بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ محەمەد ئەمین پێنجوێنی

بە بۆنەى ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد زنجیرەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەى باشووری کوردستان بڵادەکەینەوە، کە کاتی خۆی بۆ ماوەیەک لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا ژیاون.

لە ماوەی کۆتایی ساڵانی ١٩٨٩ تا کۆتایی ساڵانی ١٩٩٨ کۆمەڵیک لە سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، چالاکوانی مەدەنی، ڕۆشنبیر و کادری پەکەکە-ی باشووری کوردستان سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان کردووە و لە ئێستادا یادگاری و یاداشتەکانی خۆیان لەسەر ژیان و کەسایەتیی ڕێبەر ئۆجالان دەگێرنەوە و تێروانینی خۆیان لەسەر ئەو کەسایەتییە دەردەبڕن. ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لە ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ بەشێک لەو کەسایەتییانە زنجیرە چاوپێکەوتنى ئەنجامداوە.

محەمەد ئەەمین پێنجوێنی یەکێک لەو کەسایەتییانە و وتی: "من لەسەر بەڵێنی خۆم بۆ ئۆجالان سوربووم. بەپێی توانای خۆم ئەوەی بۆم کرابێت کەمتەرخەمیم نەکردووە. توانیم نامەی ئۆجالان بەرم بۆ لای سەرۆکی نەتەوە یەکگرتوەکان پترۆز غالی و پاپای ڤاتیکان".

محەمەد ئەمین پێنجوێنی یەکێک لە سیاسەمەتدار و کەسایەتییە چەپەکانی باشووری کوردستانە، کە پێش ئاشنا بوون بە پەکەکە و سەرۆک ئاپۆ ئەندامی حزبی شیوعی بوە، دواتر لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩١ کادرانی پەکەکە لە شاری هەولێر دەناسێت، بۆ جاری یەکەم لە مانگی شوباتی ١٩٩٢ دەچێت بۆ ئاکادیمیای مەعسوم قورقماز لە دوای ئەوەشەوە تا ساڵی ١٩٩٩ چەند جارێکی تر سەردانی سەرۆک ئۆجالان دەکات لە شام و بیقاع و ڕۆما. پێنجوێنی بیرەوەرییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە لەگەڵ سەرۆک ئۆجالان و ئێمەش کورتەیەک لە کرۆکی بیرەوەرییەکانی پێنجوێنی لەگەڵ سەرۆک ئۆجالان بۆ ئێوە دەخەینەڕوو.

دەربارەی یەکەم ئاشنابوونی بە فکر و کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆ محەمەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت: ئێمە لەمەو پێش لە ئەدەبیاتی پەکەکە و ئەو نوسینانەی لەسەر ئۆجالان ئەنوسرا و تەنانەت ئەوەشی کە دووژمن لەسەریانی دەنوسی هەمویم خوێندەوە، من لە ئەنجامی ئەوە تێگەیشتم کە بەڕێز ئۆجالان فکرێکی نوێ و تازەی پێیە لە سیاسەت و حزبایەتی کوردی. ئۆجالانیش سەرکردەیەکی نمونەییە کە هەندێک تایبەتمەندی دیکەشی هەیە کە لە سەرکردەکانی دیکە بوونی نییە.

پێنجوێنی سەرنج دەداتە چەن جیاوازییەک کە لە ڕێبەر ئاپۆدا هەیە و لە سەرۆکەکانی تری کورددا بوونی نییە و نەبوە و بەمشێوە باسی دەکات: ئۆجالان زۆر باوەڕی بە خۆی و بە میللەتی کورد هەبوو، ئەو کتێبانەی ئۆجالان کە کراون بە کوردی یاخود بە عەرەبی خوێندومەتەوە، لەوە تێگەیشتم بەڕێز ئۆجالان شارەزایی تەواوی لە مێژوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژوی مرۆڤایەتی هەیە، شارەزایی تەواوی لە مێژوی میللەتی کورد هەیە. زۆرێک لە سیاسییەکان و سەرکردەکانی کورد لەسەر مێژوو، جوگرافیا و ئابووریی کورد شتیان نوسیوە، زۆر مێژوونوسی ئێمە چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە باشوور لەسەر مێژوی کورد نوسیوییانە، عەبدوڵا ئۆجالانیش لەسەر مێژوی مرۆڤایەتی و کورد بابەتی زۆری نوسیوە و ئەوەی کە جیای دەکاتەوە لەوانی دیکە ئەوەیە کاتێک پەرتوکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دەخوێنیتەوە لەوە تێدەگەی، کە هەمووی وابەستە کردوە بە کوردەوە، یان هی کورد بووە یاخود کورد ڕۆڵی سەرەکیی بینیوە لە دروستکردنی ئەو شارستانییەتە، کە لە ناوچەکەدا بوونی هەبوە، لە سۆمەر و بابل و ساسانییەکان و تەنانەت لە دروستبوونی دەوڵەت لەم ناوچەیە، یان کورد دەستپێشخەر بوە لە دروستبوونی یانش کورد بەشدار بوە لەو شارستانییەتە. ئەوەی لە ناوچەکەیا باسی لێوە دەکەن چەند کەسایەتییەکی کورد، ئەوان ئەو ڕۆڵە سەرەکییە نادەن بە کورد، بەڵکو بابەتە نێگەتیڤەکان و بابەتە خراپەکان لە مێژوی کورد دەخەنە پێش و باسی لێوە دەکەن. من ئەو جیاوازییەم بینی لە نێوان سەرکردەکانی کورد و عەبدوڵا ئۆجالان.

