قەڕەیلان: پێویستە کەس نەکەوێتە تەڵەکەوە

قەڕەیلان ڕایگەیاند، پێویستە هەموو کەسێک پیلانی نوێی دەوڵەتی تورک ببینێت و وتی،"ئێمە ناکەوینە تەڵەی داگیرکەری تورکەوە. پێویستە هیچ کەسێکیش نەکەوێتەوە ئەو تەڵەیەوە و بە تەئکیدی پیلانەکان پووچەڵ دەکەینەوە.

موراد قەڕەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بۆ ڕادیۆی دەنگی وڵات قسەی کرد.

بە بۆنەی ٢٤مین ساڵیادی چالاکی فیدایی شەهید زیلان (زەینەب کناجی) کە لە ٣٠ حوزەیرانی ١٩٩٦دا لە دەرسیم ئەنجامیدا، موڕاد قەڕەیلان بەڕێزەوە یادی شەهید زیلانی کردەوە و ڕایگەیاند، کاتێک سەرنج بدەینە سەر مێژووی تەڤگەرەکەمان دەبینین کە لە دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ و بەملاوە ڕوحی فیدایی لە لوتکەدایە. هەڤاڵ مەزلۆم دۆغان ئەم ڕاستیەی لە زیندانی ئامەد بە دروشمی 'بەرخۆدان ژیانە' پراکتیزە کرد. هاوڕێ زیلانیش بە چالاکیەکەی بەردەوامی بە ڕێچکە و ڕێبازی فیداییدا. لەسەر بناغەی ئەم تێکۆشانەدا هێزی تایبەت دروستکرا و ڕێبازی فیداییبوون خووڵقێنرا. بۆیە ئەم چالاکییە هەنگاوێکی مێژوویی گرنگە. چالاکی هەڤاڵ سەما یوجە، هەڤاڵ گولان (فیلیز یەرلتکایا) و هەنگاوەکانی دواتر لە چوارچێوەی ڕوحی فیداییبووندا ئەنجامدران."

قەڕەیلان هەروەها وەبیریهێنایەوە کە یەکەمین ساڵیادی شەهادەتی شۆڕشگێری هێژا هەڵمەت (دیار غەریب)ـە و وتی، "لە کەسایەتی هاوڕێ هەڵمەتدا یادی هەموو شەهیدانی شۆرش دەکەمەوە و ئەو بەڵێنەی کە داومانە دووبارەی دەکەمەوە. هاوڕێ هەڵمەت لە ناو تێکۆشانی ئێمەدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی بینی. ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە بوو. هەروەها ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە بوو. بێگۆمان شەهادەتی هاوڕێ هەڵمەت بۆ ئێمە زیانێکی گەورە بوو. گەنجانی کوردستان بۆ ئەوەی تۆڵەی شەهید هەڤاڵ هەڵمەت بکەنەوە و لێپرسینەوە بکەن فیداکاری گەورەیان کرد، لە تێکۆشانی تٶڵەسەندنەوەدا هەنگاوی گرنگ نران. لەسەر ئەم بناغەیە قۆناغی لێپرسینەوە و حسابپرسین بەردەوامە."

قەڕەیلان هەروەها وەبیریهێنایەوە کە ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ و سەعید و ٤٧ هاوڕێکەیەتی و لە ٩٥ ساڵیادیاندا لە کەسایەتی شێخ سەعید یادی هەموو شەهیدانی کوردستانی کردەوە و وتی،" تێکۆشانی ئازادی کوردستان لە بەرزترین ئاستدا تۆڵەی شەهیدان دەکاتەوە."

'هێرشی ١٥ی حوزەیران بە تەواوی پووچەڵبووەتەوە و بێئەنجام بووە'

قەڕەیلان ئاماژەی بە هێرشی ١٥ی حوزەیران بۆسەر شەنگال، مەخموور و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کرد و وتی،"دوژمن هیچ ئەنجامێکی بەدەستنەهێناوە. ئێمە شەهیدمان نەداوە. سەرەتا لە شەنگال زانیاریمان بەدەستنەهێنا، بەڵام ئێستا زانیاریمان لەبەردەستە. وەک ئەوەی لە ڕاگەیاندنیشدا باسی لێوەکرا، سێ شەڕڤانی یەبەشە برینداربوون، جگە لەوە زیانی ترمان نییە. لە هیچ شوێنێکی تریش زیانمان نەبووە. واتە هێرشی ١٥ی حوزەیران کە دوژمن ئەنجامیدا پووچەڵ بووەتەوە و ئەنجامی نەبووە."

