قەرەیلان: لێپرسینەوەمان لە داگیرکەریى تورکیا لێپرسینەوەیەکى مێژووییە

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، دەوڵەتى تورکیا لە ژێر زەوی، لەسەر زەوی و لە ئاسمان چى دەکات با بیکات ئێمە لە دژی خۆڕاگرى دەکەین و هێزەکەى تێکدەشکێنین. لێپرسینەوەمان لە داگیرکەریى تورکیا لێپرسینەوەیەکى مێژووییە.

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، لە ناو گەریلادا گۆڕانکارییەکى گەورە ئەنجامدراوە. ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە ئەنجام نەدرایە ئەوا نەدەتوانرا لەو ٢ - ٣ ساڵەی رابردوودا شەڕێکى ئەوەندە گەورە ئەنجام بدرێت.

قەرەیلان راشیگەیاند "لە راستیدا دەوڵەتى تورک لە بەرامبەر ئێمەدا تێکشکاوە. دەیەوێت بە تەکنەلۆژیا و هەواڵگری تێکشکاندنەکەى بشارێتەوە. دەیەوێت بە ئامێری تەکنەلۆژی گورز لە ئێمە بدات و تێکشکانەکەى خۆی سوک بکات. ئێمەش لە دژى ئەوە هەوڵ دەدەین و تەکنیکى مرۆیى، هونەر و زیرەکی گەشە پێدەدەین. ئێمە تەنها خۆشمان بەوە سنووردار ناکەین و تەکنۆلۆژیاش پێشدەخەین".

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیى ستێرک تیڤی دا وڵاەمى پرسیارەکانى پەیامنێر جوان تونچی دایەوە.

کۆنسێپتى دژ بە کورد

قەرەیلان وتى، کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و میزۆپۆتامیادا راستییەکە. ناتوانن مافى ژیانی ئازاد بۆ کورد بە کوشتن، توندوتیژی و هێرش لەناو ببەن. کۆنسێپت (عەقڵییەت)ی دژ بە کورد کە دەوڵەتەکان دروستیان کردووە مەترسیدارە.

وتیشی "وا دیارە هەندێک لەلایەنەکانى کورد و هەندێک لە هێزە ناوچەییەکان و گەلی تورکیش لەو کۆنسێپتە تێنگەیشتوون کە هەوڵ دەدرێت لە دژی کورد پەیڕەو بکرێت. ئاکەپە، ئەرگەنەکۆن، مەهەپە و هێزە شاراوە و قوڵەکان لەسەر کۆنسێپتى نوێ رێککەوتوون. ئامانجی یەکەمیان ئەوەیە بزووتنەوەى ئازادی، کە بۆ خۆیان بە لەمپەری دەزانن پاکتاو بکەن. کێشەکە تەنها پەکەکە نییە، بەڵکو هەموو دەستکەوتەکانى کوردیان کردووەتە ئامانجی کۆنسێپتەکەیان. ئەوەش راستییەکى زۆر ئاشکرایە. لەلایەکى ترەوە دەوڵەتى تورک نەک تەنها لە ناو سنوورەکانى خۆیدا، بەڵکو دەیەوێت لە دەرەوەى سنوورەکانیشى بەشێوەى توندوتیژانە و خۆسەپێنرانە ببێتە دەوڵەتێکى باڵادەست. ئەو هاوپەیمانییەى لە نێوان ئەرگەنەکۆن، مەهەپە، ئاکەپە و قاعیدە دا پلانى بۆ دانراوە و کار بۆ خستنەگەڕى دەکرێت، نەک تەنها لە دژی کورد، بەڵکو لە دژى عەرەب، فارس، سوریانی و ئەرمەنیش کار دەکات و ئەوەش بۆ گەلانى ناوچەکە مەترسییە.

تۆرانییەتیى ژۆن تورکەکان

هاوپەیمانیى ئەو هێزانە وەک ژۆن تورکەکان (تورکە لاوەکان) تۆرانیەتیان بۆ خۆیان کردووەتە ئامانج. دەوڵەتى تورک خەون بەوەوە دەبینێت لەناوچەکەدا خۆی گەورەتر بکات. ئەگەر لە یادتان بێت ئەرگەنەکۆن پێشتر وتبووی 'دەبێت ئێمە دیسانەوە لۆزان بۆ خۆمان زیندوو بکەینەوە' یانى دەیانەوێت سنوورەکانى میساقی میللی بخەنەوە ژێر دەستى خۆیان و لەو رێگەیەوە باشوور و رۆژئاواى کوردستان داگیربکەن. ئەوان بۆ خۆیان بە ئاشکرا باسی ئەوە دەکەن".

