كۆدار: با گەلەكەمان لەجەژنی رەمەزاندا تێكۆشانی دژ بەفاشیزمی داگیركەر بگەیەننە لووتكە

لە ڕاگەیاندراوی كۆمیتەی دین و باوەڕیەكانی كۆدار بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە هاتووە؛ تیكۆشان بۆ لەناوبردنی فاشیزمی داگیركەر و كۆمەڵكۆژكار دەتوانێت پێگەی راستەقینەی دین نیشان بدات و جەژنی ئەوەش بكەنە جەژنی ئازادی.

كۆمیتەی دین و باوەڕیەكانی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان "كۆدار" لەڕاگەیاندراوێكدا سەرەڕای پیرۆزكردنی جەژنی رەمەزان لەوڵاتپارێزانی موسڵمانی كوردستان، جەختی لەسەر یەكێتی و پشتیوانی و یەكگرتوویی كۆمەڵگە لەدژی رژێمە فاشیستەكان كردووەتەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوە راگەیاندنیەكەی كۆدار:

"گەلی فیداكاری كورد و گەلانی ژێردەستە و مەزلوومی رۆژهەڵاتی ناوین لەكاتێكدا مانگی رەمەزانیان تێپەڕاند كە شەڕخوازی فاشیزم لەهەرچوار لای كوردستان بەتایبەتی لەلایەن فاشیزمی دەوڵەتی توركەوە گەیشتووەتە لووتكە و هیچ بەربەست و سنورێك ناناسێت.

هێزەكانی گەریلا و گەلەكەمان لەم مانگەدا قۆناخێك لەتێكۆشانی ئازادیخوازانە، یەكسانیخوازی و بەرابەری و عەداڵتخوازانەیان تێپەڕ كرد. وەكو كۆمیتەی دین و باوەڕیەكانی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان "كۆدار"، جەژنی رەمەزان لەگشت موسڵمانانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان پیرۆز دەكەین.

جەژنی رەمەزان لەكاتێكدا لەهەرچوار بەشی كوردستان پیرۆز دەكرێت كە دۆژمنانی هەرێمی و جیهانی گەلەكەمان شەڕێكی خوێناویان بۆ داگیركردنی زیاتر لەجارانی كوردستان و لەناوبردنی كوردان بەئامانجی بێ بەشكردنی هەرچەشنە ئازادی و عەداڵەتی مرۆڤییان دەست پێ كردوە. بێگۆمان ژیانی ئازادی لەكۆمەڵگەی ئێران و گەلی كورد لەهەرچوار بەشی كوردستان گرتوون و بەدەیان ساڵە شەڕێكی نابەرابەر و وێرانكەری گیرۆدەی گەلانیان كردوە. لەرەوشێكی ناخۆشدا، ئەرك و بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە سەر شانی تاك بەتاكی گەلی كورد و گەلانی ئێران كە بۆ بەدەستخستنی ئازادی و رزگاری لەزۆڵم و ستەمی سیستەمە فاشیستەكان و دەبێت بێدەنگ نەبن. لەو باوەڕەداین كە ئازادی و جەژنی راستەقینەی عەداڵەت و بەرابەری و یەكسانی لەرۆژهەڵاتی ناوین بەئازادی گەلی كورد و كوردستان پێكدێت.

 لەكاتێكدا ئەمڕۆكە كوردستان بووەتە گۆڕەپانی تەڕاتێنی داگیركەران و كۆمەڵكۆژكاران، كەرامەت و روومەتی كۆمەڵگەی كوردی لەمەترسیدایە، لەبەر ئەوەش تێكۆشانی شایستە و بەردەوام وەكو ئەركێكی راستەقینە لەچوارچێوەی واتاداركردنی ژیانی ئازاددا ئەركێكی مەزنە. قەبووڵكردنی جەژنە مەزهەبی و نامەزهەبیەكانیش بەبێ كردەوە و بەجێهێنانی تێكۆشان پێكنایەت.

جەژنی رەمەزان لەكۆتایی مانگی رەمەزانیش لەكوردستان و ئێرانیشدا ئەو كاتە بەشێوەیەكی خاوێن و شایستە پێگەی خۆی دەبینێتەوە كە كۆمەڵگە بەئازادی، دیموكراسی و بەرابەری و یەكسانی بۆ رزگاری و سەرفرازی هەموو رۆژهەڵاتی ناوین لەژێر چەپۆكی سیستەمە فاشیستەكان بیربكەنەوە و بەكردەوەی هەمیشەیی و  راستەقینە بەبەڵێنە ئەخلاقی، سیاسی و مرۆڤیەكانی خۆی جێبەجێ بكات. تێكۆشان بۆ لەناوبردنی فاشیزمی داگیركەر و كۆمەڵكۆژكار دەتوانێت پێگەی راستەقینەی دین نیشان بدات و جەژنی ئەوەش بكاتە، جەژنی ئازادی.

لەسەر گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ئەركە كە بەهزری خاوێن، گەیشتن بە كۆمەڵگەی مەدەنی و رزگاری لەستەم و زۆڵمی سیستەمە زۆردار و تۆقێنەر، لەسێدارەدان، كۆمەڵكۆژكار و تواندنەوە و لەناوبردن، ساڵی ٢٠٢٢ بكاتە ساڵی تێكۆشانی راستەقینە.

كۆمیتەی دین و باوەڕیەكانی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان "كۆدار"، جەژنی رەمەزان لە كۆمەڵگەی موسڵمانان، بەتایبەتی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان پیرۆز دەكات و بانگەوازی لە هەموو گەلەكەمان بەتایبەتی گەلی شۆڕشگەر و شۆڕشڤان و ئازادیخوازی كورد دەكات تا بۆ واتاداركردنی راستەقینەی بەجەژنگەلێكی وەكو جەژنی رەمەزان، تێكۆشان دژ بەرژێمی سێدارەی ئێران بگەیەننە لووتكە.

هاوكات لەم قۆناخە هەستیارەدا كە هێرشی داگیركەرانی ئەرتەشی فاشیستی دەوڵەتی تورك بۆ لەناوبردنی سێ بەشی باكور، باشور و رۆژئاوای كوردستان لەعەفرینەوە تا زاگرۆس بەردەوامە، گەلەكەمان پێویستە جەژنی رەمەزان بكەنە خاڵی وەرچەرخان بۆ بەرەودان بەتێكۆشانی ئازادیخوازانە و عەداڵەتخوازی و لەتێكۆشانی هێزی فیدایی گەریلا تا لەناوبردنی بەتەواوەتی رووی زۆڵم و ستەمی فاشیستەكان، پشتیوانی بكەن.

ژ.ت