شەهیدانمان بۆ رێبەرایەتی ئازاد و کوردستانی ئازاد بهێنینەدی.

زانیاری لەسەر ناسنامەی هاوڕێمان زەردەشت بەم جۆرەیە:

ناسناو: زەردەشت باشووری

ناو و پاشناو: شڤان محەمەد

شوێنی لەدایکبوون: سلێمانی

ناوی دایک- باوک: نیسان- محەمەد

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٣/ زاپ

هاوڕێمان زەردەشت لە بنەماڵەیەکی وڵاتپاڕێزی شاری سلێمانی کە خاوەنی نەریتی بەرخودانە لەدایکبوو. بنەماڵەی بەڕێزی هاوڕێمان زەردەشت رۆڵەکەیان بە بەها نەتەوەییەکانەوە گەورەکرد و لەم رووەوە ئەرکی وڵاتپارێزی خۆیان بەجێگەیاند. لەبەر ئەو هۆکارە هاوڕێمان زەردەشت بەردەوام لە دڵەوە لەگەڵ تێکۆشانی ئازادیی تەواوی کوردستاندا بووە و دواجار و لە ئەنجامی پەیجوری و بەدواداچوون بە ئەندێشە و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ کاریگەر بوو. دوای قووڵبوونەوەی لە فەلسەفەی رێبەرایەتی بڕیار و ئیرادەی بۆ تێکۆشان زیاتر دەبێت و لەدوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپی بڕیار دەدات بچێتە رۆژئاوای کوردستان و بەشداری لە بەرخودانی سەرێکانیدا دەکات.  

لە بەرامبەر هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، هاوڕێمان زەردەشت بڕیار دەدات رووبکاتە چیاکانی کوردستان و بەشداری ریزەکانی گەریلا دەبێت و لە دژوارترین ساتەکانی شەڕدا روودەکاتە ئاڤاشین و لەگەڵ هاوڕێکانی لە چوارچێوەی شەڕی تونێل و تیمە گەڕۆکەکان زەبری گەورە لە داگیرکەران دەوەشێنن و ئەزمونی سەرەتای خۆی لەوێ دەوڵەمەند تر دەکات. هاوڕێمان زەردەشت بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی ئەزمونی خۆی بەشداری لە پەروەردەی پسپۆری سەربازی دەکات و لە بەشی سابۆتاژ لە لایەن هاوڕێ شەهیدەکەیەوە رێزان ئامەد پەروەردە دەبینێت. بە هۆی ژیری و لێهاتووییەوە لەماوەیەکی کەمدا لە بەشی سابۆتاژ خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو پێش خست و بۆ درێژەدان بە خەبات و زیاتر بەرەوپێشبردنی پسپۆڕیەکەی دەچێتە ناو هێزی تایبەت.

هاوڕێمان زەردەشت کە شۆڕشگێڕێکی بەو جۆرە بووە کە نەدەسرەوت، کاتێک بەشداری خەباتی هێزەکانی تایبەتی کرد، داوای کرد بچێتە ئەو هەرێمانە کە شەڕی دژواریان تێدایە و بۆ ئەوەش پێداگری کردبوو. هاوڕێمان زەردەشت کە بەشداری بەرخودانی مێژوویی لەو هەرێمە کردبوو، بە رەنجی خۆی ببووە جەنگاوەرێکی پێشەنگی ئاپۆیی. هاوڕێمان زەردەشت لە ئامادەکردنی تونێلی شەڕەوە تا چالاکی کاریگەر لە دژی دوژمن، لە کوێ پێویستی بکردایە لەوێ دەبوو.

هەڤآڵمان زەردەشت لە هەر خانەیەکی جەستەیدا هەستی بە گیانبازی دەکرد و ئەم شەهادەتە ناکاوەی ئێمەی زۆر خەمبار کرد. جارێکی دیکە بەڵێن دوبارە دەکەینەوە کە لە کەسایەتی هەڤاڵ زەردەشتدا ئێمە تێکۆشان و بەرخودانی هەموو هەڤاڵانی شەهیدمان گەشتر بکەین".

هـ . ب