میت – پاراستن ئامادەکاری بۆ پلانی تێکدەری دەکەن

بە پێی زانیاریەکان میت و پاراستن ئامادەکاری دەکەن کە جلوبەرگی گەریلا لەبەر هێزێک بکەن، بە دەستی ئەو هێزە لە باشوور کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن و کۆمەڵکوژیەکەی بخەنە ئەستوی پەکەکە و بەو شێوەیە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی فراوان لەبەرانبەر پەکەکە دەکەن.

دەزگای هەواڵگری پەدەکە (پاراستن) و دەزگای هەواڵگری تورک (میت) دوو هەفتە لەمەوبەر لە هۆتێل Rixos-ریکسوس لە دهۆک کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا پلانێکی فراوان لەدژی پەکەکە ئامادە کراوە. بە پێی پلانەکە، جلی گەریلا لەبەر هێزێکی هاوبەش دەکەن، ئەو هێزەش هێرش دەکاتە سەر ئاسایشی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، لەگەڵ خەڵکی مەدەنی هەروەها هێرش دەکەنە سەر لایەنە تورکمانەکان. بەم شێوەیە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی فراوان لەدژی پەکەکە دەکرێت.

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە کەسێک لە ئاسایشی دهۆکەوە بە ئاژانسەکەمانی رایگەیاندووە، فازڵ میرانی لەگەڵ سەرکردایەتی  پەدەکە لە دهۆک و هەندێک سەرۆک عەشرەت کۆبوونەوەی کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوەی کردووە کە فشاری ڕای گشتی لەسەر پەدەکە زیادی کردووە، بە تایبەتی لە بادینان بە شێوەیەکی فراوان، گەل لەوان ناڕازییە. لە کۆبوونەوەکەدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پەکەکە لە بادینان دەستوەردانێکی سەربازی ئەنجام دەدات، فشار لەسەر پەدەکە دروست دەکات و ئەوانیش پێویستە خۆیان بپارێزن، بەڵام سەرۆک عەشرەتەکان زیانێکی زۆر دەکەن، بۆیە بە ناچاری ڕێوشوێنیان گرتووەتە بەر.

فازڵ میرانی لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵیداوە هزری ' پەکەکە هێرش دەکاتە سەر دهۆک' بخاتە مێشکی ئەو کەسانە و بەم شێوەیە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی تورک کردووە.

ئەو کۆمەڵکوژیەی کە بە جلوبەرگی گەریلا ئەنجامدەدرێت

هەمان سەرچاوە بە ئاژانسی فورات رایگەیاند، فازڵ میرانی دەستی بە ئامادەکاری پلانی میت و پاراستن کردووە کە لە کۆبوونەوەکەی ڕیخۆسدا بڕیاری لەسەردراوە.

لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا، ٢٠٠ جلوبەرگی گەریلاکانی هەپەگە ئامادە کراون. بە پێی پلانەکە ئەندامانی میتی تورک و هێزە تایبەتەکانی پەدەکە جلوبەرگی گەریلا لەبەر دەکەن و لە دهۆک هێرش دەکەنە سەر خاڵەکانی ئاسایش و پۆلیس.

لە دهۆک هێرش دەکەنە سەر کەسایەتیە پێشەنگەکانی ئۆپۆزسیۆنی دژی پەدەکە، هەروەها هێرش دەکەنە سەر بەرپرسەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتی و هەندێک کەسایەتی گرنگی تورکمان، دواتر بەرپرسیاری هێرشەکان دەخەنە ئەستوی پەکەکە و هەوڵی تێکدەری و کۆمەڵکوژی دەدەن.

ئامانجی ڕەواکردنی هێرشەکە

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە ناوەندی ئاسایشی دهۆکەوە کەوتووەتە دەستمان، کۆمەڵکوژی و ئەنجامی کۆمەڵکوژیەکە بەم شێوەیەیە:

* گورزێکی گەورە لە پێشەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن دەدرێت و بەم شێوەیە ڕێگری لە ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتی لەدژی هاوکاری تورکیا و پەدەکە دەگیرێت.

* ئەو خۆشەویستیەی کە لە بادینان بۆ پەکەکە هەیە، بۆ ڕق و دوژمنایەتی دەگۆڕن.

* لە ڕێگەی ئەو کۆمەڵکوژیانە کە بە جلوبەرگی گەریلا بڕیارە ئەنجامبدرێت، هێرشی پەدەکە لەدژی هەپەگە بە ڕەوا لەقەلەمدەدرێت.

* بە هێرشی لەدژی تورکمانەکان، بناغەی دەستوەردانی دەوڵەتی تورک بۆ ناو شەڕەکە ئامادە دەکرێت.

* لە ناو ڕای گشتی ناوخۆ و دەرەوەدا ، شەڕی هاوبەشی پەدەکە و دەوڵەتی تورک لەدژی پەکەکە بەڕەوا لەقەلەمدەدرێت.

ف.ق