لە ٧٢هەمین ساڵیادی کۆماری کوردستاندا بە ٧٢ فڕۆکە هێرشیان کردە سەر عەفرین

دەوڵەتى تورک دوژمنی سوێندخواردووی دژ بە کوردە. لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ی بەفرانبار و هاوکات لەگەڵ ٧٢هەمین ساڵیادى دامەزراندنى کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە ٧٢ فڕۆکەى جەنگی دەستیکرد بە هێرشی داگیرکەری بۆ سەر عەفرین.

دەوڵەتی تورک دوژمنی سویندخواردووی دژ بە کورد لە یەکەم رۆژی شۆڕشی رۆژئاواوە پشتیوانیى هەموو گروپە جیهادی و چەتەکانى کرد بۆ دژایەتیکردن و شەڕی دژ بە کورد تاوەکو کورد نەبێت بە هیچ. دواى ئەوە گروپە چەتەکان یەک لە دواى تێکشکێنران، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ی بەفرانبار دەوڵەتى تورک راستەوخۆ بە سوپاکەى دەستیکرد بە هێرش و پەلامار بۆ داگیرکردنی عەفرین.

'بە ریککەوتن لەگەڵ رووسیا عەفرین، بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا منبج'

دەوڵەتى تورک بۆ داگیرکردنى رۆژئاوا لەگەڵ هەموو هێزە ناوچەیى و نێودەوڵەتییەکاندا پەیوەندیى دروستکردووە و بۆ ئەوەش ئامادەی هەموو جۆرە سازش باجێک بوو، کە بیداتە هێزە ناوچەیى و نێودەڵەتییەکان. پێش هێرشەکانی بۆ داگیرکردنى عەفرین لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا دەستیکرد بە سەودا و مامەڵە. تەیب ئەردۆغان دەیوت 'ئەگەر لەگەڵ رووسیا رێبکەوین دەچینە عەفرین، ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا رێبکەوین دەچینە منبج'.

ئاژاوەگێڕیى ئەمریکا

رێکس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەى ئەمریکا پێش داگیرکەرییەکە وتى 'ئێمە بۆ پاراستنى سنوورەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا راهێنان بە هێزێکى ٣٠ هەزار کەسی دەکەین' و ئەوە بووە یەکەم ئاماژە بۆ دەستپێکردنى داگیرکەرییەکە. بەو لێدوانە تێکدەرانەیە بوارێکى زۆر ڕەخسێنرا بۆ ئامادەکردنى دەوڵەتى تورک بۆ  داگیرکەرییەکەی. دواتریش تیلەرسۆن بەهۆی پەیوەندیى تایبەتى لەگەڵ تورکیادا لەسەر کار لابرا.

سەودا و مامەڵە لەگەڵ رووسیا

دەوڵەتى تورک لەگەڵ رووسیا دەستیکرد بە سەودا و مامەڵە و دواى سەوداکەى لەگەڵ رووسیا و چۆڵکردنى غوتەى رۆژهەڵات لە گروپە چەکدارەکان و پێدانى چەندین باج و ئیمتیازی بارزگانی بە رووسیا، رووسیا رێگاى بە تورکیا دا هێرش بکاتە سەر عەفرین. رووسیا ئاسمانى عەفرینی بۆ دەوڵەتى تورک کردەوە و بەوەش گەورەترین رۆڵی لە داگیرکردنى عەفرین دا گێڕا. پێشتریش لە نێوان دەوڵەتەکانى تورک و رووسیادا سەودا و مامەڵەى 'لە بەرامبەر باب دا حەڵەب' ئەنجامدرابوو. ئەمجارەیان سەوداکەیان بۆ 'لە بەرامبەر غوتەى رۆژهەڵاتدا عەفرین' ئەنجامدرا.

لە ٧٢هەمین ساڵیادى کۆماری کوردستاندا بە ٧٢ فڕۆکە هێرشی کردە سەر عەفرین

دەوڵەتى تورک، کە قەناعەتى بە ئەمریکا و رووسیا بۆ داگیرکردنى عەفرین کردبوو لە کاتێکى ماناداردا دەستیکرد بە ئەنجامدانى هێرشەکەى. رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ی بەفرانبار و لەگەڵ ٧٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنى کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە ٧٢ فڕۆکەى جەنگی دەستیکرد بە دهێرشەکانى بۆ سەر عەفرین.