 بەشێکی زۆری سەرکردەکانی کورد نەخوێندەوار بوون، بەشێکی کەمی سەرقاڵی خوێندنەوە و نوسین بوون، ئەوانیش ڕۆڵە سەرەکیەکانیان داوە بە میلەتانی دیکە کە لە ناوچەکەیا هەبوون وەک عەرەب، تورک، فارس، ئازەری و ئەرمەنی و ئەو میلەتانی دیکەی کە لەگەڵیانا ژیاوین بە درێژایی مێژوو.

شارستانییەتی سۆمەر کە یەکەم شارستانییە لە مێژوی مرۆڤایەتی، عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵی کورد لەو شارستانییەتە بە شێوەیەکی ئەرێنی و باش باسی لێوە دەکات. ئۆجالان کە ئەمەی خوێندووەتەوە و مێشک و هزری هەزمی ئەمەی کردوە لەسەر ئەم ئەساسە هاتوە و حزبی دروستکردوە و سیاسەتیش دەکات. ئۆجالان دەڵێت: "ئەم میلەتە کە بە درێژایی مێژوو ئەمەی دروست کردبێت، ئێستاش دەتوانێت خۆی کۆبکاتەوە و شۆڕش بکات و کیانێک بۆ خۆی دروست بکات و سەربەخۆ بێت.

 لایەنێکی دیکەی هەیە نوسینەکانی کە فەلسەفە ئامێزن بە بڕوای من عەبدوڵا ئۆجالان سوودی بینیوە لە فەلسەفەی یۆنان، ئەوروپای کۆن، لە هەمان کاتدا سوودی بینیوە لە فەلسەفەی باوەڕەکان، کە لە ناوچەکەیا بوونیان هەبوە وەکو فەلسەفەی زەردەشت، مانی، زروانی و باوەڕەکانی دیکەی ناوچەکە. ئۆجالان سوودی لەوانە وەرگرتوە و خوێندنەوە و لێكۆڵینی بۆیان ئەنجامداوە،کە چۆن لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاریان بهێنێت و داوا لە کورد دەکات کە ئەم فەلسەفانە لایەنە ئەرێنییەکانی وەرگرن و بەکاری بهێنن لە ژیانی ڕۆژانەیان، خەباتیان، سیاسەتیان و بەڕێوەبردنی ژیانیان.

جیاوازییەکی دیکەی ئۆجالان کە من سەرنجم داوە ئەو ڕێکوپێکییەیە لە ژیانی خۆیدا، کە وایکرد  هێزی دروستکرد و حزبی دروستکرد، بە ئەندامانیشی وت، دەبێت وەک سەربازێکی فیداکار مامەڵە بکەن، حزبایەتی ئەوە نییە لە پشتی مێزێکەوە دانیشیت و خزمەتت بکەن ئینجا تۆش بتوانی حزب و کۆمەڵگا بەڕێوە ببەیت، تۆ دەبێت خۆت سەرباز بیت، فیداکار بیت،کار بکەیت و ئیشەکان بەڕێوە ببەیت. فەلسەفەیەکی دیکە کە ئەو لە یەکەم ڕۆژەوە گرینگی داوە بە لایەنی ئابووری و لە فەلسەفەی ئەودا دەبێت ئەم حزبە خۆی ئابووریەکی سەربەخۆی هەبێت و پشت بە گەلی خۆی ببەستێت و چاوەڕێی هیچ لایەنێک نەبێت، ئەگەر پشت بە دەوڵەتێک یاخود لایەنێک ببەستێت مەرج و بەرژەوەندی خۆیت بەسەردا دەسەپێنێت.

