قەرەسوو: دەبیت لە هەموو ئاستەکاندا وەڵامى ئەردۆغانی دوژمنی کورد بدرێتەوە

مستەفا قەرەسوو رایگەیاند، دەبێت هەڵبژاردنى شارەوانییەکان وەربگەڕێت بۆ تێکۆشانی ناوەندیبوون و نا ناوەندیبوون. راشیگەیاند "دەبێت کورد ئەوە بزانێت قەیوم واتە دوژمنایەتیکردنى کورد و پێویستە هەڵوێستى خۆی لەو چوارچێوەیەدا بخاتەڕوو".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بابەتێکى بە ناونیشانی "دەسەڵاتى ئاکەپە هێرش دەکاتە سەر شارەکان و شارەوانییەکان" لە رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا بڵاوکردەوە و لە وتارەکەیدا باسی پلان و حساباتى رژێمى ئاکەپەی بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان کرد.

قەرەسوو لەبارەى گفتوگۆکان لەسەر هەڵبژاردنى شارەوانییەکان وتى "ئێستا بە زۆری لە چوارچێوەى هاوپەیمانییەکاندا گفتوگۆ لەبارەى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانەوە دەکرێت. بابەتێکى تری گفتوگۆکانیش لەسەر ئەو لێدوانەى تەیب ئەردۆغانە کە وتبوی، ئەگەر لە کوردستان هەدەپە هەڵبژێردرێت، ئەوا جارێکیتر قەیوم بۆ شارەوانییەکان دادەنێنەوە".

قەرەسوو بەو هەڵسەنگاندنەى سەرەنجی خستە سەر گرنگیى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان و نووسیویەتى "دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە بۆ ئەوەى بتوانن سیستمی سەرۆکایەتى بە تەواوی باڵادەست بکەن، دەیانەوێت لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا سەربکەون، بەڵام بارودۆخی سیاسی، قەیرانى ئابووری و ئەو قەیرانانەى بەو هۆیەوە روویانداوە، تەنگاویى بۆ سەرکەوتنى دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا دروستکردووە".

قەرەسوو باسی ئەوەشیکردووە "بۆچوونی تەیب ئەردۆغان و دەسەڵاتى ئاکەپە بۆ بەڕێوەبەریى هەرێمى لەو هەڵبژاردنەدا ئاسایى و شیاو نییە و تەنانەت زیانبەخشە بۆ دەسەڵاتى خودی ئاکەپە. ئەگەر هاووڵاتییان لەو هەڵبژاردنەدا بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و بەپێى تێگەیشتن لە کاری شارەوانییەکان دەنگ بدەن، ئەوا ئاکەپە زیاتر بەرەو داڕمان دەڕوات. چونکە تەیب ئەردۆغان و دەسەڵاتى ئاکەپە نەک تەنها لە دژی شارەوانییەکانى هەدەپە شەڕ ناکەن، بەڵکو لە بەرامبەر شارەوانییەکانى ئاکەپە و جەهەپەش شەڕی راگەیاندووە".

قەرەسوو ئەوەشى نووسیوە "بە سەپاندنى سیستمى سەرۆکایەتى ئەرکی دەسەڵات و کاروباری خۆجێى زۆر کەمکراوەتەوە. فاشیزم بە پێشەنگایەتیى تەیب ئەردۆغان دەیەوێت لە ناوچەکەدا سیستمی باڵادەستیى دەسەڵاتخواز و ناوەندپارێز سەردەست بکات. ئەوە دەزانێت ئەگەر لە هەرێمەکەدا ئاکەپە باڵادەست نەبێت ئەوا ناتوانن فاشیزمە ناوەندیپارێز و توندوتیژخوازەکەیان، کە پشتبەستووە بە تاک سەرکردە،  بچەسپێنن. خۆی لە خۆیدا دەوڵەت باخچەلیى فاشیست و پارێزەری دەوڵەتى نەتەوەیى دەڵێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا تێکبشکێن، ئەوا سیستمی سەرۆکایەتى دووبارە دەبێتەوە بە بابەتى مشتومڕ".

مستەفا قەرسوو ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەگەر مانای هەڵبژاردنى شارەوانییەکان و دژایەتییەکانى دەسەڵاتى ئاکەپە بۆ بەڕێوبەریى ناوچەیى بە روونی و بە بەهێزی بۆ کۆمەڵگە شیبکرێتەوە، ئەوا دەسەڵاتى  ئاکەپە لە هەموو شارەکاندا تێکدەشکێت. لە پێش هەمووشیانەوە لە شارەکانى کوردستان و ئینجا بە دواى ئەوەدا ئاکەپە لە هەموو گەورە شارەکاندا بەڕێوەبەرایەتیى هەرێمى و شارەوانییەکان لە دەست دەدات و لەو رێگەیەشەوە سیستمى تیرۆری فاشیستیی ناوەندیپارێز گورزێکى گەورەى بەر دەکەوێت.

