ئەهۆن چیاکۆ: ڕۆژی هەڵوەشاندنەوەی داگیرکەری و ڕزگاریی نەتەوەییە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەهۆن چیاکۆ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریى کۆدار لە چاوپێکەوتنێکی دا لە گەڵ ئاژانسەکەماندا، هەڵسەنگاندنی بۆ ڕووداو و ئاڵوگۆرەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

ئەهۆن چیاکۆ ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری کۆمەڵگای دیمووکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند: "لە هەر کات زیاتر ئەمڕۆ ڕۆژی هەڵوەشاندنەوەی داگیرکەرییە لە ئێران، لەهەمان کاتیش دا ئەمڕۆ ڕۆژی ڕزگاریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە بۆ گەلی کورد و گەلانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. لە لایەکی دیکەشەوە ئەمڕۆ دەرفەتی تێکۆشانێکی شۆڕشگێڕی هەتا ئاستی ڕاپەرینێک لە ئارادایە."

ئەهۆن چیاکۆ چەند فاکتەرێک بۆ وەچەرخانی ئێستا کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "چەند فاکتەر هەن، یەکەمینیان پشت بەستن بە هێزی جەوهەریی گەل، کە کۆمەڵگایە. فاکتەرێکی دیکە هەبوونی هێزێکی شۆڕشگێرییە کە ڕێنوێنی ڕاست بخاتە بەردەم کۆمەڵگا. لەهەمان کاتیش دا دیاریکردنی ناوەندی ڕاستی تێکۆشان. ئەمڕۆ لە کوردستاندا ناوەندی ڕاستی تێکۆشان چیاکانی کوردستان و ناو کۆمەڵگایە. بۆ پێشخستنی پۆتانسێلی پاراستن و پۆتانسێلی شۆڕشگێری لە چیاکانی کوردستان دا پێویستمان بە تێکۆشانێکی گەورە هەیە. لە هەمان کاتیش دا پێویستمان بە خەباتێکی هاوبەشی کۆمەڵایەتییە کە لە ناو خودی کۆمەڵگادا هەبێت. ئەو دوو ناوەندە واتە چیاکانی کوردستان و خودی کۆمەڵگا دەتوانن شۆڕشێک بئافرێنن و لە ئێستاشدا دەرفەتی پاراستن و هێزی شۆڕشگێری و پێشەنگمان هەیە."

ناوبراو ئەوەش دەڵێت: "ئێستا دەرفەتی کارابوون و بڕیاردانی ڕاست هەیە، کە بە شێوازێکی ڕاست کۆمەڵگا بە ڕێکخستن بکرێت، لە لایەکی دیکەشە پێویستی بەوە هەیە کە بەڕاستی لەگەڵ پاراستنی ئەخلاقی شۆڕشگێڕی و لەهەمان کاتیش دا پەرەنسیپەکانی ڕزگاریی ئازادیخوازی، نەرمبوونێکی سیاسی تاکتیکی هەبێت بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی نەخاتە ناو گۆشەگیرییەوە و مرۆڤ بتوانێت بەپێی پێویستیی ئەو تێکۆشانە پەیوەندیی ستراتیژی و تاکتیکی پێشبخات. هەر بۆیە دەبێت پشت لە کۆمەڵگا هەڵنەگیرێت و ڕوو لە هێزی دەرەکی بکرێت، چونکە ئەوە نەڕاستە. سیاسەتی ڕاست هێزی کۆمەڵگایە، هێز گەلە، نابێت کەس لە ئێستادا خۆی بخاتە گۆشیرییەوە و دەرفەتی پەیوەندی و هاوپەیمانی ستراتیژی و تاکتیکی لە خۆی بگرێت."

"داگیرکەری ئیران شکستێکی گەورەی ئایدۆلۆژی خواردووە"

لەبارەی قەیرانە ناوخۆییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران ئەهۆن چیاکۆ دەشڵێت: "ئێمە دەزانین داگیرکەری ئێران لە قەیرانێکی زۆر قوڵ دایە، مەخابن هەرکەس دەیەوێت تەنیا ئەوەی کە ئێران لە تەرەفی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دەرەوە کە هەڕەشەی لەسەر دەکرێت، ئەمە بەرجەستە بکات. بەڵام لە ڕاستی دا خاڵی لاوازی ئێران ناوخۆیەتی. داگیرکەری ئێران شکستێکی گەورەی ئایدۆلۆژی خواردووە."