بەشداری لەو هاوپەیمانییەدا نەکەن

قەرەیلان ئەوەشى وت، دەبێت هێزە ناوچییەکان ئەو کۆنسێپتەی دەوڵەتى تورکیا ببینن، کە پێکەوە دەجوڵێنەوە و ئارمانجی سەرەکییان ئەوەیە سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورد بە تەواوی جێبەجێ بکەن. سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوە پێشتر لەسەر ئەرمەکانیان جێبەجێ کردبوو و ئێستاش دەیانەوێت ئەو سیاسەتە بەرامبەر بە کورد جێبەجێ بکەن.

قەرەیلان وتیشی "وەک نمونەی ئەمدواییە، کە ئێران و تورکیا لەگەڵ یەکتر دانیشتن. لەسەر ناوەرۆکى دانیشتنەکە هەندێک گومان و نیگەرانی بۆ ئێمە دروست بوو. دەوڵەتى ئێران دوای دانیشتنەکەى تاران، کە بەردەوامیى دانیشتنەکانى ئاستانا بوو لە دژى کورد هێرشێکى دەستپێکرد. هێرشیان کردە سەر کۆیە، چالاکوانانى کوردیان لەسێدارە دا و هێرشیان کردە سەر کۆدار و پەژاک. ئەوە نیگەرانییەکانى ئێمە زیاتر دەکات. ئێران لەلایەکەوە هێرش دەکاتە سەر کورد و لە لایەکى تریشەوە دەیەوێت خۆی نزیک لە کورد نیشان بدات. ئەگەر بەڕاستى دەیانەوێت ببنە خاوەنی هەڵوێستێکى باش ئەوا نابێت لەگەڵ کۆنسێپتى میللەگەرای تورکدا بن".

خەون بەوەوە دەبینین ببنە سەردەست

قەرەیلان ئەوەى بەبیرخستەوە، ئەو کۆنسێپتەی تورکیا رێکخستووە بۆ ئێرانیش مەترسییە، چونکە ئامانجی تورکیا ئەوەیە کە لە ناوچەکەدا خۆی باڵادەست بکات. بابەتەکە ئەوەیە دەیەوێت سوریا کۆنترۆڵ بکات. هەڵبەت ئێرانیش دەیەوێت لە هەرێمەکەدا خۆى باڵادەست بکات. ئێران و تورکیا ٦٠٠ ساڵە لە هەرێمەکەدا لە ململانێ و پێشبڕکێدان لەگەڵ یەکتر "بۆ ئەوەش ئەوەى ئێمە دەمانەوێت باسی بکەین ئەوەیە، ئەو هێزانەى کە لەگەڵ یەکتر ناکۆکن لەسەر دژایەتیکردنى کورد رێککەوتون، بەڵام ئەوە بەسەر خۆیاندا دەشکێتەوە".

لەسەر خوێنى کورد نابێت

قەرەیلان وتى، کێشەى رۆژهەڵاتى کوردستان بە توندوتیژى نا، بەڵکو بە گفتوگۆ و دیالۆگ و رێگاى سیاسی چارەسەر دەبێت. وتیشی "وەک دەزانرێت هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دژی ئێران خاوەنى هەڵوێستێکى هاوبەشن. هەروەها گەمارۆیان خستووەتە سەر ئێران. ئێمەى کورد نابینە لایەنێک لەو بابەتەدا، پێویستیش ناکات ئێمە ببینە لایەن. دەبێت هیچ کەسێک ناکۆکییەکانى لەسەر ئێمە و لەسەر خوێنى کورد چارەسەر نەکات. نە تورکیا و نە ئێران و نەمریکا و هێزەکانى تریش نابێت ناتکۆکییەکانیان لەسەر حسابی کورد چارەسەر بکەن. ئێمەى کورد دەمانەوێت مافە سروشتییەکانمان کە دەستیان بەسەردا گیراوە بەدەست بهێنین. ئێمە دەمانەوێت لەم خاکەدا بە ئازادی بژین. مافی ئێمەیە ئەو ژیانەى لێمان سەندراوە بە دەستى بهێنینەوە. کێشەکە ئەوەیە. ئەگەر نا ئێمە کێشەمان ئەوە نییە کە لێرە و لەوێ جموجوڵ بکەین. ئەو دۆخەش هیچ سوودێکى بۆ ئێران نییە. راستە دەبێت کورد لایەن نەبن، بەڵام دەبێت هێزەکەى بەرامبەریش لەسەر کورد زۆرداری و توندوتیژی ئەنجام نەدات بۆ ئەوەى کورد نەبنە لایەن. نزیکایەتیى ئێمە ئەوەیە و دەمانەوێت کێشەى کورد لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت. بە کوشتنی بەڕێوەبەرانى کورد، بە گوشار و زۆرداری نابێت. ئەو شێوازە راست نییە کە کورد بخەنە بەرامبەر خۆیان، چونکە لەوە هیچیان دەست ناکەوێت. هاوپەیمانى و رێککەوتن لەسەر هێڵى ئەرگەنەکۆن، مەهەپە، ئاکەپە و ئیخوان موسلیمن زۆر مەترسیدارە. ئەوەش مەترسییە بۆ گەلی فارس و گەلانى ئێران".