 فەلسەفەی ئۆجالان بۆ مژاری ئابووری بەو شێوەیەیە و ئابووریش تەنها بۆ چەک و دەرمان و پێداویستی شۆڕش خەرج دەکرێت.

لایەنێکەی دیکەی ئۆجالان ئەوەبوو کە کەسایەتیەک و کارزمایەکی تایبەت بەخۆی هەبوو، کە توانای جوڵانەوەی دەوروبەری هەبوو، چونکە خۆی کادرەکانی پەروەردە دەکرد.

 ساڵی ٩٢ مانگی شوبات بوو ئەو کاتە تازە بوو کادری پەکەکە هاتبوونە هەولێر، ڕۆژێک پێیان وتم، حەز دەکەین بانگێشتت بکەین بۆ ئاکادیمیای مەعسوم قورقماز، ئێمە پێشتر ڕاپۆرتمان نوسیوە باسی تۆمان کردوە و سەرۆک ئاپۆ وتویەتی، با بێت. ئەو کاتە هەڤاڵ حەسەن حاجۆ پێمی وت، دەتوانی چەن کەسێک لەگەڵ خۆت بەری پێشنیاری کێ دەکەیت بۆ ئەوەی لەگەڵت بێت؟ منیش چەن کەسایەتییەکم پێشنیار کرد یەک لەوان کاک مومتاز حەیدەری بوو کەسایەتییەکی بەناوبانگ بوو لە خێزانێکی چەپ و وڵاتپارێزی شاری هەولێر بوو، هەروەها کەسێکی تر بەناوی چالاک بوو لە ئێستادا لە سوید دەژیت، لەگەڵ تاریق جامبازم پێشنیار کرد. دوای ئەوەی هەڤاڵ حەسەن حاجۆ لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆی کرد و یەکتریان بینی، ئێمە بەڕێکەوتین، ماوەیەکی زۆر لە ڕۆژئاوای کورستان بەپێ ڕۆیشتین تا گەیشتینە قامیشلۆ لەوێشەوە بە سەیارە چوین بۆ بیقاع، لەوێ سەرۆکمان بینی.

کاتێک گەیشتینە بیقاع لە ئاکادیمیای مەعسوم قورقماز ،کە سەرۆک ئاپۆش لەوێ بوو ئەوەی پێی سەرسام بووین، لەو ئاکادیمیایە زیاتر لە ٦٠٠ گەنجی لێ بوو کە لە خولی پەروردەی سەربازی بوون جیاواز لەو کەسانەی کە پاسەوانی کەمپەکە بوون لە ناو سەنگەرەکاندا بوون، یەک دوو جار بەرێز ئۆجالان قسەی کرد، دواتر داوای لەمن کرد وتارێک پێشکەش بکەم، منێش وتارەکەم پێشکەش کرد، وەک دیاربوو قسەکانی منی پێ گونجاو بوو پێشوازییەکی باشی لێم کرد، دواتریش وتارەکەم تۆمار کرابوو لە ڕێخستنەکانی ئەوروپا بڵاوکرایەوە.

لە ئەکادیمیای مەعسوم قورقوماز هەموو ڕۆژێک سەرۆک بەیانیان لە کاتژمێر ١٠ دەرسی بۆ ئەندامانی ئەکادیمیا شی دەکردەوە تاوەکو کاتژمێر ١٢، ئێوارانیش لە کاتژمێر ٥ تاوەکو شەش قسەی بۆیان دەکرد بە زمانی تورکی و کوردی. لەسەر هەموو بابەتێک قسەی بۆیان دەکرد، ئەم کادرانەی ئێستا کە هەریەکیان وەک عەبدوڵا ئۆجالان مامەڵە دەکات و پەکەکەیان لەو هەموو هێرش و پەلاماردانە پاراست و گەیاندیان بەم ڕۆژە، هەموو کاریگەری پەروەردەی عەبدوڵا ئۆجالانە.

