سەدان منداڵى کۆرپە و خوار تەمەن ٦ ساڵان لە زیندانەکانى تورکیادان

هەر وەک کچە منداڵەکەى مامۆستا عایشە، کە دایکى وتبوی "با منداڵان نەکوژرێن" لەگەڵ دایکیدا زیندانیکرا، سەدان منداڵى تری مەلۆتکە و کۆرپە و خوار تەمەن ٦ ساڵان لە زیندانەکانى تورکیادا لەگەڵ دایکیاندا زیندانیکراون.

هەر وەک کچە منداڵەکەى مامۆستا عایشە، کە دایکى وتبوی "با منداڵان نەکوژرێن" لەگەڵ دایکیدا زیندانیکرا، سەدان منداڵى تری مەلۆتکە و کۆرپە و خوار تەمەن ٦ ساڵان لە زیندانەکانى تورکیادا لەگەڵ دایکیاندا زیندانیکراون.

ناهەقى و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ لە زیندانەکانى تورکیادا گەیشتووەتە ئاستێک، کە بە بەردەوامیى بووەتە باسی ڕێکخراوە پەیوەندارە ناوخۆى و نێودەوڵەتییەکان.

یەکێک لە بابەتەکانى ئەو ناهەقیانە دۆخى منداڵانى کۆرپەیە تاوەکو تەمەن ٦ ساڵان، کە بە ناچار لەگەڵ دایکیاندا زیندانیکراون. وەزارەتى دادى تورکیا لە ساڵى ٢٠١٧ لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو، ٦٢٤ کۆرپە و منداڵى خوار تەمەن ٦ ساڵ لە زنیدانەکانى تورکیادان. ئەو منداڵانە ناچارن لە دۆخى قورسى زینداندا درێژە بە ژیان بدەن.

یەکێک لەو دوایین کۆرپانەى لەگەڵ دایکیدا زیندانیکرا، کچەکەى مامۆستا عایشە چەلیک-ە، کە دایکى وتبوی "با منداڵان نەکوژرێن" و لەبەر ئەوەش چەند رۆژ لەوە پێش لەگەڵ دایکیدا زیندانیکرا.

کاتێک تەمەنیان دەگاتە ٦ ساڵ لە دایکەکانیان دەسەنرێنەوە

منداڵەکان تاوەکو تەمەنى ٦ ساڵ لە زیندانەکاندا لەگەڵ دایکیاندا دەمێننەوە، بەڵام بەپێى یاساکانى زیندان کاتێک تەمەنیان دەگاتە ٦ ساڵ لە دایکیان دەسەنرێنەوە. ئێمە لەبارەى کاریگەریى خراپی دەروونی لەسەر منداڵەکان و ترس لە داهاتویان گفتوگۆمان لەگەڵ پسپۆڕاندا کرد و پرسیارمان لێکردن.

 پارێزەر جانسو شەکەرجی نوێنەری تۆرى منداڵانی زنیدان لە کۆمەڵەى کۆمەڵگەى مەدەنى لە سیستمى زینداندا و دکتۆر فیولای گرای سۆزەن سەرۆکى بەشى خزمەت و پەروەردەى کۆمەڵایەتیى زانکۆى ئاڵتینباش وەڵامى پرسیارەکانیان داینەوە.

سەدان منداڵى کۆرپە و خوار تەمەن ٦ ساڵ لە زیندانەکاندان

پارێزەر جانسو شەکەرجی لەبارەى ژمارەى ئەو منداڵانەى لەگەڵ دایکیاندا لە زیندانەکانى تورکیا زیندانیکراون وتى "ئێمە بەپێى وەڵامى پرسیارە لەبارەى ڕێوشوێنى چاودێریکردن نێونەتەوەیى، زانیاری و ئامارمان لەبارەی ئەو منداڵانەى کۆرپەن و تەمەنیان لە خوار ٦ ساڵەوەیە و لە زیندانەکاندا زیندانیکراون، دەست دەکەوێت".

پارێزەر شەکەرجی باسى لە راپۆرتى کۆمسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لەبارەى ساڵى ٢٠١٧ تاوەکو مانگى ئازار / خاکەلێوەی ٢٠١٨ و وتى "تاوەکو کانونی / بەفرانباری ٢٠١٧ نزیکەى ٦٠٠ منداڵ لەگەڵ دایکیاندا لە زیندانەکاندا بوون. ١٠٠ کەس لەو دایکانە دووگیان بوون، یان تازە بە تازە منداڵیان بووە".

شەکەرجی راشیگەیاند، بەپێى وەلامى وەزارەتى داد بۆ پرۆژە پرسیارى غەمزە ئاکیوش ئیلگەزدی پەرلەمانتار، تاوەکو رۆژی ١٤ى ١١ى ٢٠١٧ / ٢٣ى گەڵاڕێزان، لە زیندانەکانى تورکیادا ٦٢٤ منداڵ لە زینداندا بوون.

پارێزەر شەکەرجی لەبارەى بارودۆخى منداڵە زیندانیکراوەکانەوە وتى "بۆ منداڵەکان خشتە دروستکراوە و لە فرۆشگەى زیندانەکانیشدا ماست، شیر و پەنیر دەفرۆشرێن، بەڵام ئەو دایکانەى دۆخى ئابوورییان خراپە ناتوانن لە فرۆشگەکان پێداویستى بۆ منداڵەکانیان بکڕێن".

پەیمانى بانگۆک جێبەجێ ناکرێت

مامۆستا دکتۆر فیولای سۆزەن سەرنجی خستە سەر پەیماننامەی بانگۆک، کە لە کانوونی / بەفرانباری ٢٠١٠دا لە ئەنجوومەنى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسەند کرا. دەبێت بەپێى ئەو پەیماننامەیە و پێوەرەکانى پێداویستى بۆ ژنان دابین بکرێت.

دکتۆر سۆزەن وتى "پەیمانى بانگۆک بە بەرفراوانى باسى سیاسەتى بەخێوکردنى منداڵی کردووە لە زینداندا لەگەڵ دایکی. ئەو پەیماننامەیە لەلایەن وڵاتانى ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە و دەبێت وڵاتە ئەندامەکان پێوەرەکانى ئەو پەیماننامەیە جێبەجێ بکەن. بەپێى ئەو پێوەرانە، دەبێت بارودۆخى زیندان بەپێى بارودۆخى منداڵ و پێویستییەکانى ڕێکبخرێت، بەڵام ئەوە جێبەجێ ناکرێت".

دکتۆر سۆزەن باسى ئەوەشیکرد، منداڵان هەستیارترین ساڵەکانى تەمەنیان بۆ گەشەکردن لە زیندانەکاندا بەسەر دەبەن. ئەوەش کاریگەری لەسەر ژیان و کەسایەتى و ئەزموون و داهاتوویان دەکات.

کاریگەریى زیندان لەسەر داهاتوى منداڵان

دکتۆر سۆزەن ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە ئەزموونى خراپ و زوڵملێکردن و بێبەشکردن بەرامبەر بەو منداڵە تەمەن بچووکانە روودەدات. ئەوەش کاریگەرى لەسەر هەموو ژیانى مرۆڤ لە داهاتوودا دروست دەکات.