لە چەند هەفتەدا چاپی یەکەمی کتێبەکەی شابر لەسەر ئۆجالان لە ئەڵمانیا تەواو بوو

چاپی یەکەمی کتێبی رۆژنامەنووس و نووسەری ئەڵمانی پیتر شابر بە ناوی "زاڵبوون بەسەر مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست دا؛ دەروازەیەک بۆ فەلسەفەى عەبدوڵا ئۆجالان" لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا تەواو بوو.

کتێبی "زاڵبوون بەسەر مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست دا؛ دەروازەیەک بۆ فەلسەفەى عەبدوڵا ئۆجالان"، کە لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنووسی ئەڵمانی پیتر شابرەوە نووسراوە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا گەیشتە ناو کتێبخانەکان و بەردەستی خوێنەران.

کتێبی "زاڵبوون بەسەر مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست دا؛ دەروازەیەک بۆ فەلسەفەى عەبدوڵا ئۆجالان" لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ئونراست – ڤێرگالی بڵاوکرایەوە و یەکێک لەو یەکەم کتێبانەیە، کە دونیای بیر و رامانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە خوێنەر دەناسێنێت.

شابر لە ئەڵمانیا یەکێک لەو کەسانەیە، کە پشتیوان و بەشداری تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردە و کتێبەکەی بە جۆرێک نووسیوە، کە خوێنەر و ئەوانەى تامەزرۆی بیر ورامانەکانی ئۆجالانن، بتوانن بە شێوەکی سادە و وەک یەکەم هەنگاو، بە بیر و رامانەکانی ئۆجالان ئاشنا ببن.

"پێشوازیەکە بۆ من نییە، بۆ ئۆجالانە"

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای چاپ و پەخشی ئونراست چاپی یەکەمی کتێبەکە لە ماوەى چەند هەفتەدا تەواو بووە. بەڕێوەبەرانی چاپخانەکە رایانگەیاند، چاپی دووەمی کتێبەکە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە دەست خوێنەران و راشیانگەیاند، لەو پێشوازییە گەرمە زۆر سەریان سوڕماوە.

پیتر شابر نووسەری کتێبەکە لەبارەى پێشوازی گەرم و زۆر لە کتێبەکەی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، تەواوبوونی چاپی یەکەمی کتێبەکە لە ماوەیەکی کەمدا و ئەو پێشوازییە گەرمە لەبەر خۆی نییە، بەڵکو لەبەر ئۆجالانە و وتی، "ئەو پێشوازییە گەرمەى لەو کتێبە کراوە، نیشانەى ئەوەیە، تاکو دێت هەموو رۆژێک شەیدایی و تامەزرۆیی بۆ بیر و رامانی ئۆجالان زیاتر دەبێت".

شابر یەکێک لەو کەسانەیە، کە لە نزیکەوە چاودێریی تێکۆشانی گەلی کورد لە ئەڵمانیا دەکات و لەبارەی هۆکاری نووسینی کتێبەکەیەوە چەند رۆژ لەوە پێش بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، "لە ئەڵمانیا هاووڵاتییان و هەروەها زۆرێک لەلایەنە نێونەتەوەیییەکان دەیانخواست بزووتنەوەى کورد بناسن. بە داخەوە کتێبەکان لەبارەى ئایدۆلۆژیای ئەو بزووتنەوەیەوە زۆر گەورە و ئەستوور بوون. منیش بۆ ئەوانەى دەیانەوێت بزووتنەوەى کورد بناسن و وەک دەروازەیەک و لەو چوارچێوەدا ئەم کتێبەم نووسی".

ژ.ت