قەڕەیلان لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لە هێرشەکانی سەر حەفتانین کرد و وتی،"لە ماوەی ١٤ ڕۆژی ڕابردوودا لە حەفتانین داستانی قاڕەمانێتی گەورە تۆمارکراون. بەرخۆدانی عەگید، مەزلۆم، ئامارا و مەیمام و هەڤاڵان، بەرخۆدانێکی واتادار و قووڵ بوو."

دوژمن بگاتە هەر شوێنێک، باجێکی زۆر قوڕس دەدات'

قەڕەیلان ئەوەی خستەڕوو کە لە حەفتانین شەڕ بەردەوامە و وتی،"دوژمن هەندێک دەڤەری کۆنتڕۆڵ کردووە. دەتوانێت بیگرێت، بەڵام گەریلاکانیش لەناویاندان. خۆی پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، دوژمن کە دەڤەرێک دەگرێت، با بیگرێت، بەڵام باجێکی زۆر قوڕس دەدات. واتە زۆری لیدەکوژرێت و دواتر دەتوانێت شوێنێک بگرێت. ئەگەر لەوێ بمێنێتەوە هەموو کاتێک باجەکەی دەدات، لێیان دەکوژرێت. گەریلاکانی کوردستان بە ڕێبازی خۆسەری خۆیان ڕێگا نادەن کە دوژمن لەسەر خاکی کوردستان بە ئاسانی بمێنێتەوە و هیچ کاتێکیش ڕێگا بەوە نادەن. ڕێگا نادەن کە خاکی کوردستان بە ئاسانی داگیر بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا بەرخۆدانی گەریلا لە حەفتانین بەردەوامە."

'دوژمن دەیەوێت سەرەتا هەرێمی ئارام دروست بکات و دواتر باشوور بەتەواوی داگیر بکات'

لەبارەی ئامانجی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکەری قەڕەیلان وتی،"بێگۆمان ئامانجی دوژمن داگیرکردنی هەموو سنورەکانی مساقی میللیە. بەڵام لە سەرەتادا دەیەوێت هەرێمێکی ئارام دروست بکات. ئامانجەکەی لە هەرێمی ئارام بە تەنها خواکورک تا حەفتانین نییە. لە هەمانکاتدا لە ڕۆژئاواش هەمان پیلانی داڕشتبوو. واتە دەیەوێت لە خواکورکەوە تا عەفرین هەرێمێکی ئارام دروست بکات. ئەگەر هەرێمێکی بەم شێوەیەی ئارام دروست بکات. خۆی زۆربەی خاکی ڕۆژئاوا داگیر دەکات و هەرێمە ستراتیژەیەکانی باشووریش داگیر دەکات. ئاشکراشە کە دواتر هەموو خاکی باشوور داگیر دەکات. واتە ئامانجەکەی ئەوەیە کە لەم چوارچێوەیەدا هێرش دەکات. بۆیەش ریسکی گەورەی لەبەرچاو گرتووە. زۆری لێدەکوژرێت بەڵام باسیان ناکات، هەرجارەو باسی یەکێکیان دەکات. بۆ نمونە دەڵێت'ئەفسەرێک کوژرا'. باشە ئەو ئەفسەرە چۆن کوژرا؟. ئەفسەر فەرماندەی هێزێکە، ئایا ئەو لە ڕیزەکانی پێشەوەدابوو کە مرد؟ دیارە هێزەکەی هەمووی لەناوچووە و دواتر ئەفسەرەکە کوژراوە. واتە ژمارەیەکی زۆریان لێدەکوژرێت."

'ئەم شەڕە، شەڕی نێوان گەلانی هەرێمەکە و هێڵێ داگیرکەری – شۆفێنی تورکە'