"باوەڕبەخۆبوونی ئەو سنوری نەبوو"

بە هۆی ئەوەی کەسێکی نمونەیی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە هۆکارێک کە گەلەکۆمەیەک و پلانگێڕییەکی لەو شێوەیەی لەسەر بکەن و دەستگیری بکەن. باوەڕ بەخۆبوونی سنووری نەبو و باوەڕی ئەو بە میللەتی کوردیش سنووری نەبوو جیاواز لە سەرکردەکانی دیکە باوەڕی تەواوی بەم میللەتە هەبوو. هەموو جار دەیوت سەرکردەکانی کورد، بۆیە هیچیان بەهیچ نەکردوە چونکە شارەزایی تەواویان لە مێژوی کورد نەبوە و باوەڕیان بە میللەتی خۆیان نەبوە. ئەمانە وایکرد دووژمن بڵێت، هەمو شتێک لە ئۆجالان کۆبۆتەوە و بە گرتنی ئۆجالان پەکەکە و کورد لەناو دەچێت، بەڵام ئێستا ئەوە پەکەکە دەبینن کە لەناو نەچو و گەورەتر بوو.

"ئەوەی لە بیقاع بینیم پێشتر لە ژیانی سیاسیم لەهێچ حزبێکی دێکە نەمبینیبوو، بۆ من ژیانێکی نوێ بوو"

من زوو زوو دەچوم بۆ بینینی سەرۆک ئۆجالان و زۆریش لای دەمامەوە و ئەویش زۆر ڕێزی لێم دەگرت، هەموو جارێک، کە پیاسەمان دەکرد پرسیارم لێی دەکرد ئەویش وەڵامی دەدامەوە، ئەوەی منی سەرسام کردبوو ئەوە بوو نزیکەی ٩٠٠ کەس لە یەک هۆڵدا کۆ دەبوونەوە گویان دەگرت، ئەو ٩٠٠ کەسە لە کاتی نان خواردن دابەش دەبوون و خواردنیان ئامادە دەکرد. هەموو کەسێ کەل و پەلەکانی خۆی دەکردەوە جێگای خۆی، کاریان دەکرد، هاتو چۆیان دەکرد بەبێ دەنگی بۆڵە بۆڵە و هێچ کێشەیەک، هەموو وەک سەعات کاریان دەکرد، ئەوەی خەریکی مەشق کردن بوون، پاسەوان، نانەوا، ئەوانەی بە چەکەوە خەریک بوون، ئەو کاتژمێرەی بۆیان دانرابوو کاریان دەکرد و دواتر کۆدەبوونەوە ڕەخنەو و ڕەخنە لەخۆگرتنیان دەکرد، دوای ئەوە هەموو کەس دەچونەوە جێگای خۆیان ژن بەجیاو پیاو بەجیا ئەو شتانە لای من ژیانێکی نوێ بوو لە ژیانی سیاسی من، پێشتر ئەندامی حزبی شیوعی بووم لە ناو شیوعیدا گەیشتمە ئاستی هەرە بەرز، لە تەمەنی ١٧ ساڵیەوە من لەگەڵ جوڵانەوەی شیوعی کارم کردوە تا گەیشتمە ئاخر قۆناغی بەرپرسیارەیەتی. من ئاگام لە حزبەکانی تریش هەبوو بەڵام لە هیچ حزبێک هاوشێوەی ژیانی ئاکادیمیای مەعسوم قورقمازم نەبینیبوو، سەرۆک کەسێکی نموونەیی تایبەت بە خۆی هەبوو، ئەوانە وایکرد لە کۆتا ڕۆژدا کە گەڕاینەوە سەرۆک هەموو ئەندامانی ئاکادیمیای کۆ کردبۆیەوە و خواحافیزی لێمان دەکرد، من وتم: بەخوێنی ئەو شەهیدانە، بە مەرگی ئەو کوڕ و کچانە، ئەو تەمەنەم کە ماوە تا پێم بکرێت خزمەت دەکەم بەم حەرکەتەی باکوری کوردستان و حەرەکەتی پەکەکە، ئەوەی پێم کرابێت کەم تەرخەمی لێناکەم، ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی پێ خۆش بوو.

دوای ئەوەی گەڕامەوە دەستم کرد بەکار، چەند وەفدێکم برد بۆ لای ڕێبەر ئاپۆ هەر لە ڕۆشنبیر، مامۆستا، هەنورمەند، سیاسەتمەدار و خەڵکی عەشایەر لە کوردستانەوە، ئەو کادرانەی کە لە هەولێر کاریان دەکرد دەیان گوت، هەموو خەباتکارەکان ئێمە کۆیاندەکەینەوە تۆ لەگەڵ خۆت دەیان بەیت بۆلای سەرۆک ئاپۆ، منیش دەم گوت فەرقی نییە ئێمە و ئێوە بۆ یەک ئامانج تێکۆشان دەکەین و بۆ یەک سەرچاوە دەچێت.

