رەشاد گەڵاڵی یەنەکەیی: پەدەکە دەیەوێت کەمپی مەخمور چۆڵ بکات

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی قەرەچوخی یەنەکە رەشاد گەڵاڵی باسی لەوەکرد کە پەدەکە سەرەتا ویستی مەخمور کۆنتڕۆڵ بکات، دوای ئەوەی نەیتوانی ئەوە بکات بە هاوکاری تورکیا و بەشێک لە هێزەکانی عێراق ویستی کەمپەکە چۆڵ بکات یاخود رادەستی تورکیای بکات.

لە ٢٠ی ئایارەوە سوپای عێراق بە ژمارەیەکی زۆر لە هێزی سەربازی و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە هەوڵ دەدات چواردەوری کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بگرێت و تەلبەندی و خاڵی سەربازی دروست بکات.

لەبەرامبەردا خەڵکی مەخمور لە ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ چوونە بەردەمیان و رێگەیان پێنەدان. لەو گرژی و ئاڵۆزیانەی هاتنەئارا دوو گەنج برینداربوون. تائێستاش سەرباری هەموو هەوڵەکان خەڵکی مەخمور رێگەیان بە سوپای عێراق نەداوە کە بچنە ناو کەمپەکە و چواردەوری تەلبەند بکەن و خاڵی سەربازی بەودەورەوە سازبکەن.

سەبارەت بە هەوڵەکانی سوپای عێراق و ئەو هێزانەی هاتوونەتە ناوچەکە و پشت پەردەی ئەو بابەتە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی قەرەچوخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) رەشاد گەڵاڵی کە ماوەیەکی زۆر لە ناوچەی مەخمور وەک لێپرسراوی مەڵبەندی یەنەکە کاری کردووە و لە نزیکەوە سەردانی کەمپی پەنابەرانی مەخموری کردووە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.  

'پەدەکە و تورکیا بەشێکی عێراقیان کردووەتە هاوسۆزی خۆیان و بەمجۆرە دەیانەوێت کەمپەکە چۆڵ بکەن'

گەڵاڵی سەرەتا سەرنجی بۆ سەر هاوکاری پەدەکە و تورکیا راکێشا کە عێراقیشیان تێکەڵ بەو پلانە کردووە و وتی، "دوای ئەوەی بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان لەگەڵ پەدەکە و تورکیا رێککەوتن، یەک لەو خاڵانەی لەسەری رێککەوتوون ئەوەیە کە کەمپەکە نەهێڵدرێت. بەلای ئەوانەوە مانەوەی ئەو کەمپە بە واتای بەردەوامبوونی شۆڕشە لە باکووری کوردستان. لەم کاتەدا عێراق بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە دەیەوێت کۆتایی بەو کەمپە بهێنێت. حکومەتی عێراق دابەش بووە بە سەر دوو بەشدا. بەشێک لەگەڵ سەربازەکانە، بەشێکی تریش رێگری لەوە دەکات. وەک چۆن رێگریی لە پەیمانی ٩ی تشرینی یەکەمی نێوان پەدەکە و عێراق لەبارەی شەنگالەوە کردووە، بەهەمان شێوە دەیەوێت رێگریی لەوەش بکات. بە بڕوای من ئەو ئاڵۆزی و گرژیانە بەردەوام دەبن، چونکە ٤ پێشنیاز لەبارەی کەمپەکەوە خراونەتەڕوو".

ئەو داواکاریانەی لەبەرامبەر کەمپەکە لەئارادان

گەڵاڵی بەم جۆرە داواکارییەکان بەرامبەر بە کەمپەکەی پۆلێن کرد: "یەکەم تەلبەند بکرێت، دووەم خاڵی سەربازی لێ دابندرێت، سێهەم تەنیا یەک دەرگا بۆ هاتووچۆ لە کەمپەکە هەبێت، چوارەم بانگەشەدەکەن کە لەناو کەمپەکەدا چەکی تێدایە دەبێت رادەست بکرێن یاخود ماڵەکانی ناو کەمپەکە بپشکێندرێن، ئەوەش هیچ پەیوەندییەکی بە راستی دۆخەکەوە نییە".

فیرقەی ١٤ لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری پێکدێت'

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی قەرەچوخی یەنەکە رەشاد گەڵاڵی لەبارەی هێزەکانی عێراق کە هێنراونەتە ناوچەکە ئەم زانیارییەی راگەیاند: "ئەو هێزەی هێنراوە هێزی فیرقەی ١٤ی عێراقە. لە دوو بەش پێکدێت: هەم وەزارەتی ناوخۆی عێراق  هەمیش وەزارەتی بەرگری تیایدا بەشدارن. هەردوو بەشەکە هاتوون بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بە خەڵکی مەخمور بگەیەنن. بەهۆی یەکگرتوویی خەڵکی کەمپەکە تائێستا نەیانتوانیوە بگەن بە ئامانجەکانیان. تائێستاش پێداگری لەسەر خواستی خۆیان دەکەن. بەهۆی هەڵوێستی خوشک و براکانمان و کچان و کوڕانی کەمپەکە، رێگە بە فیرقەی ١٤ نەدراوە بچێتەناو کەمپی پەنابەرانەوە".

