عێراق بۆ تورکیا: تەڤگەری ئازادی پارتێکی یاسایى عێراقە و هیچ کێشەیەکى نییە

سەرۆکی کۆمسێۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە میانەی کۆ بوونەوەکەی لەگەڵ شاندی تەڤگەری ئازادی رایگەیاندووە،  داخوازیی تورکیایان بۆ قەدەغەکردنی تەڤگەری ئازادییان جێبەجێ نەکردووە و بە تورکیایان وتوە، تەڤگەری ئازادی پارتێکی یاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ / ٤ی سەرماوەز بڕیارێکی بڵاوکردەوە، کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی مۆڵەتیی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە، بارەگاکانیان دابخەن و ڕێگاش بە ئەنجامدانی هیچ چالاکییەکیان نەدرێت. لەو چوارچێوەیەشدا بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەى کوردستان داخران.

لە دوای داخرانی بارەگاکانیان، تەڤگەری ئازادی کەوتە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی  ئەو کێشەیە تاوەکو دووبارە دەرگای  بارەگاکانیان بکەنەوە. لەو چوارچێوەیەدا لەلای هەر یەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتى بەغداد هەوڵەکانیان بەردەوامە. بۆ ئەو مەبەستەش  شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پێکهاتبوون لە حوسێن کەرکووکی بەرپرسی دەستەی پەیوندییە دیپلۆماسییەکانی تەڤگەر و نەریمان ئەحمەد ئەندامی ئەو دەستەیەی تەڤگەری ئازادی سەردانی بەغدایان کرد بۆ جوڵاندنی ئەو کێشەیە.

 

لەبارەی سەردان و دیدارەکانیان نەریمان ئەحمەد بۆ ئاژانسی هەوڵی فورات (ANF) قسەیکرد وتی: "لە دوای ئەوەی بارەگاکانمان داخران، بە پێویستمان زانی بە شێوەیەکی یاسایی و لە ڕێگای حکوتی هەرێمەوە کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام وەڵامیان نەداینەوە و هیچیان بۆ نەکردین، بۆیە ڕوومان کردە عێراق و خۆشبەختانە ئەنجممان بەدەستهێنا".

کۆمسیۆن: تەڤگەر هێچ کێشەیەکی یاسایی نییە

ئەو ئەندامەی دەستەی پەیوندییەکانی تەڤگەری ئازادی وتیشی: "لە بەغدا لەلایەن بەشی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق پێشوازیمان لێکرا. لەو بەشەدا شکاتمان دەربارەی داخرانی بارەگاکانمان تۆمارکرد. بۆ دڵینابوونەوە و مەبەستی لێکۆلێنەوە لەو دۆسیەیە، بەشی پارتە سیاسییەکانی کۆمسیۆن پەیوەندیی بە نووسینگەکانیان کرد لە پارێزگای سلێمانی و لە وەڵامدا نووسینگەی سلێمانی پێیوتن، تەڤگەری ئازادی هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو بە هۆکارێکی سیاسی بارەگاکانیان داخراوە".

"هێمنانە مامەڵەمان کرد بۆ ئەوەی دڵی داگیرکەران خۆش نەکەین"

نەریمان ئەحمەد لە درێژەی قسەکانی جەختی لەوەکردەوە: بەداخەوە کۆنسوڵی تورکیا لێدوانیدا و دەستخۆشیی لە یەكێتیی نێشتمانیی کوردستان کرد دەربارەی داخستنی بارەگاکانی ئێمە، وا دیارە تورکیا دڵی بەو ‌هەڵوێستە خۆشبووە، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو بڕیارە بۆ داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی جێگای نیگەرانیی خەڵک بوو و تەنانەت بەشێکی زۆری دۆست و لایەنگرانی یەکێتیش پێیان ناخۆش بوو، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی دڵی دووژمنان بە خۆمان خۆش نەکەین بەو شێوازەی ئەوان هێرشیان کرد، وەڵاممان نەدایەوە، چونکە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر سوودی لێ دەبینێت. لەبەر ئەوە ئێمە بەهێمنانە مامەڵەمان کرد و ڕیگای قانونیمان گرتە بەر.

عێراق بۆ تورکیا: تەڤگەری ئازادی هیچ  کێشەیەکی یاسایی نییە

نەریمان وتیشی، لەسەر هەمان بابەت لەگەڵ مەعن هیتاوی سەرۆکی گشتیی کۆمسێۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووینەوە و لە کۆبوونەوەکەدا هیتاوی پێی وتین، پێشتریش لەلایەن باڵیۆزی تورکیا و لە ڕێی کۆمسیۆنی عێراقەوە هەوڵدراوە خەباتی ئێوە ئاستەنگ بکەن، بەڵام ئێمە پێمان وتون، پارتێکی سیاسیی وەک تەڤگەری ئازازدی فەرمییە و هیچ کێشەیەکی قانونییان نییە.

ئاماژەی بەوەشدا لە درێژەی سەردانەکانیان دەربارەی هەمان بابەت لەگەڵ هەریەک لە جێگری باڵیۆزی ئەمریکا و چەندین کوتلەی سیاسی لە عێراق کۆبوونەتەوە و بەڵێنێ ئەوەیان پێدراوە، لە پەرلەمان و حکومەتدا کار بکەن بۆ ئەوەی ئەو  کێشەیە بجووڵێنن.

ر.م