"ئەوەی دەگوزەرێت شەڕفرۆشتنی پارتییە بە پەكەكە نەك شەڕی هەرێمی كوردستان"

لایەنە كوردستانییەكان هەرێمی کوردستان دەلێن: "ئەوەی دەگوزەرێت شەڕی پارتییە لەگەڵ پەكەكە نەك شەڕی هەرێمی كوردستان".

 

سەرباری هەوڵەكانی پارتی بۆ تێوەگلانی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان لەو شەڕەی دەیەوێت لە دژی پەكەكە هەڵیگرسێنێت، بەڵام لایەنە كوردستانییەكان جەخت دەكەنەوە كە ئەوە شەڕی پارتیە نەك هەرێمی كوردستان و سەرجەمیشیان شەڕی براکوژی ڕەتدەکەنەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەنگاوە كردارییەكانی پارتی بۆ هەڵگیرسانی شەڕ لە دژی پەكەكە لە سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر دەستیپێكردووە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ پەلامار و لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

پەكەكە دەڵێت، جموجوڵەكانی پارتی لە چوارچێوەی پیلانێگڕییەكانی توركیادا دێت بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و ڕۆژی هەینیش موراد قەرەیڵان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە ڕایگەیاند خوڵوسی ئاكار وەزیری دەرەوەی توركیا لە سەردانەكەیدا بۆ هەولێر داوای لە بەرپرسانی پارتی كردووە بەشداری شەڕ بكەن، ڕوونیشیكردەوە كە پارتیش بڕیاری شەڕی لە دژی پەكەكە داوە.

بەرپرسانی پارتی و میدیای ئەو حزبە هەموو هەوڵێكیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی شەرعییەت بدەنە ئەو شەڕەی كە بە وەكالەت بۆ توركیای دەكەن، هەر بۆیە دەیانەوێت وا نیشانی بدەن كە ئەوە شەڕێكە ڕووبەڕووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، بەڵام هیچ كام لە حزبە كوردستانییەكان ئەو بانگەشەی پارتییان نەسەلماندووە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لە دەستپێكی گرژییەكانەوە لە زاری هاوسەرۆكەكانییەوە جەختیكردەوە لەوەی بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە بەشداری شەڕی براكوژی بكات و هۆشداریشی دا لە  ئاكامە خراپەكانی ئەو هەنگاوە مەترسیدارە.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە كۆبوونەوەی دوێنێشیدا لەگەڵ كونسوڵی گشتی هۆڵەندا هەمان هەڵوێستی دووپات كردەوە و ڕایگەیاند " نابێت ڕێگە بدەین سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر بخرێتە مەترسییەوە."

ڕاشیگەیاند "گرتنەبەری شەڕ و ڕێگەی سەربازی كێشەكان چارەسەر ناكات، پشتیوانیی ڕێگەی ئاشتی و زمانی دیالۆگین بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكان."

لاهور شێخ جەنگی وتیشی: "ئێمە ڕامانگەیاندووە كە بە هەموو شێوەیەك دژی شەڕی براكوژین."

بزوتنەوەی گۆڕانیش تا ئێستا دانی نەناوە بەوەی ئەوەی دەگوزەرێت شەڕێك بێت لە  نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەكەكەدا.

سیاسەتی كاركردنی میدیای فەرمیی كۆمەڵی دادگەریش بە هەمان ئەو ئاڕاستەیە كە ئەوەی ڕوو دەدات شەڕی پارتییە بەرامبەر بە پەكەكە.

ئەمینداری گشتی یەكگرتووش لە پەیامێكیدا ڕایگەیاند " شەڕ نیشانەی شكستی لایەنەكانە، بۆیە ئازا ئەوەنیە هەڕەشەی شەڕ بكا، بەڵكو ئازا ئەوەیە هونەری چارەسەری ئاشتییانە بەكاربهێنێ و خەمی نەڕشتنی دڵۆپێك خوێنی بێ".

نەجات عومەر ئاغای سورچی سەرۆکی پارتی پارێزگارانی کوردستانیش لە پەیامێكدا ڕایگەیاند "پێمان وایە  کە شەڕ لە بەرژەندی هیچ لایەنێک نابێت و لە  ئەنجامی ئەم بەریەک کەوتنە دا بە زەرەرمەندی هەردوو لاتان تەواو دەبێت، بە  سود و قازانجی دوژمن و ناحەزانی گەڵی کورد کۆتایی دێت" و داواشی لە پارتی و پەكەكە كرد "بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دەست بکەن بە دانوساندنی ئاشتیانە و  برایانە  کە لە بەرژەوەندی تەواوی گەڵی کورد  و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان دەبێت."

هەڵوێستی ئەو لایەنە كوردستانییانە دەریدەخات كە ئەوەی هەیە گێچەڵی پارتییە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی براكوژی لەسەر خواستی توركیا.

لای خۆشیەوە سیاسەتمەدار فایەق گوڵپی ڕایگەیاند پارتی لە هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا بە تەنیا ماوەتەوە و تەنیا ئەوە پشتیوانی توركیا دەكات، بۆیە هیوای خواست پارتی دەستبەرداری سیاسەتی دژایەتیكردنی شۆڕشی باكووری كوردستان بێت و "بێتە ڕیزی گەلەوە".

ف.ق