 ئەندامانی پەکەکە زۆربەیان لە زانکۆکانی ئەنقەرە و ئەستەمبووڵ دەستیان لە خوێندن هەڵگرتبوو هاتبوون بەشداری پەکەکە ببوون، دەیان وت: پەکەکە و سەرۆک ئاپۆ باشترین زانکۆ و ئەکادیمیایە بۆ ئێمە".

ئەو کاتانەی لە ئاکادیمیابووم چەند هەڤاڵێکم دواند، یەکێک لەوانە کچیێکی بچووکی ١٣ بۆ ١٤ ساڵان دەبوو لە هەموویان بچووکتر بوو، لە ئاکادیمیا هەرکەسێک لە ١٨ ساڵ کەمتر بوایە وەریان نەدەگرت بەڵام ئەو کچە کەس و کاری شەهید بوو، بۆیە وەرگیراوبوو، کچ، کوڕ بە تەمنترین کەس تا بچوکترین کەس دەم دواندن وەک ڕۆژنامەنوس پرسیارم لێیان دەکرد، زۆربەیان لە قۆنەغاکەنی زانکۆ دەستیان هەڵگرتبوو و هاتبوون بۆ ئەکادیمیا پێم دەوتن، ئێوە چۆن وازتان لە زانکۆ هێناوە بەشداری پەکەکە بوون، وەڵامیان دەدایەوە و دەیان وت: ئەکادیمیای مەعسوم قۆرقوماز بۆ ئێمە زانکۆیە، لێرە فێری ئەخلاق، نێشتیمانپەروەری، ئازادی و ڕزگاریی گەل دەبین، فێر دەبین چۆن گیانی خۆمان بەخت بکەین لە پێناو ئازادی و کوردستان.

گەریلا فەڕنسیەکە چی وت؟

 لەگەڵ کچێک چاوپێکەوتنم کرد خەڵکی فەرەنسا بوو لە پاریس زانکۆی خوێندبوو تا ببوویە دکتۆر، هەر لەوێش ژیابوو بەڵام هاتبوو بەشداری پەکەکە ببوو، پێم وت گەنجی ئێمە خۆی دەکو‌ژێت تاکو دەگاتە ئەوروپا، تۆ چۆن لە پاریس خۆشترین شوێنی دونیا هاتوی بۆ ئێرە، ئەویش هەمان وڵامی گەنجەکانی تری دامەوە، ڕاستیش دەکات ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پەروردەکردن و گۆڕێنی ئەقڵیەت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆک ئۆجالان کە خەسڵەتی تایبەتی هەبوو.

"پەکەکە تا ئێستاش شتی نوێی زۆر پێیە بۆ کۆمەڵگا و وەڵامە بۆ داخوازییەکانی گەل"

دەربارەی ئەوەی پەکەکە لە ئێستادا لە چی قۆناغیکدایە و تا چەن وەڵامە بۆ کۆمەڵگای کوردی، پێنجوێنی دەڵێت: بە بڕوای من تا ئێستا پەکەکە شتی نوێی بۆ کۆمەڵگای کوردی پێیە توانای ئەوەی هەیە ژیانێکی نوێ نیشان بدات، ڕەنگە لە ماوەی چەن ساڵی ڕابردوو لە هەندێک هەنگاوی و سیاسەت کردن کەم و کوڕdی هەبووبێت، بەڵام لە ڕاستیدا دامەزراوەی پەکەکە و فکرەکە وەک خۆی ماوە و ڕێکخستنەکانی لەسەر پێن، نەوە لە دوای نەوە کادری نوێ پێدەگەیەنێت، هەرچەندە لە ئیستادا دووژمن بە‌هێزتر بوە توانای لێدانی زۆرترە، بەڵام بەرخۆدانی پەکەکەش زیاتربووە و بەرەو پێش دەچێت، ئەگەر لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هەڵەش کرابێ ئەوە کارێکی ئاساییە، چونکە وەکو لینین دەڵێت:" ئەگەر ئیش نەکەیت هەڵەش ناکەیت"، ئیش کراوە لە هەموو ئیشکردنێکیش هەڵە هەر درووست دەبێت، بۆیە دەتوانم بڵێم، پەکەکە وەڵامە بۆ کۆمەڵگا و ژیانێکی نوێیە.

