ئیمام شیش بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان ریبەری گەلی کورد ماوەى ٦٣ رۆژە لە شاری نیوپۆرت لە هەرێمى وێڵزی بەریتانیا لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە. کوردستانیان و دۆستەکانیان بە بەردەوامى سەردانى ئیمام شیش دەکەن و پشتیوانى لە خۆی و چالاکییەکەى و داواکانى دەکەن.
لە چوارچێوەى پشتیوانییەکاندا ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) لەگەڵ شاندێکى یاوەریدا سەردانى ئیمام شیش-ی مانگرتووی کرد و رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە دەبێت گۆشەگیری نەمێنێت.
ئیلهام ئەحمەد لە شاری نیوپۆرت لەلایەن ژمارەیەکى زۆر لە کوردستانیانەوە پێشوازیى لێکرا و دواتر لە ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لەگەڵ ئیمام شیش و کوردستانیاندا بۆ ماوەیەکى دوورو درێژ گفتوگۆیان کرد.
یەکێکى تر لەو کەسانەى کە دوێنێ سەردانى ئیمام شیش-ی مانگرتووی کرد، زەینەب ئاکسۆی دایکی فیراز داغ (محەمەد ئاکسۆی) و خوشکی ئاکسۆی بوون. فیراز داغ ناسراو بە محەمەد ئاکسۆی لە رەقا شەهید بوو بوو.
ر.م