پانۆرامای ڕۆژێک خەباتی گروپی ئاشتی و ئازادی نێودەوڵەتی لە سلێمانی

گروپی ئاشتی و ئازادی نێودەوڵەتی کە ئەندامەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ و داگیرکاری تورکیا سەردانی باشوری کوردستانیان کردووە، پەدەکە لە هەولێر ڕێگری لێکردن بەڵام، لە سلێمانی پێشوازیەکی گەرمیان لێکرا.

گروپی ئاشتی و ئازادی نێودەوڵەتی کە ئەندامەکانیان لە ١٤ وڵاتی ئەورپی پێک دێت، بە مەبەستی رێگریکردنی شەڕی کوردکوژی دژایەتیکردنی داگیرکاری تورکیا  سەردانی باشوری کوردستانیان کردووە، دوای ئەوەی لە هەولێر ڕێگریان لێکرا کار و خەباتی خۆیان بەرێوە بەرن، دوێنی سەر لە ئێوارە سەردانی شاری سلێمانیان کرد و لە لایون گەلی سلێمانی و چالاکوانانی مەدەنیەوە پێشوازیەکی گەرمیان لێکرا.

سەربەلەیانی ئەمرۆ شاندەکە لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و وێرای ئەوەی ڕێگریەکانی پەدەکەیان شەرمەزار کرد داواکاریەکانی خۆیان بە چوار خاڵ خستەڕوو کە ئەمانە بوون:-

١-وەستاندی دەستبەجی داگیرکاری و گۆڕینی دیموگرافی، پاکتاوی نەژادی لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە لە باشوری کوردستان.

٢- وەستاندنی کاولکاری و تێکدانی سروشتی کوردستان.

٣- وەستاندی هەموو جۆرە هاریکاریەکی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان لە جینۆسایدکردنی کوردستان.

٤- لە هەموو حزبە کوردییەکان دامەزراوەکان هاونیشتمانیانی کوردستان یەکبگرن بۆ پشتگیریکردن لە بەرگری گەریلا لەدژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا.

لە درێژەی کار و چالاکیەکانیدا شاندەکە کاتژمێر ١٣  سەردانی مەزاری مام جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراقیان کرد و لە سەر مەزاری مام جەلال، حوسێن یەڵمار سیاسەتمەداری کورد لە سەرناوی شاندەکە قسەی کرد و وتی:" ئێمە سەری خۆمان بۆ خەباتی مام جەلال و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دادەنەوێنین. مام جەلال سەرکردەیەکی هێژای گەلی کورد بوو و هەموو ژیانی خۆی بۆ ئاشتی ئازادی کوردستان تەرخانکرد."

هەروەها ناوبراو وتیشی، ئێمەش لەسەر مەزاری پیرۆزی مام جەلال داوای ئاشتی و ئازادی بۆ  کوردستان دەخوازین، داواکارین کۆتایی بە داگیرکاری بۆ سەر خاکی کوردستان بێت و لایەنە سیاسیەکانیش یەکێتی و یەکڕیزیی ناوخۆیان بپارێزن.

هەر لە چوارچێوەی کارو چالاکیەکانیدا، شاندی ئاشتی و ئازادی کاتژمێر ١٤  سەردانی مەراسیمی شەھید عەباس ئیبراھیمیان کرد لە گەرەکی بەکرەجۆی سلێمانی، لە مەراسیمەکەدا شاندەکە وتیان:"ئەمرۆ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پشتگیری خۆمان بۆ ئێوە ڕابگەیەنین، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بڵێین بەسە بۆ خوێنڕشتن."

شاندەکە ئاماژەی بەوەشکرد، " شاندەکەی ئێمە بۆ یەکێتی و یەکریزی کوردانە ھاتووە بۆ ئەوەی راینگەیەنێت، دەبێت لەم دۆخە مەترسیدارەدا کوردان لە ناوخۆیان یەکریزی بپارێزن، نەک لەم دۆخەدا لە ناوخۆیدا شەری کورد بە کورد بکات."

لە سەر ناو ماڵباتی شەھید، مەھابات ئیبراھیم مەحمود سوپاسی ھاتنی شاندەکەی کرد و وتی: "هیوادارین هیچ ماڵباتێک وەک ئێمە کوڕی خۆی لە دەست نەدات، هیوادارین ھیچ کەسی تر جەرگی نەسوتی، ئێمە شانازی بە شەھیدەکەی خۆمانەوە دەکەین، داوکارین ھەموو گەلی کورد لە دژی داگیرکاری ڕاپەرێت و کۆتایی بە ھێرشەکانی دەوڵەتی تورک بهێنن."

دواتر شاندەکە کاتژمێر ١٧ لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بەشداری چالاکی کەمپینی ئازادی ئۆجەلانیان کرد، شاندەکە پشتیوانی خۆیان بۆ کەمپینەکە ڕاگەیاند و دوایان کرد هەرچی زووە ڕێبەری گەلی کورد ئازاد بێت و وتیشیان ئازادی ڕێبەری ئۆجەلان ئاشتی و ئازادی بۆ گەلانی ناوچەکە دێنێت.

هاوکات گروپی ئاسۆی نوێ چالاکیەکی پێشوازیان بجۆشاندی ئاشتی و ئازادی نێودەوڵەتی ڕیکخستبوو لە پێش باخی گشتی، شاندەکە لە لایەن گروپی ئاسۆی نوێ پێشوازیان لێکرا و ڕەخنەی توندیان لە ڕەفتارەکانی پەدەکە گرت کە ڕێگریان لەو  شاندەی ئاشتی و ئازادی کردوە.

لە هەمان مەراسیمدا شاندەکە سوپای خۆیان بۆ گروپی ئاشتی و ئازادی ڕاگەیاند و وتیان تەنها بە یەکێتی و یەکڕیزی دەتوانرێت کۆتای بە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بهێنرێت، داوایان کرد کە تەواوی پارت و لاینە سیاسیەکان یەکگرتوو بن بۆ ڕاوستاندنی داگیرکاری تورکیا.

کار و چالاکیەکانی ئەو شاندە لە شاری سلێمانی درێژی هەیە و بڕیارە سبەی ١٧ی حوزەیران، بەشداری خۆپێشاندانی جەماوەری شاری سلێمانی ببن کە لەلایەن هونەرمەندانەوە ڕێکخراوە.

ف.ق