ڤیدیۆی شەڕ و گەمارۆدانی پێش شەهادەت؛ مام رەشۆ شوێنی خۆبەدەستەوەدان نییە

ڤیدیۆی دوایین ساتەکانی گەمارۆدانی قارەمانەکانی مام رەشۆ گەیشتە دەستمان. ئەو قارەمانانە لە بریی خۆرادەستکردن بەرەنگاری هێزە داگیرکەرەکانی تورک بوونەوە و بەسەر مردندا رۆیشتن.

٧ گەریلای ئازادیی کوردستان لە ناوچەى مام ڕەشۆ ١٠ رۆژ بە شێوەیەکی قارەمانانە و پاڵەوانانە بەرەنگاری و بەرخودانیان لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر کرد. هەندێک ڤیدیۆی پێش هێرشی کیمیایی سوپای تورکی داگیرکەر بۆ سەر ئەو ٧ گەریلایە بە دەستمان گەیشت.

ناوچەى مام رەشۆ لە ئاڤاشین یەکێک لە یەکەم شوێنەکان بوو، کە کرایە ئامانجی هێرشە داگیرکەرییەکەی سوپای تورک لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١دا. لە شاخی شەهید مونزور لە مام رەشۆ بە پێشەنگایەتیی فەرماندەی گەورە سەرحەد گراڤی (کاموران ئالپسار / جۆلەمێرگ)، روکەن زاگرۆس (سەحەر بینگۆل / جۆلەمێرگ)، ساریا دیار (بشەنگ هەزەر /  شرنەخ)، جانفەدا حەسەکە (شەهباز عیزەدەین سەیدۆ / حەسەکە)، خەبات ئاسۆ (عوبەید مەولودی /  کرماشان)، زەفەر تۆڵهەڵدان (محەمەد عەبدولقادر حوسێن /  قامیشلۆ) و کامەران ئامەد (موستەفا شیمشەک /  ئامەد) ١٠ رۆژ بە شێوەیەکی مێژوویی بەرەنگاری و بەرخودانیان کرد. ئەو ٧ گەریلایە لە یەکەم ساتی هێرشەکانەوە لە سەنگەرەکاندا دەستیان بە بەرەنگاری کرد. ماوەی ١٠ رۆژ بە ئەنجامدانی چالاکی و هێرش بۆ سەر داگیرکەران، بە سابوتاژ و نیشانەشکێنی و بە رێبازی گەریلاکانی سەردەمی نوێ لە زاگرۆس گورزی گەورەیان لە داگیرکەران دا.

سوپای تورک لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵاین و بڕیاری بە هێز و رۆح و ورەی ئاپۆیی فیداییانەى گەریلاکان نەیتوانی هیچ ئەنجامێک بە دەست بهێنێت و هەموو رۆژێک لە ئاسمان و زەمینەوە بۆردومانی چڕی سەنگەرەکانی دەکردن، بەڵام گەریلاکان هەموو تەکنیک و تەکنەلۆژیای سەربازیی دوژمنی داگیرکەریان بە شێوەیەکی شارەزایانە پووچ دەکردەوە.

لە دژی رادەستبوون وەستانەوە

هەندێک ڤیدیۆی کاتی بەرخودانی مام رەشۆ لەلایەن گەریلاکانی هەپەگەوە تۆمار کراوە. لەو ڤیدیۆیانەدا سیاسەتی شەڕی تایبەت و چەپەڵی سەربازانی تورکی داگیرکەر بۆ جارێکیتر و بە باشی روون دەبێتەوە. سەربازانی تورک، کە نەیاندەوێرا نزیک دەمی تونێلەکانی شەڕ ببنەوە لە دوورەوە داوایان دەکرد، "خۆتان رادەست بکەن" و پێیان دەوتن، 'ئەگەر بێنە دەرەوە هیچ زیانێکتان پێ ناگات'. گەریلا قارەمانەکان لە بەرامبەر هەر داوایەکی خۆرادەستکردن لەلایەن سوپای تورکەوە لە ناو تونێلەکانی شەڕدا بە بۆمباکان و تەقاندنی گولـلە بەرەو  دوژمن وەڵامی داواکەیان دەدایەوە و لە دژی رادەستبوون دەوەستانەوە. گەریلاکان لە بریی خۆرادەستکردن بەرخودانی شکۆمەندانە و شەهادەتیان گرتەبەر و تاوەکو دوا ساتی ژیانیان لە تونێلەکاندا بە قارەمانی شەڕیان کرد.

