پەیەنەکە: نەسرحەریری پلانە دوژمنکارانەکەی خۆی ئاشکراکرد

پەیەنەکە ئەوەی خستەڕوو کە نەسر حەریری پلانی دوژمنکارانەی خۆی بۆسەر کوردان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە بارزانیش بەشداری ئەو پلانەیە.

پارتی یەکێتی نیشتمانی کورد( پەیەنەکە) دەربارەی سەردانی شاندی " ئیتلافی سووری" بۆ باشووری کوردستان ڕاگەیەنراوێکیدا و تێیدا تیشکی خستە سەر ڕاگەیەنراوەکەی حەریری لەکاتی سەردانەکەیدا، ئامانجی سەردانەکە و هەڵویستی پێویست کە دەبێت لەهەمبەری نیشان بدرێت.

پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی نەسر حەریری بۆ هەولێر لە ساڵیادی داگیرکردنی عەفریندا، بە ئاماژەیەکی مەترسیدار وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت: پەیەنەکە پێداچوونەوە بە دیالۆگی کوردی-کوردی دەکاتەوە لەگەڵ ئەنەکەسە.

لە راگەیەنراوەکەی پارتی یەکێتی نیشتمانی کورد ئاماژە بەم خالانە کراوە:

"لە سێیەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە، جێگەی تێڕامانە کە سەرۆکی چەتەکان و شاندێکی یاوەری، سەردانی هەولێر دەکەن و پێشوازییان لێدەکرێت، ئەویش لە کاتێکدا کە لە ڕۆژئاوای کوردستان، دیالۆگێکی کوردی-کوردی، دەستی پێکردوە و هەموان چاوڕێی ئەنجامەکانین.

حەریری، سەرۆک چەتەکان لە سەردانەکەیدا، بە پشتیوانی ئەنەکەسە و مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە، دوژمنایەتیی خۆی بۆ تێکدانی دەستکەوتەکانی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دووپات کردەوە ‌و بە ئاشکرا عەفرین، سەرێکانی و گرێسپیی داگیرکراوی، وەک هەرێمی ڕزگارکراو ناو برد ‌و هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیشی وەک داگیرکەر و چەتەکانیشی وەک ڕزگارکەر وەسف كرد.

ئێمە سەرمان لە قسەکانی حەریری سوڕنامێنێت، بەڵام لە هەڵوێستی ئەنەکەسە کە لەکاتێکدا لە دیالۆگدایە لەگەڵ پەیەنەکە، سەرمان سووڕ دەمێنێت و پەیەنەکە ئەمە وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار دەبینێت و پێویستە جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە دیالۆگی کوردی-کوردی بکات.

هاوکات، ئەمە پیلانگێڕییەکی مەترسیدارە لەسەر گەلەکەمان و دەستکەوتەکانی کە بە خوێنی هەزاران شەهید دەستەبەر بوە، داواش لە سەرجەم بزووتنەوە نیشتمانیی و کوردستانییەکان و سەرجەم گەلەکەمان دەکەین، کە هەڵویستی توند لە دژی ئەم پیلانگێڕییە بنوێنن، هاوکات داوایش لە هەموو لایەنە دیموکراتەکانی سوریا دەکەین، لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ بەتورککردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڵوێستی وەڵامدانەوەیان هەبێت."

ک-ش