بە چەکی ناتۆ هێرشی کردە سەر کورد

 

دەوڵەتى تورک، سوپا، پۆلیس، جەردەوان و هەموو کارمەندەکانى بۆ عەفرین، کە ناوچەیەکى بچووک بوو خستە ئامادەباشی و جوڵەوە. بۆ ئەوەى دوژمنایەتى خۆی لە دژی کوردان لە ناو کۆمەڵگەدا قوڵتر بکاتەوە لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستى بە ئەنجامدانى هەڵمەتى جۆراوجۆر کرد. لە شارە تورکەکاندا هاووڵاتییانیان بردە ناوەندە سەربازییەکان و ناوەکانیان بۆ بەشداریکردن لە شەڕی عەفریندا تۆمار کردن. بە تانک، تۆپ و پێشکەوتوترین چەکی ناتۆ دەستی بە بۆردومان و هێرشکردنە سەر عەفرین کرد. ئەو هێرش و  بۆردومانە بۆ ماوەى ٢٤ کاتژمێر بەشێوەى راستەوخۆ لە تەلەفزیۆنەکاندا پەخشکران و کۆمەڵگە سەیری ئەو هێرش و بۆردومان و داگیرکەرییەی کرد.

'هێزی نەتەوەیى' ئەردۆغان

دەیان گروپی چەتەی جیهادی کە ئەردۆغان پێى دەوتن 'هێزی نەتەوەیى' و ٢٥ هەزار چەتە بەشدارییان لە هێرشەکان بۆ داگیرکردنى عەفرین کرد. بەخێرایى دەرکەوت هێزە نەتەوەییەکەى ئەردۆغان ژمارەیەک چەتەى دزن و رووی راستەقینەى خۆیان بە کردەوەکانیان  لە عەفرین دا بۆ هەموو جیهانیان ئاشکرا کرد.

گروپە چەتە بەشداربووەکانى داگیرکەرییەکە

گروپە چەتە بەشداربووەکان لە داگیرکردنى عەفرین دا بریتین لە: لیواى سەمەرقەند، لیواى شیمال، لیوای مونتەسەر بیلا، جەیشی ئەحفاد، ئەحرار شەرقییە، لیواى سوڵتان فاتیح محەمەد، لیواى سوڵتان عوسمان، هێزی مغاویر، فیرقەت سەفوە، لیواى سوڵتان موراد، فیرقەت حەمزە، سوار ئەل جزیر، فەوجی خامێس، فیرقەى ٢٣، لیواى موعتەسەم، فەیلەقی ٢، فیرقەى شیمالییە، فەوجی مستەفا، جەیشی ئیسلام، تەجەموعی فەستاکیم کەما ئومێرت، جەبهەی شامی، لیوای ٥١، سوقوری شام، حەرەکەتى ئەحراری شام، فیرقەى ٩، جەیشی نوخبە، فەیلەقی شام، لیوای سوڵتان سولەیمان شا، لیوای سوقوری شام، نوردەین زەنگی، جەبهەی تەحریری سوریا.

لەبەر ئەوەى نەیتوانى پێشڕەویى زەمینى بکات بە تەکنەلۆژیاى سەربازی دەستى بەهێرش کرد

دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکانى لە رۆژئاواى عەفرین لە هاتای، لە کەمپی ئەتمە لە باشووری رۆژئاواى عەفرین، لە باکوور و لە کیلیسەوە لە رۆژهەڵاتەوە لە عەزازەەوە دەستیان بە هێرش کرد، بەڵام نەیتوانى لە بەرامبەر هیزەکانى یەپەگە و یەپەژەدا پێشڕەوی بکەن، هەوڵیاندا بە هێرشی ئاسمانى ئەنجامێک دەستبخەن. گوند، شارۆچکە، ناوچەکان و ناوەندی شارەکان بە فڕۆکەى جەنگی و تۆپی ئۆبیس بۆردومانکران. لە یەکەم هەفتەى هێرشە داگیرکەرییەکەى دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکانیدا، بەهۆی بەرخودانى شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە هێڵەکانى قەستەڵ جندۆ، راجۆ و جندرێس زیانێکى زۆر گەورە لە دووەمین گەورە سوپاى ناتۆ و گروپە چەتەکان درا.