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە درێژەى بابەتەکەیدا بە وردی باسی هۆشمەندی و عەقڵیەتى شارەوانییەکان و داوای گەل بۆ زیادکردنى ئەرکی ئەنجوومەنەکانى شارەوانى و بەڕێوەبەریى شارەکان کردووە و لەو بارەیەوە دەڵێت "تەیب ئەردۆغان هێرش دەکاتە سەر تایبەتمەندیى خۆماڵی شارەکان و بیروبۆچوونە جیاوازەکان. ئەوەى بۆ تەیب ئەردۆغان گرنگە ئەرک و کارەکانى کۆشکەکەیەتى. هەموو ئەرک و کارەکانی لە کۆشکەکەیدا بەڕێوەدەبات و کۆبوونەوەیان بۆ دەکات. لە بەرامبەردا ئەرکی دیموکراسی بڵاوەپێکردنی ئەرکەکانە لە ناوەندەوە بەرەو هەرێمەکان، بەڵام تەیب ئەردۆغان هەموو ئەرک و دەسەڵاتى هەرێمەکان لە خۆیدا کۆدەکاتەوە و وەرگەڕاوە بۆ دەسەڵاتێکى فاشیست و دەسەڵاتپەرست لە سەدەى ٢١ دا. لەبەر ئەوەش هەر هاووڵاتییەک خاوەنی هۆشمەندی و عەقڵییەتی خۆماڵی شارەوانییەکانە دەبێت لە دژی تەیب ئەردۆغان و دەسەڵاتى ئاکەپە هەڵوێستى هەبێت، چونکە ئەو کەسانە پێش هەموو کەسێک دەکەونە دۆخێک کە دۆخی دژایەتیکردنى شار و شارەوانییەکەى خۆیان دەبێت".  

 قەرەسوو ئاماژەى بەوەشکردووە "ئەو راستییە بۆ کوردستان و شارەکانى کوردستان زۆر زیاتر لە شوێنەکانى تر دەردەکەوێت پێش، چونکە ناوەندیبوون پێش هەموو شتێک بۆ دوژمنایەتیکردنى کورد و کوردستانە و نیشانەى قبوڵنەکردنی جیاوازییەکان و فرە رەنگی و سیاسەتى سڕینەوەیە. دانان و سەپاندنى قەیوم لە شارەوانییەکانى کوردستان تەنها بۆ بەدەستهێنانى بەڕێوەبەریى شارەوانییەکان نییە، بەڵکو هێرشێکە بۆ سڕینەوەى ژیانى کۆمەڵایەتى، ناسنامە، رۆشنبیری و زمانى گەلی کورد. یەکەم کاریش کە قەیومەکان هەستان بە ئەنجامدانى داخستنى رێکخراوەکانى پەیوەندیدار بە ژیانى کۆمەڵگە، ناسنامە، رۆشنبیری و زمانى کوردی بوو. بەو شێوەیە ئاشکرایان کرد، کە دانانى قەیوم بەشێکە لە هێرشەکان لە دژی تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد. خۆجێى بە مانای کوردبوون و کوردستانى بوونە. قەیوم بۆ ئەوە دانران، کە خۆجێبى بوون بسڕنەوە. دوژمنى هەموو شتێکى خۆجێین. هێرش کراوەتە سەر ئامەد سپۆر، چونکە یانەیەکى خۆجێیە. ئەوان دەیانەوێت هەموو شتێک بکەن بە یەک شێوە و شێواز و فرەرەنگى نەهێڵن. لەبەر ئەوەش هێرش دەکەنە سەر ئەو شارەوانییانە، کە خاوەنداری لە جیاوازی و فرەرەنگیى خۆجێى دەکەن. قەیوم بۆ بە ناوەندیکردن و سڕینەوەى خۆبەڕێوەبەریى خۆجێیە. لەو ڕووەوە ئەوە هێرشێکى کراوە و ئاشکرایە لە دژی کوردبوون و ئەوەش زۆر روون و ئاشکرایە. نەبینینى ئەو هێرش و سڕینەوەیە چاوپۆشیکردنە و دەبێتە هاوکار و یارمەتیدەر بۆ ئاکەپە".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە ئەوەشى وت، هەڵبژاردنى هەرێمى دەبێت بگۆڕدرێت بۆ تێکۆشان لە نێوان ناوەندیبوون و خۆجێبى بوون و دەبێت لە کوردستانیش ببێتە پاراستنى بوونی کورد و کوردستان لە دژی داگیرکەری پاکتاوکار.

قەرەسوو وتیشی "دەبێت کورد ئەوە ببینێت، کە قەیوم دوژمنایەتیکردنى کوردانە و بەوەش هەڵوێستى خۆیان بخەنەڕوو. ئەگەر ئاکەپەییەکان هەڵبژێردرێن، هەر ئەو کارە دەکەن کە قەیومەکان ئێستا ئەنجامى دەدەن. لەبەر ئەوەش تەیب ئەردۆغان هەموو رۆژێک بەرگری لە قەیومەکان دەکات".

قەرەسوو باسی ئەوەشیکرد، قسەکانى ئەردۆغان لە ئامەد دوژمنایەتیکردنى کورد بوو و وتیشی "دەبێت کورد لە هەموو ئاستێکی تێکۆشاندا وەڵامى ئەو دوژمنایەتیى ئەردۆغان بەرامبەر بە کورد بدەنەوە".

ر.م