چیاکۆ ئەوەش دەخاتە ڕوو: "داگیرکەری ئێران ئیدی ناتوانێت بە دەوڵەت نەتەوە و مەرکەزیەتی ئەتنیکی فارس و زمانی فارسی ڕێگری لە داخوازیی گەلانی ئێران بەتایبەت گەلی کورد بگرێت. بەڵکو پێشتر گەلی کورد بە ئاوایەکی کارا لە ساحە و لە مەیدان بوو، بەڵام ئێستا لە ئیلهام وەرگرتن لە تێکۆشانی گەلی کورد گەلانی دیکەی ئێرانیش هەستاون و داخوازییەکانیان پێشکەش دەکەن. ئاستی گەلی کوردیش وەک ڕابردوو نییە. گەلی کورد لەهەموو بوارەکاندا ئەمڕۆ خاوەنی هێزە، خاوەنی هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خاوەنی هێزێکی ڕاستەقینەی پاراستنە. گەلی کورد ئەمڕۆ خاوەنی هێزێکی ئایدۆلۆژییە، کە ئەو ئایدۆلۆژیایەی لەگەڵ دنیا ئەمڕۆدا یەک دەگرێتەوە."

ناوبراو باسی ئەوەشی کرد: "داگیرکەری ئێران ناتوانێت بە حقوق و قانونی شەریعەتمەدارانە لە گەڵ کۆمەڵگا هەڵسووکەوت بکات، بەتایبەت لەگەڵ ژناندا، ژنانی ناو ئێران بەتایبەت ژنی کورد ئیتر چاوی بە ئازادی کراوەتەوە و ئیتر ئەو کۆیلەیەتیەی کە بەسەریدا فەرز دەکرێت قبوڵناکات، ئێمە دەزانین لە هەموو تێکۆشانەکاندا ڕۆڵی پێشەنگایەتییان هەیە. شێوازی تۆتالیتاریستی کە ڕژێمێکی یەک دەستی ئایدۆلۆژی دروست دەکەن و هەموو دەرگاکانی سیاسەت و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و مەدەنی دادەخەن، ئەویش کۆتایی پێهاتووە، گەلانی ناو ئێران بەتایبەت گەلی کورد ئەمڕۆ دەیەوێت سۆبژەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی بێت و چارەنووسی خۆی خۆی دیاری بکات و خۆی بڕیار لەسەر خۆی بدات.

چیاکۆ راشیگەیاند: "دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە لایەکی دیکەشەوە لەشکستێکی گەورەی ئابووری دایە، ئەم ناکۆکییانە خاڵی لاوازی داگیرکەری ئێرانن. لەلایەکی دیکەشەوە ئێمە دەزانین سیاسەتی مەنتیقەیی ئێران، کە هەڵی بژاردووە تاوەکو لە دوو هەزار کیلۆمەتر لە دەرەوەی سنووری خۆی دوژمنەکانی خۆی زەمین گیربکات، لە ئێستادا ئەو زەمینەشی لەدەست دەرچووە. هەر بۆیە هیچ ڕێگا چارەیەک بۆ داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران نەماوەتەوە."