سیاسەتى بەرامبەر بە ئیمراڵی بۆ دژایەتیکردنى کوردە

قەرەیلان باسى ئەوەیکرد، سیاسەتى دەوڵەتى تورکیا لەسەر ئیمرالی بەفراوانە و وتى "لەوێیەوە دەستى پێکرد و هەنگاو بە هەنگاو بڵاوى دەکاتەوە. دەیەوێت هەموو زیندانەکان وەک ئیمراڵی لێ بکات و ئەوە بەسەر هەموو کورد دا جێبەجێ بکات. دەیەوێت هەموو کورد گۆشەگیر بکات. سیاسەتى بەرامبەر بە ئیمراڵی تەنها لە دژ کەسێک نییە. لە کەسایەتیى رێبەر ئاپۆدا لە دژی هەموو کورد جێبەجێ دەکرێت. ئەو رێبەری گەلی کوردە. ١١ ملیۆن ئیمزای بۆ کۆکراوەتەوە. واژۆەکان لەگەڵ نوێنەرەکان تەسدیق کران و لە بروکسل رادەستى هێزە نێونەتەوەییەکان کرا. لە دژی ئیرادەیەکى لەو شێوەیە پێداگری لە ئەشکەنجەی دەروونی و گۆشەگیری دەکەن. ئەوە نزیکایەتیى ئەوان بەرامبەر بە کورد روون دەکاتەوە".

گەل و بزووتنەوەکەمان بەرپرسیارێتییان هەیە

قەرەیلان ئاماژەى بەوەکرد، بەرپرسیارێتیمان هەیە بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییە "چونکە ئەوە زوڵمێکە لەسەر کورد. ئەو گۆشەگیرییە هەم لە دژى یاسا نێونەتەوەییەکان و هەم لە دژی سیستمى یاسایى تورکیایە. هەروەها هیچ پێوەرێکى ئەخلاقیى نییە. ئەردۆغان خۆی ئەو کارە دەکات. ئەوە ٣ ساڵە کەس نازانێت لە ئیمراڵی چی روو دەدات. ئێمە وەک گەل و بزووتنەوە دەبێت بەرپرسیارێتیى خۆمان بەرامبەر ئەو دۆخە ببینن و گۆشەگیرییەکە لاببەین. بۆ ئەوەش دەبێت گەشە بە تێکۆشان بدەین".

شەڕێکى گەورە لە ئارادایە

قەرەیلان لەبارەى تێکۆشانى بێ هاوتای گەریلاوە وتى "لە نێوان ئێمە و دەوڵەتى تورکدا شەڕێکى قورس هەیە. ئێمە بە کەمی دەتوانین ئەوەى روودەدات بە زمان شیی بکەینەوە و باسی بکەن و بەشێوەیەکى کاریگەرانە بیخەینەڕوو. ئێمە لەسەر هەموو شتێک قسە ناکەین. ئێمە ناتوانین میدیا و راگەیاندن بە خێرایى و کاریگەرانە بەکاربهێنین. هاوڕێ هێژاکانیشمان شەهید دەبن. ئێمە دەزانین کە دەبێت هەڵمەتێکى تۆڵەسەندنەوە دەستپێبکەین. ئێمە لە دەریای رەشەوە تاکو زاگرۆس لە دژى داگیرکەریى تورک شەڕ دەکەین. میدیاى تورک هەموو رۆژێک دەڵێن 'لە دەریاى رەش ٢ کەس ماوە' خەریکى بڵاوکردنەوەى ئەو جۆرە درۆ و دەلەسەیەن، بەڵام دوو سێ رۆژ لەوە پێش هەڤاڵانمان گورزیان لە دوژمن وەشاند و چەندین سەرباز کوژران. هەڤاڵێکمان بە ناوی چیاگەر بە قارەمانانە شەڕی کردبوو و شەهیدبوو. ئەوە چەند ساڵە دەڵێن 'لە دەریای رەش ٢ کەس ماوە' لە نێوان ئێمە و تورکیادا شەڕێکى قورس هەیە و ئەو شەڕەش تەنها لە باکووری کوردستان و تورکیادا نییە. هەروەها لە باشووری کوردستانیشدا شەڕ هەیە. لە  عەفرین گەلەکەمان لە دژى دەوڵەتى تورک شەڕێکى گەورە بەڕێوە دەبات".