دەستیان بە کوشتاری هاووڵاتییانى مەدەنی کرد

سوپاى تورک و گروپە چەتەکانى بەهۆی بەرخودانى یەپەگە و یەپەژەوە بۆ ماوەى مانگێک نەیانتوانى لە سنوورەوە بەرەو عەفرین پێشڕەوی بکەن، بۆیە سوپاى تورک و گروپە چەتەکان دەستیان بە کوشتاری هاووڵاتییانى مەدەنى کرد. بەپێى ئامارەکانى دەستەى تەندروستیى عەفرین، لە یەکەم مانگی هێرشە داگیرکەرییەکاندا ١٧٦ هاووڵاتى مەدەنى کوژران، کە ٢٧ کەسیان منداڵ و ٢١ کەسی تریان ژن بوون و ٤٨٤ هاووڵاتى تریش بریندار بوون.  بەپیى ئامارەکانى دەستەى تەندروستیى کانتۆنی عەفرین و مانگی سووری کورد لە ٥٢هەمین رۆژی هیرشە داگیرکەرییەکاندا، ٢٣٢ هاووڵاتى کوژران، کە ٣٥ کەسیان منداڵ و ٢٩ کەسیان ژن بوون و ٦٦٨ هاووڵاتیى تریش بریندار بوون، کە ٩٠ کەسیان منداڵ و ١٠٠ کەسیان ژن بوون.

دوایین ئامارەکان

رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ لە سوریا (SOHR)، کە بارەگاکەى لە شاری لەندەنە رایگەیاند، زیاتر لە ٣٨٠ کورد، عەرەب و ئەرمەنیى مەدەنى، کە ٥٥ کەسیان منداڵ و ٣٦ کەسیان ژن بوون، بە هۆی هێرشەکانى دەوڵەتى تورکەوە لە عەفرین کوژراون. بەپێى راگەیاندراوى بەڕێوەبەریى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا، بەهۆی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکانیەوە لە عەفرین ٥٠١ هاووڵاتى شەهید بوون و ٧٩٧ هاووڵاتیى تریش بریندار بوون.

هێرشکرایە سەر شوێنەوارە مێژووییەکان

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانى لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر عەفرین، کانیاوەکان، فڕن و نانەواخانەکان، نەخۆشخانەکان، ئامبولانس و خوێندنگەکان کرانە ئامانج و خاپوور کران. بۆ ئەوەى گەل ناچاری کۆچبەری بکەن، شێوازەکانى شەڕێکى چەپەڵ و قێزەونیان بەکار دەهێنا. بەنداوی مەیدانکێ کە زۆربەى ئاوی عەفرینى دابین دەکرد لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە بۆردومانکرا.

بەپێى ئاماری ناوەندی لێکۆڵینەوەى ستراتیژیکى رۆژئاوا، ٣١ خوێندنگە لە عەفرین و ناوچەکانیدا کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەکانى دەوڵەتى تورک و ١٣ خوێندکاریش بەهۆی ئەو هێرشانەوەن کوژراون.

دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکانى هاوکات هێرشیشیان کردە سەر شوێنەوارە مێژووییەکانى عەین دارا، نەبی هۆری، گرێ ئیسکا، دێر بەلوت و گردی جندرێس و ئەو شوێنەوارە مێژووییانەیان خاپوورکرد.

لەگەڵ بوردومانکردنى ناوەندە تەندروستییەکانى عەفرین و فڕن و نانەواخانەکاندا، فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورک رۆژی ١٦ی ئاداری ٢٠١٩ دەستیان کرد بە بۆردومانکردنى نەخۆشخانەى ئاڤرین کرد، کە گەورەترین نەخۆشخانەى عەفرین بوو.

دەزگاى دیانەتى تورک بۆ هێرشە داگیرکەرییەکە فتوای دەرکرد

سەرۆکایەتیى کاروباری دەزگاى دیانەتی تورک پێش هێرشە داگیرکەرییەکە فتوایەکى دەرکرد و وتى، تاڵانکردنى ماڵ و موڵکی کوردان حەڵاڵە. لە هەموو مزگەوتەکانی تورکیادا ئەو فتوایە خوێندرایەوە. هاوکات لە هەموو مزگەوتەکاندا سورەتى فەتح خوێندرایەوە. سوپاى تورک و گروپە چەتەکانى پشتبەستوو بەو فتوایە لە هێرشە داگیرکەرییەکەیاندا دەستیان بە تاڵانکاری کرد و هەر شوێنێکى عەفرینیان داگیر دەکرد، تاڵانیان دەکرد.

سبەی: بەرخودانى هێزەکانى بەرگریى عەفرین، چالاکییە فیداییەکان، بەرخودانى ٥٨ رۆژەى گەل و چالاکییەکانى قەڵغانى مرۆیى گەلانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە راپۆرتێکى تردا پێشکەش دەکرێت.

ر.م

..................