"باڵباڵێن هیچ سوودێکی بە داگیرکەری ئێران ناگەیەنێت"

ئەهۆن چیاکۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باس لە وە دەکات کە کۆتایهاتنی داعش بۆ خۆی هۆکارێکە کە ئیتر ئێران نەتوانێت لە مەنتیقەکەدا ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە بەرێ هەیبوو پەرەی پێبدات. لە بەردەوامی قسەکانی دا ناوبراو ئەوەشی وت: "لەلایەکی تریشەوە جیا لە کێشەی ناوخۆیی و کێشەی هەرێمی لەگەڵ دونیای دەرەوشەدا لە کێشەیەکی قوڵدایە، لەگەڵ هەردوو باڵی دنیای دەرەوە لە کێشەیەکی قوڵ دایە، لەبەر ئەو ئایدۆلۆژیا کۆنەپەرست و دواکەوتووە داگیرکەرییەی کە هەیەتی لە گەڵ باڵی دیموکراسی و ئازادیخوازی لە کێشەدایە، ، هەم لەبەر سیاسەتی بەقەولی خۆیان تەوسەعە تەڵەبی و سنووری ئینقلابی خۆفراوانکردن لەگەڵ هێزەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لەناو ناکۆکی دایە. بێگوومان مرۆڤ دەبێت بزانێت، کە خاڵی سەرەکی پاژنەی ئاشیلی داگیرکەری ئێران و کۆماری ئیسلامی خۆیەتی، واتە ناوخۆیەتی."

ناوبراو وتیشی: "ئێران دەیەوێت بە هەندێک هەنگاو خۆی بپارێزێت، ئێمە دەزانین ساڵی ڕابردوو هەندێک تاکتیکیان پێشخست. بە درێژایی ئەم (٤٠) ساڵەی کۆماری ئیسلامی هەم کارەکتەری ناکۆک لەناو دەوڵەتی داگیرکەری ئێراندا دروستبووە، هەمیش بەرژەوەندیی ناکۆک. دوو تیپ هەیە لە ناو سیستمی دەڵەتی داگیرکەری ئێراندا، یەکەم تیپی کۆنەپارێز و چەقبەستوو، دووەم تیپێکی لیبڕاڵ و نیۆ لیبڕاڵ هەیە. ئەگەر چی ئەمانەش هەر کۆنە پارێزن، بەڵام ئەمان دەیانەوێت لەگەڵ دەرەوەدا هەندێک کراوەبن. سەرەڕای ئەمانەش ناکۆکیی بەرژەوەندی هەیە. ئەو تیپە کۆنەپارێزە کە بەزۆری بە ئوسولگەرا ناوی دەبەن ئەوانە باسکی ئایدۆلۆژین لە کەسایەتی ئەو ئاخوندانەی کە دەناسرێن، هەمیش باڵێکی سەربازی هەیە کە سوپای پاسدارانە. ئەمە باڵە هەم ناکۆکییان هەیە لەگەڵ باڵی بیرۆکرات و ئەوانەی دەیانەوێت لەگەڵ دەرەوەدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی خۆیان دانوستاندن بکات، هەمیش لەبواری ئابووریشەوە ناکۆکییان ئەیە، باڵی یەکەم زیاتر خۆی لە ئابوورییەکی داخراوی ناخۆی دا دەبینێتەوە، باڵی دووەم دەیەوێت ئێران لە ناو نیۆلیبڕالیزمی جیهانی دا هەندێک ئابووریی خۆی بەهێز بکات. ساڵی پار هەوڵیان دا کە ئەم دوو باڵە ڕێک بخەنەوە، بەڵام بۆیان نەچووە سەر. لە ئێستادا ئەم دوو باڵە زۆر لەیەک دوورن ئەگەر سەیر بکەین ئێستا زۆر یەکتری تەشهیر دەکەن و دژی یەک دەوەستنەوە. بەتایبەت لە کاتی هاتنی ئەم لافاوەدا هەندێک هەیە زۆر لە دژی یەکتری دەخوێنن."