 داگیرکەر ناتوانێت خۆی رابگرێت

قەرەیلان ئەوەشى وت، تا عەفرین و هەموو کوردستان لە داگیرکەر رزگار و ئازاد نەکرێت، ناتوانین بە خۆمان بڵێین، شۆڕشگێڕی هاوچەرخ. ئەوان ئاگاداری ئێش و ئازار و دژوارییەکانى گەلی عەفرینن. تاوەکو یەک کورد خاوەنی رامان و بیر و گیانى ئاپۆیى بێت ئەوا داگیرکەر ناتوانێت خۆى رابگرێت.

ئێمە تەکنەلۆژیایش پێشدەخەین

قەرەیلان ئەوەشى خستەڕوو، لە ناو گەریلادا گۆڕانکارییەکى گەورە روویداوە. ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە رووی نەدایە نەیدەتوانى لەو ٢ -٣ ساڵەدا شەڕێکى ئەوەندە گەورە ئەنجام بدات. وتیشی "لە راستیدا دەوڵەتى تورک لە بەرامبەرماندا تێکشکاوە. دەیەوێت بە تەکنەلۆژیا و هەواڵگری تێکشکاندنەکەى خۆی بشارێتەوە. دەیەوێت بە ئامێرى تەکنەلۆژی گورزمان لێ بدات و تێکشکانەکەى خۆی سوک بکات. ئێمە لە دژی ئەوە هەوڵ دەدەین تەکنیکى مرۆیى، هونەر و زیرەکى گەشە پێبدەین. ئێمە تەنها بەوەوە ناوەستین و گەشەش بە تەکنەلۆژیا دەدەین. ئەو دەوڵەتە لە ژێر زەوی، لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە چی دەکات با بیکات، ئێمە لە دژی خۆڕاگری دەکەین و هێزەکەى تێکدەشکێنین. لێپرسینەوەى ئێمە لە داگیرکەریى تورکیا لێپرسینەوەیەکى مێژووییە. رێبەرایەتى لەسەر ئەو بابەتە رێنمایى پێویستی بۆ خستوینەتە روو. ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی رێبەرایەتی بەسە بۆ ئەوەى مرۆڤ بگاتە ئاسمان. بەو تەکنیک و تاکتیکانە دوژمن تێکدەشکێت. دەبێت ئەوە بزانرێت ئەو بابەتە لە خەباتى ئێمەدا درێژەى هەیە، ئێمە قوڵتر دەبینەوە و هەڵمەتى شۆڕشگێڕى دەخەینە سەر شانی خۆمان".

 کۆتایى بە داگیرکەری دەهێنرێت

موردا قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە ئەوەشى وت، بە قۆناغێکى هەستیار و ناسکدا تێدەپەڕن و وتیشی "ئەوە قۆناغێکى قورسە. خۆی لە خۆیدا قۆناغە قورسەکان ئەوە بە مرۆڤ نیشان دەدەن، کە کاروبارەکان دەبێت چۆن بن و راستى مرۆڤەکانیش دەردەکەوێت. لە کاتى ئاسوودەیدا هەموو کەس دەتوانێت قسە بکات یان هەندێک کار ئەنجام بدات، بەڵام لەم قۆناغەدا دەبێت مرۆڤی خاوەن ئیرادە و خاوەن بڕیار خۆیان نیشان بدەن و قۆڵی لێهەماڵن. دەبێت لەم قۆناغەدا ژنان و گەنجان زیاتر بە بەرپرسیارێتییەکانیان هەستن. شەڕ قورسە. ئەگەر ئەو شەڕە گەورەیە، ئەو شەڕە بە ئاستە گەورەیەى ئێستایەوە تێکبشکێنرێت ئەوا ئیدی لە کوردستان کۆتایى بە زوڵم و داگیرکەرى دەهێنرێت".

ر.م