قەڕەیلان ئەوەی خستەڕوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە پشتگیری هێزە دەرەکیەکان هێرش دەکات و وتی،"ئێمە دەمانەوێت هەموو کەسێک ڕاستی داگیرکاری تورک ببینێت. گەلی کورد، سیاسەتمەدارانی کوردستان، گەلی عەرەب و دەوڵەتە عەرەبیەکان پێویستە ئەمە ببینن. سیاسەتی داگیرکەری نوێی ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست مەترسیەکی گەورەی هەیە، بەڵام ئێمە وەک گەریلاکانی پەکەکە لەدژی ئەم مەترسیە بەناوی گەلی کوردستان و گەلانی هەرێمەکە هەموویان بەرخۆدان دەکەین و شەڕ بەڕێوەدەبەین. ئەم شەڕە بە تەنها شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی فاشیستی تورک نییە. هەڵەیە کە بەم شێوەیە پێناسەی بۆ بکرێت. ئەم شەڕە شەڕی نیوان کورد و هێلێ داگیرکەری – شۆڤێنی تورکە. لە هەمانکاتدا شەڕی گەلانی هەرێمەکەیە لەدژی ئەو خەتە. لەسەر ئەم بناغەیە بەرخۆدانی ئێمە بەردەوامە."

'هێرشەکانی دژی سلێمانی، شەنگال و کۆبانێ ئاسایی نین'

موراد قەڕەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە یادی شەهیدانی کۆبانێ، شێلادزێ و شارەزووری کردەوە و وتی،"شەهیدانی دۆزی ئێمە پیرۆزن، شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کوردستانن. خوێنی ئەوان بە فیڕۆ ناروات، بە تەئکیدی تۆڵەیان دەکرێتەوە.

بێگۆمان داگیرکەری تورک ئەو هێرشانە لەسەر بناغەی پیلانێک بەڕێوەدەبات. واتە دەوڵەتی تورک لە سلێمانی تا شەنگال و کۆبانێ بێواتە هێرش ناکات. هێرشی پیلانبۆدارێژراون. ئاسایی نین. ئامانجی سەرەکیان ترساندنی کۆمەڵگای کورد و دیلگرتنی کۆمەڵگایە. بەم شێوەیە دەیانەوێت لەسەر سێ پارچەی کوردستان سەردەست بن. نە تەنها لە باکووری کوردستان دەیەوێت لە باشوور و ڕۆژئاواش سەردەست بێت. واتە ئامانجی گشتی بەم شێوەیەیە.

لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە دەیەوێت گەلی هەرێمەکە بترسێنێت و ئاوارەیان بکات. بۆ نمونە بە ئەنقەست هێرش دەکاتە سەر دەرکار و گوندەکانی دەوروبەری. بە چاوترساندنی گەل دەیەوێت گوندەکان چۆڵ بکات. بەم شێوەیە دەیەوێت کارەکەی ئاسان بکات و کێ لە هەرێمەکە بجووڵێتەوە یەکسەر لێی بدات."

قەڕەیلان باسی ئەوەشی کرد کە بابەتێکی تری گرنگ ئەوەیە کە بەم جۆرە ڕێبازانە دەیانەوێت ناکۆکی لەنیوان سیاسەتی کوردستاندا دروست بکەن و لەبەرانبەر یەکتری بووەستنەوە و بەم شێوەیە هەوڵی تێکدەری دەدەن و وتی،"بۆ نمونە لە هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پەنەکە هێرش دەکەن و بەم شێوەیە دەیانەویت ناکۆکی دروست بکەن. بە تایبەتی ئێمە واتە پەکەکە دەکەنە بیانۆ و هێرش دەکەن. ئێمە لە شارباژێر و ناوچەکانی تر نین. بەڵام دەبینرێت کە پژاک دەکرێتە ئامانج. واتە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتیشیان خستووەتە ناو لیستەکەیاندا. بەم شێوەیە دەیانەوێت لە نێوان هێزەکانی کوردستاندا ناکۆکی دروست بکەن. لەنیوان، پەکەکە و یەنەکە هەروەها پەکەکە و پەدەکەدا ناکۆکی دروست بکەن. پلانەکە بەم شێوەیەیە. دەیانەوێت لەنێوان هێزە کوردیەکاندا شەڕ هەڵگیرسێنن.

'پێویستە هەموو کەسێک پلانی نوێی دەوڵەتی تورک ببینێت و نەکەوێتە تەڵەوە'