ئەهۆن چیاکۆ باسی ئەوەشی کرد: "ئەگەر هێزە موداخەلەگەرەکانیش بیانەوێت لەسەر ئێران دەست بکەنەوە لەسەر ئەو مووخالەفەتە ناوخۆییە و لەسەر ئەو لاوازییەی کە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە ناوخۆدا هەیەتی حسابی خۆیان دەکەن. کەواتە بۆ هێزی شۆڕشگێڕی حساب نەکات لەو لاوازییەی کە ئەمڕۆ سیستمی داگیرکەری ئێران تێدایە، هێزە شۆڕشگێڕەکان دەتوانن بە شێواز و تەحلیلی ڕاست لەو دەرفەتە سوود وەرگرن. بەڵام ئەگەر هێزی شۆڕشگێڕی شرۆڤەی ڕاستی نەبێت، چەندە داخوازیی گۆڕانکاریشی هەبێت، ئەگەر پشت بەو فاکتەرانەی پێشتر ئاماژەم پێدا، کە پشتبەستن بە هێزی جەوهەری گەل، پێشەنگایەتییەکی ڕاست و شۆڕشگێڕی، دیاریکردنی ناوەندی ڕاستی بڕیاری ڕاستی شۆڕشگێڕی لە هەمان کاتدا لە پۆلەتیک و سیاسەت دا نەرم، بەڵام لە پێوانەی ئازادیدا پێداگری ئەگەر ئەوانە ئەساس نەگرێت دەتوانرێت داگیرکەر و فاشیستێک لابچێت و داگیرکەرێک و فاشیستێکی نوێ بێتە سەرکار."

ئەوەشێ وت: "دەبێت ئێمە نەکەوینە ئەو تەوەهومەی کە دەستێک لەدەرەوە دێت و ئەو دێوەمان لەسەر لادەبات و دواتر هەموو شتێک بۆ ئێمە ئاسایی دەبێت، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا نموونەی ئەوەمان هەیە کە شەرت نییە ناکۆکییەکان ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی فاشیستێک بچێت و سیستمێکی عادل و کۆمەڵگا میحوەر دابمەزرێت."

"بە تیرۆرست ناساندنی سوپای پاسداران شتێکی نوێ نییە کە ئەمریکا کەشفی کردبێت"

ئەهۆن چیاکۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا دەربارەی خستنە ناو لیستی تیرۆری سوپای پاسداران بۆچوونی کۆداری ئاشکرا کرد و وتی: "ئەمریکا دەیویست لە ڕێگای باڵی نیۆلیبڕاڵەکانەوە، باڵی کۆنەپارێزی ئێران لاواز بکات، دوای هەوڵدانێکی زۆر ئەمریکا کە زانیی ناتوانێت ئەمە بکات هات و سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە. دەبێت بۆ هەندێک کەس خستنە ناو لیستی تیرۆری سوپای پاسداران نوێ بێت، بەڵام بۆ ئێمەی گەلی کورد شتێکی نوێ نییە، گەلی کورد هەر لە یەکەمین ڕۆژی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سوپای پاسدارانی وەک تیرۆرست بینیووە و لە دژی ئەو لەناو تێکۆشاندا بووە، ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو، کە تێکۆشانێک کۆدار و پەژاک بەڕێوەی دەبەن تێکۆشانێکە دژی کۆنەپەرستی و تیرۆر، کەواتە تێکۆشانی ئێمە تێکۆشانێکی حەق و شێوازێکی ڕاستی خەباتە."

ناوبراو ئەوەشی دەخاتەڕوو: "خستنە ناو لیستی تیرۆرەوە کاریگەریی لەسەر دەرەوەی ئێران دەبێت، پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران ئیتر لەکەدار دەبن و ڕەوایەتییان نامێنێت، ئەو سیاسەتەی کە لە دووریی ٢ هەزار کیلۆمەترەوە ئێران خۆی دەپارێزێت ئەمەش نەما، ئێران لە ئێستادا زۆر تەنگاوە، هەر بۆیە لەناو هەوڵدانە کە خۆی لەم تەنگانەوییە ڕزگار بکات، ئایا دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات؟ بێگومان نەخێر، چونکە ئێران کاتێک هێزی دەرەوەی خۆی لەدەست بدات دێتەوە ناوخۆی خۆی و لە ناو خۆشدا دەکەوێتە ناو کائیوسێکی (قەیرانێکى) دیکەوە.

لە کۆتای قسەکانیدا ئەهۆن چیاکۆ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆدار دەڵێت: "یەک ڕێگا هەیە، ئەویش ئیرادەی گەلانە. ئەگەر کارا بێت دەتوانێت داخوازیی گەلان دابین بکات و چارەنووسییان دیاری بکات."

ر.م