گازی کیمیاییان لە دژی گەریلاکانی ئازادی بەکارهێنا

سوپای تورک هەرچیی لە توانادا بوو کردی، بەڵام نەیدەتوانی بەرخودانی پۆڵاینی ئەو پۆلە گەریلایەی ئازادیی کوردستان  تێکبشکێنێت، لەبەر ئەوەش ئەو سوپای داگیرکەرە وەک پیشەى هەموو داگیرکەران و فاشیستەکان و تاوانبارانی شەڕ قێزەونترین شێوازی شەڕی گرتەبەر و بە گازی کیمیایی هێرشی کردە سەر سەنگەری بەرەنگاریی گەریلاکانی ئازادی. ٧ گەریلا بە پێشەنگایەتیی سەرحەد گراڤی مام رەشۆیان کرد بە قەڵا و ١٠ رۆژ بە بەهێزی و لێهاتووییەوە بەرەنگاری داگیرکەریی سەر باشووری کوردستان بوونەوە و بە گازی کیمیایی شەهید کران.

ئیمە جارێکیتر یادی قارەمانەکانی مام رەشۆ دەکەینەوە:

سەرحەد گراڤی پێشەنگی بەرخودانی مام رەشۆ

سەرحەد گراڤی لەناو خانەوادەیەکی زۆر وڵاتپارێزدا لەدایکبووە. هاوڕێ سەرحەد تایبەتمەندی وڵاتپارێزی هۆزی گراڤی لەخۆ گرتووە و لە منداڵیەوە تەڤگەری ئازادی ناسیوە و کاتێک گەورە بووە دەستی بە خەبات لەناو تەڤگەری گەنجاندا کردووە. لەگەڵ ئەوەی لە زانکۆی دەوڵەتی تورکدا ئاستێکی باشی بەدەستهێناوە، بەڵام سیستمی قڕکەری باش ناسیوە و بۆ شۆرشگێری گۆڕیوە. هاوڕی سەرحەد لە ساڵی ٢٠١١دا رووی لە چیاکانی کوردستان کردووە و بەشداری ریزەکانی گەریلادا کردووە. لە زۆر گۆڕەپانی هەرێمەکانی پاراستنی میدیادا خەباتی پراکتیکی کردووە و بووە بە فەرماندە. هاوڕێ سەرحەد هێڵی گەریلایەتی سەردەمی نوێ بە باشی ناسیوە و هەموو هەوڵەکانی پراکتیزەکردنی ئەو هێڵە بووە. هاوڕێ سەرحەد پێشەنگایەتی بۆ بەرخۆدانی قاڕەمانێتی کرد. پێشەنگایەتی بۆ هاوڕێکانی کرد بە چالاکیەکانی ترسێکی گەورەی لە دلێ دوژمندا دروست کرد.

رووکەن زاگرۆس زوو تێگەیشت و خێرا فێر بوو

هاوڕێ رووکەن زاگرۆس لە گەڤەری جۆلەمێرگ لەناو خانەوادەیەکی وڵاتپارێزیدا لەدایک بوو هاوڕێ رووکەن بە هیوای ئەوەی لە چیاکانی کوردستان ببێتە ژنێکی ئازادی کورد لە ساڵی ٢٠١٤دا بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا کرد. لەو رۆژەوەی کە بەشداری ریزەکانی گەریلادا کرد، بە ئەڤینێکی گەورەوە خەباتی کرد. وەک شەڕڤانێکی یەژاستار لە هەموو بوارێکدا سەرلەنوێ خۆی خوڵقاند. لە زۆر گۆڕەپانی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا خەباتێکی پراکتیکی کرد و لە دڵی هەموو هەڤاڵانیدا جێی خۆی گرت.