'پارتە سیاسیەکان رایانگەیاندووە کە دژی گرژین و لەگەڵ چارەسەریدان'

گەڵاڵی لەبارەی هەڵوێستی پارتە سیاسیەکانی ناوچەی مەخمور وتی، لە ناوچەکەدا ژمارەیەک پارتی سیاسی وەک یەنەکە، پەدەکە، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو، حزبی زەحمەتکێشان و حزبی شیوعی لێیە. یەکێتی، زەحمەتکێشانی و شیوعی لەسەر ئاستی کۆمیتەکانیان لە مەخمور پەیامێکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا رایانگەیاندووە کە لایەنگری ئاڵۆزی و ناکۆکی نیین و لەگەڵ چارەسەریدان بەرێگەی دیالۆگ. خەڵکی کەمپەکە لەگەڵ هێزە نەتەوەییەکان لە دژی داعش شەڕیان کرد و هاوکارییان کردن لە پاراستنی نەتەوە و شکۆی نەتەوەیی. شەهید دەنیز لەپێناو پاراستنی شکۆ و کەرامەت لە دژی داعش گیانی خۆی بەخشی. حزبی زەحمەتکێشان، یەکێتی و حزبی شیوعی بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ ئەو کردەوە سەربازییە دەربڕیوە و داوایان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، نەیەوەیەکگرتووەکان، حکومەتی عێراق و دامودەزگاکانی هەرێم کردووە کۆتایی بەو جموجۆڵە بهێنن کە ئامانج لێی گەمارۆدان و چواردەورگرتنی کەمپی پەنابەرانی مەخمورە".

'خەڵکی کەمپەکە و ناوچەکە شان بە شانی یەک وەستاون، شین و شاییان پێکەوەیە'

گەلاڵی سەبارەت بە خەڵکی کەمپی مەخمور و ناوچەکە وتی، "خەڵکی کەمپەکە و دانیشتوانی ناوچەکە تەواوکەری یەکترن، هیچ هێزێک نییە ئەوان لەیەکتر داببرێت. لە خۆشی و ناخۆشیدا پێکەوەن. وەک پەنابەر لەوان ناڕوانین، ئەوان خەڵکی ناوچەکەن. زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە ناوچەکە پێکەوە دەژین. لە شین و شاییدا پێکەوەن و لە قۆناغی سەختدا پێکەوە بوون".

'دەبێت مافی پەنابەران لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکاندا پارێزراو بێت'

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەنەکە لە قەرەچوخ رەشاد گەڵاڵی باسی لە مافەکانی پەنابەران کرد و دەستنیشانی کرد کە دەبێت مافی پەنابەران لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییدا پارێزراو بێت و وتی، "ماف و ئازادی خەڵکی مەخمور دەبێت پارێزراو بێت و لە چوارچێوە بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بێت. دەبێت پێداویستییەکانی ژیانیان بۆدابین بکرێت. خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و دروستکردنی خوێندنگەیان بۆ دابین بکرێت. هەروەها پێداویستییەکانی تەندروستییان بۆ دابین بکرێت. بە هەزاران کەس لە ناو کەمپەکەدا دەژین، دەبێت پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، بە بڕوای من رۆژ لە دوای رۆژ دۆخەکە دژوارتر دەبێت".

'پەدەکە بەردەوام ویستیوویەتی کەمپەکە کۆنتڕۆڵ بکات، هەموو دامودەزگاکانی خۆی جێگیرکردووە، خەڵکی کەمپەکە هەرگیز ئەوەی قەبوڵ نەکردووە'

گەڵاڵی لەبارەی هەڵوەێستی نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە وتی، "نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە مەخمور کشاوەتەوە. پەدەکە زۆر هەوڵیدا کە ئەو کەمپە کۆنتڕۆڵ بکرێت. لە نێوان ئیدارەی مەخمور و ئاسایشی مەخمور و شارەوانی کەمپەکەدا دوو داواکاری دژ بەیەک هەبوون. پەدەکە دەیویست بە تەواوەتی کەمپەکە کۆنتڕۆڵ بکات، هیچ کەسێک هیج لێپرسینەوەیەک لەبارەی کەمپەکەوە نەکات و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم لەوێ بخەنە کار. خەڵکی کەمپەکە ئەوەی قەبوڵ نەکرد. لەبەر ئەوەی دەیانزانی کە پەدەکە پلانی هەیە لە گەڵ ئەردۆغاندا رێکبکەوێت. لەبەر ئەوە هەرگیز رێگەیان نەدا پەدەکە بێنە ناو کەمەپەکە و تیایدا جێگیربن. ئەوان هەر لە سەرەتاوە زانیان ئەوە هەوڵدانی پەدەکە و ئەردۆغانە. پلانێکی چۆڵ کردنی کەمپەکە و گەڕاندنەوەیانە بۆ تورکیا. لەبەر ئەوە ئەو داواکارییەی پەدەکە بە هیچ جۆرێک ئەنجامی نەبوو".

