کۆمیتەی کاروباری کۆمەڵایەتیی كۆمه‌ڵگه‌ی ئازادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان - کۆدار ده‌رباره‌ی پێشهاته‌كانی به‌رخۆدانی عه‌فرین و كاردانه‌وه و پڕوپاگه‌نده‌ی كۆمه‌ڵێك كه‌س و لایه‌ن ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و داوای له دۆست و ئه‌ندامانی كۆدار كرد به‌پێی پره‌نسیپه‌كانی هێڵی سێیه‌م و ته‌ڤگه‌ری ئاپۆیی مامه‌ڵه بكه‌ن و ڕێگه نه‌ده‌ن ڕابكێشرێنه نێو هه‌ندێك گفتوگۆی ئاست نزم.
كۆدار ڕایگه‌یاند: پرەنسیپ و پێوه‌رێكی دیاری تەڤگەری ئاپۆیی بە هەموو ئۆرگانەکانیەوە بریتیە لە گرتنەبەری هێڵی سێیه‌م و ئەم پرەنسیپەش تەنها بریتی نییه لە هەڵوێستە فەرمییه سیاسی و سەربازییه‌کان کە لە لایەن بەرپرسە باڵاکانی ته‌ڤگه‌ری ئاپۆییەوە دیار و دەستنیشان دەکرێن، بەڵکو هێڵی سێیه‌م پێوه‌رێكه كه بەبێ جیاوازی هەموو لایەنەکانی ژیان له‌خۆ ده‌گرێت و هەموو ئەندامان و ئەو کەسانەش ئەرکدار دەکات کە خۆیان وەک لایەنگر و دۆستی تەڤگەر دەناسێنن و باوەڕیان بە ئایدیۆلۆژیا و فیکری ڕێبەر ئاپۆ هەیە.
«لەگەڵ دەستپێکردنی پەلامارە داگیرکارییه‌کانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر عەفرین، دابەشبوونێک لە هەڵوێست وه‌رگرتندا لە نێو کۆمەڵگه، تاک و لایەنە سیاسیەکان دەرکەوتووه کە هەندێکیان زۆر وهڵاتپارێزانە، بەرپرسیارانه و لەجێدابوون، هەندێکیشیان دوژمنکارانە و بەمەبەستی ڕەشکردن و ناشیرین کردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەگشتی و بەرخۆدانی عەفرین بەتایبەتی بوون. تەنانەت هەندێك لە ئەندام و لایەنگرانی پارتە سیاسییه‌کانی دیكه کە دیارە خزمەت بە کامە ئەجێندا دەکەن و بەزوڕنای کێ هەڵدەپەڕن، بە شێوەیەکی وروژێنەرانە ده‌ستیان به شرۆڤە و لێدوان كرد تا بەو ڕێگه‌یە دۆستانی تەڤگەری ئاپۆیی ڕابکێشنە مەیدان و ئاستێکی وه‌ها كه شایه‌نی ئه‌و دۆخه بێ كه خۆیان تێیدا دەژین. لە ئەنجامیشدا وەک سەرنج دەدەین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییه‌کاندا و بەتایبەت لە کۆمەڵگه‌ی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشێوەیەکی نه‌شیاو دەمە دەمە و چەلەحانێی نادروست هاتۆتە ئاراوە کە ئەم شێوازە دوورە لە فەلسەفەی ئاپۆییستی.»
کۆمیتەی کاروباری کۆمەڵایەتیی کۆدار ڕایگه‌یاند: ئەو شێوازە دەربڕین و زمانە هی ئێمە نیە، وە هێڵی ئێمە دیارە و کار و خەباتیش کێ دەیکات ڕوون و ئاشکرایە.
كۆدار داوا لە هەموو وه‌ڵاتپارێزان ده‌كات هەرکەس كه خۆی بە ئەندام، دۆست و لایەنگری ته‌ڤگه‌ری ئاپۆیی لە قەڵەم دەدات، دوور بکەوێتەوە لەم شێوازە گفتوگۆیە و دەستبەجێ کۆتایی بە بەکارهێنانی ئەو زمانە بێنن کە بە هیچ جۆرێک هی ئه‌وان نیە.
«بە باوەڕ بوون بە ڕێبەرایەتیی ته‌ڤگه‌ری ئاپۆیی، دەبێت هەرکەس له ڕاستینه‌ی هەڵوێست و پراکتیکی ته‌ڤگه‌ریش تێبگات. هێڵی ئێمە ڕێبازی شەهیدانە، بەرخۆدانی عەفرینیش بەرخۆدانی نەک هه‌ر کورد، بەڵکو به‌رخۆدانی مرۆڤایەتییه و ئێمە وەکو تەڤگەری ئاپۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەر پشتیوانی دەکەین، تەنانەت تا دوا ڕادە و هێزی خۆشمان بەشدارین تێیدا و لەو پێناوەشدا خاوەنی چەندین شەهیدی قارەمانین.»
كۆدار ڕایگه‌یاند: بابه‌تی بەرخۆدانی عەفرین هی ئەوە نییه لە ئاستێکی نزمدا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت. ئەو کەس و لایەنانەش کە ئامانجیان ڕەش کردن و هێرش کردنە سەر بەرخۆدان و شۆڕشە، مێژوویان دیارە و بێگومان ئایندەش دەیسەلمێنێت هێڵی ڕاستی سیاسەت و ستراتیژ کامەیە.
لە کۆتایی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆداردا هاتووه: سڵاو دەنێرین بۆ هەموو وه‌ڵاتپارێزان و خەباتکاران کە هەریەک بە شێوازێک ئەرکێک بەڕێوە دەبەن، ڕێز لە ماندووبوونیان دەگرین. هاوکات پێویستە ئەو ڕاستییه‌ش بزانن کە کاری هەرە باش ئەوەیە لەسەر بنەمای پێوه‌ر و پرەنسیپەکانی ڕێکخستن ئەنجام بدرێت. وە نابێ هیج کات ئەوەش لەبیر بکەین کە دوژمن بەردەوامە لە پلان و بەرنامەی قڕێژ بۆ دروست کردنی ناکۆکی و ئاژاوە دروست کردن لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگه و گەلەکەمان.
S.M