ساریا چەکەکەى دیاری برا شەهیدی هەڵگرتبوو

هاوڕێ ساریا دیار لە هەزەخی شڕنەخ لەناو خانەوادەیەکی وڵاتپارێزدا لەدایک بووە. هاوڕێ ساریا لە منداڵیدا زوڵمی دەوڵەتی بینی و بە چیرۆکی قاڕەمانێتی برای خۆی دیار غەفور گەورە بوو. دوای شەهیدبوونی هەڤاڵ دیار، بۆ ئەوەی چەکی هەڵگرێت و تۆڵەی بکاتەوە، بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا کرد. هاوڕی ساریا لە زۆر گۆڕەپان تێکۆشانی کرد، هێڵی تەڤگەری ژنانی ئازاد و میلیتانی لە کەسایەتی خۆیدا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد. هاوڕێ ساریا تا شەهید بوو دەستی لە خەبات و قاڕەمانێتی هەڵنەگرت.

جانفەدا راستییەکانی دەڵەتی تورکی بۆ دەرکەوتبوو

هاوڕێکەمان جانفەدا لە حەسەکە لەدایکبوو و لەناو ئاتمۆسفەری شۆرشگێری رۆژاڤادە لەناو تێکۆشانێکی گەورەدا بوو. بینی کە دەوڵەتی تورک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فاشیزم و دواکەوتوویی دەسەپێنێت و لەبەرئەوەش لە چیاکانی کوردستان بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا کرد. بە وزەی گەنجی خۆی و خاکیبوونی، لە چیاکانی ئاڤاشین بوو بە گەریلایەکی سەرکەوتوو و خاوەن ئەزموون. لە بەرخۆدانی مامرەشۆدا بە شێوەیەکی مێژوویی بەرخۆدانی کرد و شەهید بوو.

خەبات لە ناو راپەڕین و سەرهەڵداندا گەورە بوو

هاوڕێ خەبات ئاسۆ لە شاری کرماشان لە شاری وڵاتپارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوو. بە کەلتوری بەرخۆدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی گەورە بوو و لە ساڵی ٢٠١٨دا بەشداری لە ریزەکانی گەریلاکانی کوردستاندا کرد. لە قەندیل تا ئاڤاشین ئەزموونی گەورەی بەدەستهێنا و رەنجی کێشا. وەک هاوڕێیەکی فیداکار بە شێوەیەکی خاکیبوون بەشداری لە چالاکیەکاندا کرد و لەناو دڵێ هەڤالانیدا جێی خۆی کردەوە.

زەفەر جەنگاوەرێکی نمونەیی بوو

هەڤاڵمان زەفەر تۆڵهەڵدان لە شاری قامشلۆی رۆژاڤای کوردستان لەدایک بوو و لەناو خانەوادەیەکی وڵاتپارێزدا گەورە بوو. لە گەنجێتی خۆیدا بەدوای تێکۆشاندا وێڵ بوو و لە ساڵی ٢٠١٣دا بەشداری ریزەکانی گەریلادا کرد. لە زۆر گۆڕەپان تێکۆشانی کرد و بووە میلیتانێکی سەرکەوتوو و بەهێزی و ئاپۆیی. بەشداری لە زۆر جالاکی لە ئاڤاشین کرد و دوایین جار لە بەرخۆدانی مامرەشۆدا رۆڵێکی مێژوویی بینی و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

کامەران زوو زوڵمی ناسی

هەڤاڵمان کامەران ئامەدیش لە ئامەدی پایتەختی کوردستان لەدایک بووە. هاوڕێ کامەران لەناو خانەوادەیەکی وڵاتپارێزدا گەورە بووە، لە تەمەنێکی بچووکدا رووی راستەقینەی دەوڵەتی تورکی ناسیوە. لە بەرانبەر دەوڵەتی تورک راپەڕیوە و لە ساڵی ٢٠١٩دا بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا کردووە. وەک گەریلایەکی سەرکەوتوو لە ئاڤاشین تێکۆشانی کردووە و لە بەرخۆدانی ئەفسانەیی مامڕەشۆدا جێی گرتووە و وەک ڕۆڵەیەکی کوردی خاوەن شەرەف، جێی خۆی لەناو مێژووی بەرخۆداندا کردەوە.

ژ.ت