بەشداریکردن لە پێشانگای نێودەوڵەتیى کتێبى ئیستەنبول دا کەمیکردووە

پێشانگای نێودەوڵەتیى کتێب لە ئیستەنبول وەک ساڵانى پێشوو کرایەوە، بەڵام بەشداریکردن و سەردانى خوێنەران و خوێندکاران بە بەراورد بە ساڵانى پێشوو بۆ پێشانگاکە کەمیکردووە.

پێشانگای کتێب لە ئیستەنبول هەموو ساڵێک لە ٨ بۆ ١٠ی تشرینى دووەم دەستپێدەکات و ئەمساڵ لەکاتى خۆیدا پێشانگاکە کرایەوە، بەڵام قەیرانى ئابووری و بەرزبوونەوەى نرخی کاغەز دەزگاکانى چاپ و پەخشی کتێبی تەنگاو کردووە. ئەوەش کاریگەریى لە پێشانگای کتێبی ئیستەنبول کردووە.

ئونور ئۆزتورک لە دەزگاى چاپ و پەخشی کۆر کیتاب سەرنجی خستە سەر بەرزبوونەوەى بەهای نرخی کاڵاکان و باج و رایگەیاند، بەرزبوونەوەى نرخەکان و باج تەنها بۆ کاغەز نییە، بەڵکو لە چاپخانەکاندا بابەتەکانى وەک مافی چاپکردن و تێچووی تریش هەیە. جگە لە مووچەی کارمەندانى چاپخانەکان، تێچووەکانى ترمان بە لیرەى تورکی نییە، بەهای دۆلاریش بەخێرایى بەرز دەبێتەوە و ئەوەش تێچووەکانى ترمان زیاد دەکات. دابینکردنى دراوى بیانی بۆ دەزگاکانى چاپ و پەخش یەکێکە لە کێشەکان. بە تایبەتی لە هاوین دا کێشەى زۆرمان لەبابەتى دابینکردنى دراوى بیانى بۆ دروست بوو. دابینکردنى کاغەز لە دەرەوە کە پارەى بیانیى دەوێت کێشەیە و تا ئێستا ئەو کێشەیە بەردەوامە".

بەشداریکردن کەمە

ئۆزتورک راشیگەیاند "زۆربوونی تێچووەکان و بەرزبوونەوەى بەهای دراوى بیانى کاریگەریى لەسەر کتێب و چاپی کتێب و بەشداریکردن لە پێشانگای کتێبەدا هەیە. بە هیواى ئەوە بووین بەشداریکردن زۆر بێت، بەڵام ئەوەش رووی نەدا و ئێستاش چاوەڕێین لە کۆتایى هەفتەدا بەشداریکردن زیاد بکات، بەڵام ئەوەش روون نییە".

ئەو کارمەندانەى دەزگاکانى چاپ و بڵاوکردنەوە کە لە پێشانگەکەدا قسەمان لەگەڵ کردن ئاماژەیان بە کەمی بەشداریکردن کرد و جەختیان لە بەرزبوونەوەى تێچووەکان کرد، کە ئەوەش وایکردووە بەهای کتێب زۆر بەرز بێتەوە و خوێنەران و خوێندکارانى زانکۆکان ناتوانن وەک پێویست کتێب بکڕێن. بەهای کتێب بە بەراورد بە ساڵی پێشوو زۆر زیادیکردووە و ئەوەش وایکردووە بەشداریکردنیش بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر کەم بووەتەوە.

ر.م