'بەهۆی ئەو وشیارییە و پاراستنی ناوخۆیان بەریان بە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش گرت'

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی قەرەچوخی یەنەکە رەشاد گگەڵاڵی مەترسییەکانی داعش و بەرخودانی خەڵکی مەخموری لە رزگارکردنەوەی ناوچەکە بەبیرهێنایەوە وتی: "لەگەڵ هاتنی چەتەکانی داعش بۆ ناوچەکە و دواتر رزگارکردنەوەی بەڕێز مەسعود بارزانی هاتە ناوچەی بازارگە و لەگەڵ هەندێک خەڵکی مەخمور کۆبووەوە. خۆی لە خۆیدا بۆ ماوەیەکی زۆر مەترسییەکانی ئەو گروپە تیرۆریستیانەی داعش لەسەر ناوچەکە هەبوون و هێشیاش بەردەوامە. زۆر جار هەوڵیاندا بچنە ناو کەمپەکە و زیان بە کەمپەکە بگەیەنن. بەهۆی وشیاری و وریاییەوە هەموو پلانەکانیان شکستی هێنا. جارێکیش تیرۆریستەکانی داعش لە رێگەی خەندەقەوە هەوڵیان دا بچنە ناو کەمپەکەوە و خۆیان بتەقێننەوە. ئەو پلانەش شکستی پێهێندرا. دەبوایە لەو دۆخەدا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم وەک ئەرکی خۆیان ئەوانیان بپاراستایە. ئەو ئەرکەیان جێبەجێ نەکرد. ئەوان ناچار بوون خۆیان بپارێزن. کەرامەت و شکۆی خۆیان و ژن و منداڵەکانیان پاراست".

'مەخمور بووەتە هێمای نەتەوەیی ناوچەکە'

گەڵاڵی لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا وتی، "پەیامی من پەیامێکی نیشتمانی و نەتەوەییە. ئەرکی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران لەم قۆناغەدا ئەوەیە هاریکار بن. هەبوونی کامپەکە بۆ ناوچەکە زۆر گرنگە. لەهەموو قۆناغەکاندا پشتی یەکیان گرتووە و دەست لەناو دەست بوون. لەلایەکی دیکەوە بوونە ناسنامەی نەتەوەیی ناوچەکە".

'پەدەکە دەبێت دەست لە بەرژەوەندی سیاسی خۆی هەڵبگرێت، بگەڕێتەوە سەر هێڵی نەتەوەیی، خاوەنداری لە مەخمور بکات، نەک ئەوەی رادەستی تورکیای بکات'

گەڵاڵی رایگەیاند پەدەکە دەبێت کۆتایی بەو کردەوانەی بێنێت کە تەنیا دەکەونە خزمەت بەرژەوەندیە سیاسیەکان، دەبێت بگەڕێتەوە سەر هێڵی نەتەوەیی. لەگەڵ یەنەکە و پارتەکانی دیکەی بەشدار لە حکومەت خاوەنداری لەخەڵکی کەمپی مەخمور بکەن. ئەوەی حکومەت لەدەستی دێت بۆ ئەوانی بکات، ئەوەشی ناتوانێت بیکات لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە داوای بکات. کۆتایی بەو گرژییە بهێنێت کە لە ماوەی رابردوودا لە ناوچەکە دروستی کردووە. پەدەکە لە رێگەی هەوڵەکانی عێراقەوە دەیەوێت خەڵکی مەخمور بێچەک بکات لەکاتێکدا ئەوە بۆ خۆپاراستن بەکاردەهێنن و لەم رێگەشەوە دەیەوێت بەتەواوەتی کەمپەکە رادەستی داعش بکات و زیان بە خوشک و براکانمان بگەیەنێت. هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندی تورکیادایە.

بەو هیوایە کە هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەمیش پەرلەمانی هەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پلەباڵا کۆببنەوە و بە پەیامێک داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و دامودەزگا ناونەتەوەییەکان بکەن کە بەر بەوە بگرن کە دەیانەوێت زیان بە خوشک و براکانمان بگرن. ئێمە وەک یەنەکە لە سەر رێبازی مام جەلال تاکۆتایی لەگەڵ ئەوان داین و لە ناو هەوڵ و چالاکیدا دەبین. لە کام پارچەی کوردستان خوشک و براکانمان پێویستیان بە یەکێتی هەبێت ئێمە لەگەڵیان دەبین".

هـ . ب