نەورۆز ئەحمەد: ١٨٥ شانە لە ناوبران و ٢ هەزار و ٧٢٠ چەتە دەستگیرکراون

نەورۆز ئەحمەد لە فەرماندەیی گشتیی قەسەدە ڕایگەیاند، دوای ئازادکردنی باغۆز تێکۆشان لە ئاستێکی نوێدا بەردەوام بوو و ڕاشیگەیاند، زیاتر لە ١٨٥ شانەی نوستوو لەناوبران و ٣٩٧ چەتە کوژراون و ٢ هەزار و ٣٢٣ چەتەی داعشیش دەستگیرکراون.

نەورۆز ئەحمەد ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، چوارەمین ساڵیادی سەرکەوتن لە باغۆز و  تێکۆشانی نوێی دژ بە داعش و ئەنجامەکانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) نرخاند.

نەورۆز ئەحمەد ڕایگەیاند، لە سەردەمێکی گرنگداین و بە ڕووخاندنی خەلافەت داعش و تێکشکاندنی تەواوەتییان لە باغۆز چووینەتە قۆناغێکی نوێ، چونکا داعش ببووە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە و هەموو جیهان و مرۆڤایەتی و بە هێرشە قورسەکانی زیانی گەورەی گەیاندبوو، بۆ ئەو سەرکەوتنەش تێکۆشانێکی بێ هاوتا بەڕێوەچوو.  

ڕاشیگەیاند، لە دوای تێکشکاندنی داعش لە باغۆز تێکۆشان لە دژی پاشماوەکانی داعش و شانە جۆراجۆرەکانیان بەردەوامیی هەبوو.

ئەوەشی ڕاگەیاند، بەپێی ئامارەکانی ئەم چەند ساڵە ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە هێشتا مەترسیی داعش کۆتایی پێنەهاتووە، بۆیە قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامن لە تێکۆشانە گەورەکەیان لە دژی داعش.

نەورۆز ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی زانیارییە هەواڵگریەکان شانەکانی داعش لە کامپی هۆل، تل بەراک، تل حەمیس، ڕەقا، دێرەزۆر، تەبقا و سڕین جموجوڵیان هەبووە، بۆیە ئۆپەراسیۆنیان لە دژ ئەنجامدراوە و هەروەها لە دوای هێرشی سەر سەرێکانی و گرێ سپی، هێرشی وەک هێرشکردنە سەر زیندانی ڕەقا و زیندانی ناوچەی سەناعەی حەسەکە ڕوویاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ماوەیەدا داعش ٣٥٢ هێرشی تیرۆریستیی ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ٣٩٧ چەتە کوژراون و ٢ هەزار و ٣٢٣ چەتەش دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لێیان بەردەوامە.

نەورۆز ئەحمەد لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، ئەو چەتانەی لە ناوچە جۆارجۆرەکاندا دەستگیرکراون بە گشتی زیاتر لە ١٠ هەزار چەتە دەبن، کە خەڵکی ٦٠ وڵاتن. بەپێی ئەو زانیارییانەی هەبوون، داعش لە هەوڵی بە رێکخستنکردنی چەتە دەستگیرکراوەکاندا بوو، ئەوەش بوە هۆی ئەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا چەندین ئۆپەراسیۆنی گرنگ ئەنجام بدرێن.

نەورۆز ئەحمەد ئەوەشی وت، ئەرکی چەتە دەستگیرکراوەکان تەنها سەدا ١٠ی لە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی و هەموو ئەرکەکانی تری وەک لایەنی لۆجستی، چاودێری، تەندروستی و... لە ئەستۆی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر و قەسەدەدایە، بۆیە پێویستە دادگایەکی نێونەتەوەیی بۆ دادگایکردنی چەتەکانی داعش دابمەزرێت، چونکا بەپێی دۆخی ناوچەکە ئەو چەتانە بارگرانییەکی زۆر قورسن. هەروەها ناوچەکەشمان بە بەردەوامی لەلایەن فڕۆکەکان و تۆپخانەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان دەکرێن، لەبەر ئەوەش ئەم بارە قورسە مەترسیی بۆ سەر تەواوی جیهان.

لەبارەی پشتیوانیەکانی دەوڵەتی تورک بۆ چەتەکانی داعش وتی، دەوڵەتی تورک بە شێوەی جۆراجۆر دەیەوێت رێگری لە تێکۆشانی دژ بە داعش بکات و پشتوانییان دەکات، باشترین نمونەش ئەوەیە، کە ئەبوبەکر بەغدادیی سەرۆکی چەتەکان لە ناوچەیەکی سنوریی ژێر کۆنترۆڵی تورکیادا کوژرا. هەروەها ئەو چەتانەی دەستگیرکراوان دانیان بەوەدا ناوە، کە لەلایەن تورکیاوە ڕاهێنانیان پێکراوە و لەلایەن دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتی تورکەوە ڕەوانەی ناوچەکە کراون و بەپێی ئەو فەرمانانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێیان کراوە، کردەی تیرۆریستیی و ئاژاوەگێڕانەیان ئەنجامداوە.

نەورۆز ئەحمەد لە کۆتاید باسی ئەوەیکرد، دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، ڕفاندن و کوشتن ئەنجام دەدەن. بە هەمان عەقڵیەتی داعشەوە ڕەفتار لەگەڵ ژنان دا دەکەن. چەتەکانی داعش بە ناوی جۆراجۆرەوە لە ناوچە داگیرکراوەکاندا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە رێکخراون. بۆیە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانمان ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکانە.

ژ.ت