بە درێژایی ئەو ماوەیەی سەرۆکم ناسیوە هەرچی پێشنیارم کردوە سەرۆک بە دڵی بوە، ئەگەر بە دڵیشی نەبووبێت چاوەڕێی ئەنجامی کردوە تا چەن قسەکەی من ڕاست دەر دەچێت، بۆی دەرکەوت من کەسێکی دڵسۆزم بۆ ئەو تێکۆشانە دڵسۆزم بۆ شۆڕشی باکوری کوردستان و پەکەکە، ئەو پێشنیارانەی کە من دەم کرد لە دڵسۆزی بوو بۆ پەکەکە و بەڕێز ئۆجالان، جارێک پێم ووت:" پێویست ناکات ئەوەندە بە درێژی قسە بکەیت بۆ تەلەفزیۆن خەڵک ناتوانێ ئەوەندە گوێ بگرێت من لە ئەورپام من ئەوە دەزانم" برادەرکانی لە دەوروبەری بوون سەریان سوڕما و وتیان:" چۆن وا قسە لەگەڵ سەرۆک دەکەی" منیش وتم ئەوەی من پێم وت، لە دڵسۆزیە بۆ ئەو.

"سەرۆک ئاپۆ بۆ پێنجوێنی: ئەگەر ڕازی بێت دەیکەم بە نوێنەری تایبەتی خۆم لە عێڕاق"

کاتی پڕۆسەی ئاشتی هەبوو، هەڤاڵ پەروین و ئیدریس بالوکان هاتن بۆ ماڵی من: "پێمیان وت سەرۆک سڵاوت لێدەکات، هەموو جارێ سڵاوت بۆ دەنێرێت، لە ئەدەبیاتی پەکەکە بڵاودەبێتەوە ڕەنگە تۆ ئاگات لێ نەبێت، سەرۆک دەڵێت:" پێنجوینی دەکەم بە نوێنەری شەخسی خۆم لە عێراق ئەگەر ڕازی بێت".

"نامەی ئۆجالانم برد بۆ سەرۆکی نەتەوەی یەکگرتوەکانی و پاپای ڤاتیکان لەسەر بەڵێنی خۆم سورم بۆ سەرۆک بەپێی توانای خۆم ئەوەی لەدەستم هاتبێ کەمتەرخەمیم نەکردوە"

من لەسەر بەڵێنی خۆم بۆ ئۆجالان سوربووم بەپێی توانای خۆم ئەوەی بۆم کرابێت کەمتەرخەمیم نەکردووە، من توانیم نامەی ئۆجالان بەرم بۆ لای سەرۆکی نەتەوەی یەکگرتوەکان پترۆز غالی، من توانیم نامەی ئۆجالان بەرم بۆ لای پاپای ڤاتیکان، ئەو کاتە پاپای ڤاتیکان زۆر گرینگ بوو هەتاکو ئەو کاتە پاپا پێ وتین:" کوردی عێڕاق چەند ساڵە داوا دەکەن نەمان بینیون، چونکە ئێمە لایەنێکی ئاینیین و سیاسی نین بۆیە پێشوازی لە سیاسەتمەدار ناکەین، سیاسەتمەدار سیاسەتی کوشتن و بڕین پەیڕەو دەکات، بەڵام ئێمە لەگەڵ خوا قسە دەکەین، یانی ئەوەی پێم کرابێت کردومە، ئێستاش ئەوەی پێم بکرێت دەیکەم لەسەر یەک بنەما، چونکە تاکە جوڵانەوەیە بەرامبەر گەورەترین و فاشیسترین و خراپترین هێزی دونیا ڕاوەستاوە، کە سوپای تورکیایە. لەهەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە کە مستەفا ئەتاتورک دوای ئەوەی هەموو شۆڕشەکانی کورد لە باکوری کوردستان لەناو دەبات قەبرێکی دروستکرد و پێی لەسەر دانا وتی، ئێمە کوردمان کوشت و کردمانە ناو ئەو قەبرە و شتێک نەماوە بەناوی کورد، بەڵام مرۆڤێک هات بەناوی عەبدوڵا ئۆجالانەوە ئەو کوردە مردووەی لە ناو قەبر هێنایە دەرەوە و ڕوحی دایەوە بەری تا ڕۆژی ئەمڕۆ هێنای ئێستا کورد داوای سەربەخۆی و کەرامەتی خۆی دەکات ئەوە کەم نییە...

ژ.ت

بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ دکتۆر محەمەد هەژار

...............

بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ مامۆستا محەمەد بەکر

.....................

بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ مامۆستا جەمیل ئەحمەد