ئه‌مساڵ ھەنگەوانانی كوردستان بێ ھەنگوینن

به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی ڕابردوو به‌رهه‌می هه‌نگوین له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌می كردووه‌. هه‌نگه‌وانانیش ئاماژه‌ بۆ چه‌ندین هۆكار ده‌كه‌ن كه‌ وایكردووه‌ هه‌نگه‌كان به‌شی بژێویی خۆیشیان نه‌توانن هه‌نگوین به‌رهه‌م بێنن.

ھەر لە مێژەوە ھەنگ یەکێک لەو بوونەوەرانه‌ بووە کە لە کوردستان بەخێو کراوە و ھەنگوین وەک بەروبوومێکی خۆماڵی کوردستان، بەرھەمی ھەنگەوانان و جووتیاران بووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ھەنگوین یەکێک لە باشترین و قازانجترین خۆراکەکانە بۆ تەندرووستیی مرۆڤ و لە لایەنی پزیشکییەوە زۆر جێی بایەخە.

لەم ساڵانەی دواییدا کە په‌یوه‌ندی و ھاتووچۆ لە نێوان وه‌ڵاتان و ناوچەکان ئاسان بووه‌ و زیادی کردوە، ھەناردەکردنی ھەنگوین بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان و ته‌نانه‌ت وه‌ڵاتانی دیکەش پەرەی سەندووە، ھەربۆیەش بەخێوکردنی ھەنگ ڕووی لە زیادبوون کردووە و ساڵ بە ساڵیش ئەم ئیشە پەرە دەستێنێت و زیاتر خەڵکان ڕوو لە بەخێوکردنی ھەنگ دەکەن.

بەڵام لە ئەمساڵدا و بە گوێرەی وتەی ھەنگەوانان، بەرھەمی ھەنگوین زۆر کەم بووە و تەنانەت ھەندێک ھەنگەوان باس لەوە دەکەن کە ھەندێک لە خەڵەفە ھەنگەکان تەنانەت نەیانتوانیوە بژێوی خۆشیان دابین بکەن. سەرەڕای ئەوەش بەشێکی زۆریان نەخۆش کەوتوون و لەناوچوون و خەڵەفەکەیان بە چۆڵی ھێشتووه‌تەوە. به‌م شێوه‌یه‌ زیانێکی زۆر به‌ ھەنگەوانانی کوردستان کەوتووە و لە لایەکیشەوە بووه‌تە ھۆی ئەوەی کە نرخی ھەنگوین لە ئەمساڵدا به‌رز بێته‌وه‌.

بە ڕای زۆریەک لە ھەنگەوانانی كوردستان، ھۆکاری کەمی ھەنگوین دەگەڕێتەوە بۆ بارانی زۆری ئەمساڵ. ئەوان لایان وایە کە بارانە یەک لە دوای یەک و نەبڕاوەکانی بەھاری ئەمساڵ شیلە و گەزۆی ھەرچی گیا و دارە شۆردوویەتیەوە و ھیچ خۆراک یان ھەڵاڵەیەکی بۆ ھەنگەکان نەھێشتووه‌تەوە. ھەر ئەوەش بووه‌تە ھۆی ئەوەی کە ھەنگەکان ھیچیان بۆ ھەڵاڵەگرتن دەست نەکەوێ و لە ئاکامیشدا بەرھەمی ھەنگوین بەشێوەیەکی بەرچاو دابه‌زێت.

ئەمە تەنیا ڕای ھەنگەوانانە کە بەشێکیان ئەزموونێکی زۆر و بەرچاویان لەو بوارەدا ھەیە و چەندین ساڵە خەریکی ئەو كاره‌ن. بەڵام لە ڕاستیدا وێناچێت ھیچ توێژینەوەیەکی مەیدانی یان زانستی لە لایەن پزیشکی ئاژه‌ڵان (ڤێرتێرنه‌ری)یەوە بۆ ئەم کێشەیە کرابێت کە دەرکەوێت چەندە ڕای ھەنگەوانان لە ڕاستییەوە نزیکە. چونکە نە لە فەزای مەجازیدا شتێکی ئەوا نووسراوە سەبارەت بەم کێشەیە و نە لە خودی ناوچەکەش کەسی پسپۆڕ لەو بواردە بەرچاو دەکەوێت کە ھەوڵێکی توێژینەوەی دابێت.

لەھەر حاڵدا بارودۆخی ھەنگەوانانی کوردستان لە ئەمساڵدا باش نییە و زۆربەیان بۆ دەرمانیش ھەنگوین لە ماڵیاندا دەست ناکەوێت!

s.m