ئێمە ئەمە دەڵێین: تورک ناتوانێت بگاتە ئامانجەکانی. پێویستە هەموو کەسێک ئەم پلانە نوێیەی دەوڵەتی تورک ببینێت و کەس نەکەوێتە تەڵەوە. ئێمە لە لایەن خۆمانەوە ئەمە دەڵێین: ئێمە ناکەوینە تەڵەی داگیرکەری تورکەوە. پێویستە کەس نەکەوێت تەڵەکەوە و ئەم پلانانەی دوژمن بە تەئکیدی پووچەڵ بکەنەوە. لەم ڕووەوە ڕاگەیەنراوی کاریگەری هیوادار بڵاودەکرێتەوە. نمونە، سیاسەتمەداری هێژا بەڕێز شناز ئیبراهیم ئەحمەد ڕاگەیەنراوی بڵاکردەوە. واتادار بوو. ئەگەر هێزە کوردستانیەکان لەم چوارچێوەیەدا بجوولێنەوە، ئێمە دەتوانین هێرشەکانی سەر کوردستان هەمووان تێکبشکێنین. واتە پێویستی گەل بەم هەنگاوە هەیە کە لەدژی هێرشەکانی دوژمن یەکبین و پشتگیری یەکتری بکەین. ئەگەر ئەمە بکرێت هێرشەکانی دوژمن تێکدەشکێنرێن.

ئێمە لە قۆناغی بەرلە ٥٠ – ١٠٠ ساڵ لەمەوبەردا نین. ئێمە گەیشتووینەتە ئاستێک. کێشەی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە بڵاوین. ئەگەر سیاسەتی یەکگرتوو، ستراتژیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو پیشانبدرێت، دەوڵەتانی دەوروبەر ناتوانین وەک پێشوو بڵێن: "ئێمە بچین، لێیان بدەین، پارچەیان بکەن، بڵاویان بکەینەوە و دەستیان بەسەردابگرین."

'هەڵوێستی گەلی باشوورمان هێژایە'

موراد قەڕەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕاشیگەیاند کە هەڵویستی گەل لەدژی هێرشی داگیرکەری بە گشتی ئەرێنیە و وتی،"بە تایبەتی گەلەکەمان لە سلێمانی و گەرمیان هەڵویستێکی نەتەوەی و بەرخۆدێریان پیشاندا. هەروەها شێلادزێ بەتەنها وەستایەوە و بە شێوەیەکی بوێرانە و قاڕەمانانە هەڵوێستی دەربڕی. لە کەسایەتی گەلەکەماندا لە سلێمانی، گەرمیان و شێلادزێ سڵاوی خۆم پێشکەش بە هەموو گەلی باشوور دەکەم. هەڵوێستی گەلەکەمان لە شێلادزێ بۆ هەموو وڵاتپارێزێک مایەی سەربەرزیە. سڵاوی خۆمان پێشکەش بە گەلەکەمان لە شێلادزێ دەکەین. هەڵوێستی وڵاتپاریزیان زۆر هێژایە. ئێمە بڕوامان وایە کە گەلی بادینان و هەموو باشووری کوردستان خاوەن ئەم ڕۆحەن. کێشە لەنێوان سیاسەتمەداراندایە و گەلی کورد لەم پرسەدا لەپێش سیاسەتمەداراندایە. پێویستە ئەمە بگوترێت."

قەرەیلان وەبیریهێنایەوە کە لە باشووری کوردستان نزیکەی ٢٠ پارتی هەن، کەسێک لەوان لێدوانێک نادات و ناڵێت، خەڵکی مەدەنیمان دەکوژرێن یان دەوڵەتی تورک دەیەوێت ولاتەکەمان داگیر بکات و وتی،"پێویستە سیاسەتمەدارانیش مەترسی سەر کوردستان ببینن. ئەم شەڕە شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورک نییە. شەڕێکی ستراتیژی و فراوانە. پێویستە ئەمە ببینرێت."

'تێکۆشان لەدژی گۆشەگیری ئەرکی هەموو کەسێکە'

قەڕەیلان باسی لە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیش کرد و وتی،"گۆشەگیری ئیمڕالی لە تورکیا وەک فاشیزم، لە کوردستان وەک کردەوەی فاشیستی و قڕکردن کەوتووەتەگەڕ. واتە لە بناغەی سیاسەتی گۆشەگیری ئیمرالیدا فاشیزم و قڕکردن هەیە. لەبەرئەوەش تا گۆشەگیری لە ئیمڕالی کۆتایی پێنەهێنرێت، سیاسەتی قڕکردن و فاشیزم لە تورکیا کۆتایی نایەت. ئێمە تێکۆشان لەدژی سیاسەتی گۆشەگیری وەک ئەرکێک دەبینین و لە هەمانکاتدا ئەرکی هەموو کەسانی لایەنگری دیموکراسی، ئارامی و دادپەروەری لە تورکیایە کە لەدژی گۆشەگیری بووەستنەوە و تێکۆشان بکەن."

ف.ق