لۆتوس: هێرش لە دژی مەزارگەى شەهیدان بێ وەڵام نابێت

ئۆرهان لۆتوس ئەندامى کۆمیتەى شەهیدانى پەکەکە رایگەیاند، هێرش لە دژی گوڕستانى شەهیدان لە باکووری کوردستان بە بێ وەڵام نابێت.

ئۆرهان لۆتوس ئەندامى کۆمیتەى شەهیدانى پەکەکە لەبارەى هێرشی هێزەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر گۆڕستانى شەهیدان لە ناوچەى لیجەى ئامەد رایگەیاند "لە رۆژانى پیرۆزی جەژنى قوربان دا هێرش لە دژی مەزاری شەهیدان بە مانای هێرشە لە دژی موراڵ و مەعنەویاتى کورد".

لۆتوس راشیگەیاند، لە ناو هیچ ئایین و باوەڕ و ئایدۆلۆژیایەکدا هییچ پاساوێک بۆ ئەو کردەوە دژ بە مرۆڤایەتییە بوونی نییە و ئەوەشی راگەیاند "هێرش لە دژی گۆڕستانەکان هیچ نمونەیەکى لە هیچ شوێنێکدا نییە، ئەوەى ئەو کاری کردووە داعش بوو، کە لەلایەن مرۆڤایەتییەوە ئیدانە کراوە. ئەوەى خاوەن و هەڵگری هەمان عەقڵییەتە دەوڵەتی تورکە بە سەرۆکایەتیى ئاکەپە – مەهەپە. هێرش لە دژی مەزارگەى شەهیدان نیشانەى ئەوەیە، کە خاوەنی هەمان هێڵ و عەقڵییەتى داعشن".

لۆتوس باسی ئەوەیکرد، گەل بەبێ بەها مەعنەوییەکانى ناتوانێت بژی و دەبێت گەلی کورد خاوەنداری لە گۆڕی رۆڵەکانى خۆی بکات.

لۆتوس ئەندامى کۆمیتەى شەهیدانی پەکەکە وتى "گەلی ئامەدی خۆڕاگر و بەرخودێر، سەرباری ئەوەى باج و قوربانیى زۆر قورسیان پێشکەشکردووە، هەرگیز سەریان دانەناوندووە و دەستبەرداری وڵاتپارێزی و شکۆی نەتەوەیى نەبوون، بۆیە گەلی کورد بە ژن، گەنج و بە تەمەنەوە دەبێت لە دژی ئەو هێرشە دڕندانانە بێدەنگ نەبن و وەڵامى پێویستی دوژمن بدەنەوە".

ژ.ت