فەرماندەیەکی هەپەگە: رێگا بە تورکیا نادەین لە باشوورى کوردستاندا پێشڕەوى بکات

ئامەد مەلازگرد ئەندامى ئەنجوومەنى فەرماندەیى هەپەگە رایگەیاند، رێگا نادەن دەوڵەتى تورکیا لە باشوورى کوردستان پێشڕەوى بکات. راشیگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا هیچ زیانێک بە هێزەکانیان نەگەیشتووە.

ئامەد مەلازگرد ئەندامى ئەنجوومەنى فەرماندەیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) رۆژ یەکشەممە بەشداری بەرنامەیەکى کەناڵى ئاسمانیى ستێرک تیڤى بوو و لێکدانەوەى گرنگی لەبارەى هێرشە داگیرکارییەکانى تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان و ئۆپراسیۆنی دژ بە قەندیل خستەڕوو.

یاریى تاکتیکى

مەلازگرد رایگەیاند، هەڕەشەى ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن بۆ سەر قەندیل و بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەردۆغان پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە. راشیگەیاند "حکومەتى ئاکەپە دەیەوێت پەکەکە بکاتە رۆژەڤ و لەو رێگەیەوە دەنگى فاشیستەکان بەدەست بهێنێت. بۆ ئەوەش هیچ حسابێک بۆ کورد ناکات. ئەوەش هەموو یاری و تاکتیکى ئەردۆغان و حکومەتى ئاکەپەیە".

 چەکى پێشکەوتوو لەسەر ئێمە تاقى دەکەنەوە

مەلازگرد باسى ئەوەیکرد، هێرشە ئاسمانییەکانى دەوڵەتى تورکیا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەوامییان هەیە. باسى ئەوەشیکرد "هەموو چەکە نوێ و پێشکەوتووەکانیان لە سەر هەڤاڵەکانى ئێمە تاقى دەکەنەوە. ئەوە راستە، بەڵام بارودۆخەکە وەک ئەوە نییە کە ئاکەپە باسى دەکات. ئەردۆغان لەم رۆژانەدا وتى، بە ٢٤ فڕۆکەى جەنگى هێرشیان کردووەتە سەر قەندیل و زیانى زۆریان بە پەکەکە گەیاندووە، بەڵام لەو هێرشانەدا هیچ زیانێک بە هێزەکانى ئێمە نەگەیشتووە. ئەو هێرشانە لە دژى گوند و زەوی و باخی هاووڵاتیان ئەنجامدران. مەبەستیان لەو هێرشانەش ئەوەیە، کە هاووڵاتییانى ناوچەى قەندیل ناچار بە کۆچکردن بکەن".

ئەو سەربازانەى بە پارە شەڕ بۆ سوپاى تورکیا دەکەن سەرکەوتو نەبوون

مەلازگرد وتى، ئەزموونی ٣٥ ساڵ شەڕ و بەرەنگاری و بەرخۆدانى گەریلایەتییان هەیە و بە باشى دەزانن خۆیان بپارێزین و لەو بارەیەوە وتیشى "ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە دەسەڵاتى بە دەستەوەیە. ئێمە ٣٥ ساڵە لە دژى دەوڵەتى تورک شەڕ دەکەین. ئەزموونى شەڕکردنمان بە ئەندازەى پێویست هەیە. دەوڵەتى تورکیا لە ساڵانى ١٩٩٠دا شەڕێکى بەرفراوانى لە دژى ئێمە ئەنجامدا. جیاوازیى شەڕەکانى ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو ساڵانەدا ئەوەیە، کە سوپاى تورکیا سەربازى بەکرێگیراو، کە بۆ پارە شەڕ دەکەن هێناوەتە پێشەوە، بەڵام لەوەشدا سەرکەوتو نەبوون".

