تەرمی مام زەکى شەنگالی لە مەراسیمێکى بە شکۆدا بە خاکسپێردرا

تەرمی زەکى شەنگالی ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى ئێزدییەکانى شەنگال و ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە، بە بەشداریى هەزاران کەس و لە مەراسیمێکى بە شکۆدا لە مەزارگەی شەهید دڵگەش و بەرخۆدان بە خاکسپێردرا.

تەرمی زەکی شەنگالی ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵگەى ئێزدی، کە لە ١٥ى تەباخ / ٢٤ى گەلاوێژ دا بەهۆى هێرشى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا لە گەلیى شلۆ لە شەنگال شەهید بوو بوو، لەلایەن هەزاران کەسەوە لە خانەسۆرەوە بەرەوە سەردەشت لە چیاى شەنگال بەڕێکرا. دواى ئەوەى تەرمەکە گەیشتە چیاى شەنگال، لە گوندی کۆلکا تەرمەکە خرایە سەر شان و بە شان برایە مەزارگەى شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان و لەوێ لە مەراسیمێکى بە شکۆدا بە خاکسپێردرا.

 هاوژینى مام زەکى شەنگالی، کوڕ و برا و بنەماڵەکەى، هەزاران هاووڵاتی لە مەخمور و باشووری کوردستانەوە بەشداری مەراسیمەکە بوون.

لە مەراسیمەکەدا پۆستەرى مام زەکى شەنگالی، ئاڵاکانى یەکینەکانى بەرخۆدانى شەنگال (یەبەشە)، یەکینەی ژنانى شەنگال (یەژەشە) بەرزکرابوونەوە. هەروەها دروشمەکانى "شەهید نامرن"، "ئەی شەهید خوێنەکەت لە عەرد نامێنێتەوە" و "زەکى نەمرە" دەوترانەوە.

هەروەها مەراسیمێکى سەربازی لەلایەن شەڕڤاناى یەبەشە و یەژەشەوە ئەنجامدرا و چەند وتەیەک پێشکەش کران.

زەردەشت شەنگالی یەکێک لە فەرماندەکانى یەبەشە وتى: "ئێمە سەرەخۆشى لە گەلی کورد و بنەماڵەى مام زەکى دەکەین. مام زەکى لە ئەنجامى هێرشێکى ترسنۆکانەدا شەهید بوو. مانگى تەباخ (ئاب) بۆ ئێمە مانگى کۆمەڵکوژییە. لەبەر ئەوەیە لەم مانگەدا مام زەکییان کردە ئامانج. مام زەکى کۆڵەکەى کۆمەڵگەى ئێزدى بوو. سیمبولی کۆمەڵگەى ئێزدى بوو. خواستیان لە کەسایەتیى مام زەکى دا هەموو کۆمەڵگەى ئێزدى پاکتاو بکەن. مام زەکى بۆ یەکێتیى ئێزدییەکان و پاراستن و تۆکمەکردنى شەنگال ٢٤ کاتژمێر لە هەوڵدا بوو و تێدەکۆشا. رۆڵی یەکێتیى لە نێوان حیزب و رێکخستنەکاندا دەگێڕا. تاوەکو ئێمە نەگەینە ئامانجەکانى مام زەکى دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین. ئێمە بست بە بست، کۆڵان بە کۆڵان و شەقام بە شەقام شەڕ بۆ پاراستنى کۆمەڵگەى ئێزدى دەکەین. ئەمڕۆ جگە لە بەرخۆدان هیچ رێگا و چارەیەکمان نییە. جگە لە بەرخۆدان هیچى دیکەمان لە بەردەمدا نییە".

دواى ئەوەش هاوژینى زەکى شەنگالی بە ناوى بنەماڵەى مام زەکى شەنگالییەوە وتەیەکى پێشکەش کرد و وتى: "با دەوڵەتى تورک باش بزانێت ئێمە هەرگیز هەنگاو بۆ دواوەوە هەڵناگرین. ئێمە هەرگیز دەستبەرداری دۆزەکەمان نابین. ناتوانن بە شەهیدان چاوترسێنمان بکەن".

هەروەها سوڵتان یڵدز بە ناوى کەمپى شەهید رۆستەم جودی و بنەماڵەى رێکخراوى شەهیدانى کەمپەکەوە وتى، سەرەتا سەرەخۆشى لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد، گەلی کورد، گەریلا، هەڤاڵەکانى دەکەم. وتیشى، لەبەرامبەر هێرشەکاندا سەر دانانەوێنین.

فەرید حەربۆ هاوسەرۆکى گشتیى بەڕێوەبەریى شەنگال وتى: "ئێمە وەک گەلی شەنگال رێگا نادەین خوێنەکەى شەهید زەکى بە فیڕۆ بڕوات. با دوژمن باش بزانێت ناتوانن بە شەهیدکردن ئێمە لە یەکتر داببڕن. ئێمە خەونى زەکى شەنگالی بۆ دامەزراندنى شەنگالێکى خۆبەڕێوەبەر بەدی دەهێنین. خەونەکەى یەکێتیى گەلی ئێزدى بوو".

دووبار بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانانە کرا کە لە دوورەوە چووبوون بۆ شەنگال و مەراسیمەکەش بە دروشمى "شەهید نامرن" کۆتایى پێهات.

رێگا بە گەلی رۆژئاوا نەدرا بەشداریى مەراسیمەکە بکەن

هاووڵاتییانى باکووری سوریا بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمى بە خاکسپاردنى تەرمی مام زەکى شەنگالی دا بەرەوە شەنگال کەوتبوونەڕێ، بەڵام هێزەکانى عێراق لەسەر سنوور رێگرییان لێ کردبوون و نەیانهێشتبوو بپەڕنەوە بۆ شەنگال. هاووڵاتییان تاوەکو ئێوارە لەسەر سنوور مابوونەوە و چەندین ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و چەندین دروشمیان بەرزرکردەوە  دواتر بە خوێندنەوەى راگەیانداروێک، گەڕانەوە.  

سبەی لە سەردەشت لە چیاى شەنگال پرسە بۆ مام زەکى شەنگالی ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەری گشتیى کۆمەڵگەى ئێزدییەکان دادەنرێت.

ر.م