دۆخى سوپاى تورکیا لە باشوورى کوردستان

مەلازگرد لەبارەى دۆخى سوپاى تورکیاوە لە باشوورى کوردستان زانیارى گرنگى خستەڕوو و رایگەیاند "سوپاى تورکیا ساڵى رابردوو لە ناوچەى بارزان گردی بۆتیی داگیرکرد. پێشتر ئەو شوێنە هێڵى پەڕینەوەى ئێمە بوو. ئێستا سوپاى تورکیا لەوێیە و ئێمەش لەوێین. هەموو رۆژێک هەڤاڵانى ئێمە لە دژی ئەو گردە چالاکى ئەنجام دەددەن. سوپاى تورکیا لە مانگى ئازاردا لە گەلیى رەش ئۆپراسیۆنێکى دەستپێکرد. لەو ناوچەیەدا ژمارەیەک لە هەڤاڵەکانمان شەهید بوون. هەڤاڵ ئاگری فەرماندەى ئەیالەتى خواکورک و هەڤاڵەکانى شەهید بوون. سوپاى تورکیا لەو گردانەدا خۆى جێگیرکرد و بەرەو گردى لێلیکان هات و یەکڕاست خۆى لەو گردەدا جێگیرکرد، بەڵام لەو رۆژەوە هاتوونەتە ئەو سنوورانە، هەڤاڵەکانمان بە بەردەوامى چالاکییان لە دژ ئەنجام دەدەن. بۆ نمونە چالاکییەکەى گردی عەڤدال کۆڤی گرنگ بوو. چالاکی لە گێدوکای عەلی درێژ چالاکییەکى گرنگ بوو. هەڤاڵەکانمان بە رۆحی فیداییانە چوونە سەر سەربازانى دوژمن و دەستیشیان بەسەر چەکەکانیاندا گرت. ڤیدیۆى ئەو چالاکییە بڵاوکرایەوە. لە دژى ئەو گردانە چەندین چالاکی ئەنجامدراون  و لەو چالاکییانەدا گورزی زۆر قورس لە سوپاى تورک دراوە. سوپاى تورک ئەوەندە سەرکەوتو نییە. دەڵێن، لە قەندیل نزیک بووینەتەوە، بەڵام ئێستا زۆرترین پێشڕەوییان تەنها تاوەکو گردی لێلیکان بووە و ئەوەش نزیکترین شوێنیانە لە قەندیلەوە. هەوڵ دەددەن پێشڕەوى بکەن و بەپێى ئەو زانیارییانەى بە دەستمان گەیشتوون، هێزى زیاتریان ناردووە بۆ شەمزینان و جۆلەمێرگ. هەندێک ئۆتۆمبێلى زرێپۆش و چەکى پێشکەوتووشیان هێناوەتە ئەو سنوورانەوە. سوپاى تورکیا ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن دەکات. ئێمەش خۆمان ئامادە دەکەین. دەوڵەتى تورک دەیەوێت شەڕ لە باشوورى کوردستان درێژە پێ بدات، بەڵام ئێمە رێگا بەو داگیرکەرییەی تورکیا نادەین. چالاکییەکانى ئێمەش لە دژیان بەردەوامیى دەبێت. زیان و باجەکەى هەر چییەک بێت ئێمە دەیدەین، بەڵام رێگا نادەین سوپاى تورکیا لە باشوورى کوردستان پێشڕەوى بکات".

ئاکەپە باجى ئەو کارانەى دەدات

مەلازگرد وتى، ئاکەپە باجى ئەو کارانەى دەدات و وتیشی "بۆ ئاکەپە وا دەزانێت گەریلای ئێمە و گەلەکەمان تێکدەشکێن!، ئاکەپە لەو خەیاڵەدایە، بەڵام رۆژێک دێت کە ئاکەپە باجی ئەو کارانەى خۆى دەدات. پەکەکە بۆ ئەو کارانە لە ئاکەپە دەپرسێتەوە و ئاکەپەش لەسەر دەستى پەکەکە باجی کارەکانى دەدات".

هەڵوێستى هەولێر و بەغدا دژ بە داگیرکارییە

مەلازگرد لەبارەى هەڵوێستى هەرێمى کوردستانى فیدراڵ و حکومەتى عێراقەوە وتى "ئەوەندەى ئێمە دەبینین، بێدەنگ هەیە. رەنگە هۆکارەکەى ئەوە بێت ئەو داگیرکارییە قبوڵ نەکەن، چونکە بابەتەکە تەنها پەکەکە نییە. تورکیا بۆ رەوایدان بە داگیرکارییەکەى لە هەر شوێنێکدا پاساوێک دەدۆزێتەوە. گەلی باشووری کوردستان لە دژى داگیرکەرى بەرخۆدانێکى گەورەى ئەنجام داوە. باشوورى کوردستان خاوەنى رۆحی بەرخۆدانێکى گەورەیە. گەل، گەنجان و  پێشمەرگەکانى باشوورى کوردستان ئەو داگیرکەرییەى تورکیا قبوڵ ناکەن".

مەلازگرد لە بەردەوامیى قسەکاندا وتیشی "دەوڵەتى تورک دەستکەوتەکانى کوردى بۆ خۆی کردووەتە ئامانج و لەناویان دەبات. خۆ دەوڵەتى عێراقیش دەتوانێت بڵێت داعش لە تورکیاوە دێت و سوپاى خۆى بباتە سەر تورکیا و لەوێ جێگیریان بکات. ئەگەر تورکیا ئەوەى قبوڵە، با چوونى سوپاى عێراق و ئێرانیش بۆ ناو خاکى خۆى قبوڵ بکات. ئێرانیش دەتوانێت بڵێت، لە تورکیاوە هێرش دەکرێتە سەرم، بۆیە لە تورکیا بنکەى سەربازى دروست دەکەم. باشە تورکیا دەتوانێت ئەوە قبوڵ بکات، بێگومان قبوڵی ناکات، بەڵام خۆى سنوورى وڵاتانى تر دەبەزێت و بنکەى سەربازى لە خاکى وڵاتانى تردا دروست دەکات".

دەبێت لە باکووری کوردستاندا هیچ کەسێک دەنگ بە ئاکەپە نەدات

مەلازگرد لە کۆتایى قسەکانیدا باسی هەڵبژاردنی ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕی کرد و وتى "دەبێت لە باکوورى کوردستاندا هیچ کەسێک دەنگ بە ئاکەپە نەدات. دەبێت کورد دەستى خۆى بخاتە سەر ویژدانى خۆی و دواى ئەوە دەنگەکەى بدات. ئەرکى هەموو کوردێکە ئاکەپە لە باکووری کوردستان راماڵێت".

ر.م