هەڵەبجە/هەورامان: چلەی شەهید بوشرا توفیق بەڕێوەچوو

لە شاری هەڵەبجە بە ئامادەبوونی خانەوادەکەی و خەڵکێکی بەرچاوی شارەکە و هەورامان ڕێوڕەسمی چلەی ژنە شەڕڤانی یەپەژە شەهید "بوشرا تۆفیق ناسراو بە کانی دەنیز" بەڕێوەچوو.

 

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، لە هۆڵی بۆنەکانی شاری هەڵەبجەی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، ڕێوڕەسمی چلەی ژنە شەڕڤانی هێزەکانی پاراستنی ژن- یەپەژە بەڕێوەچوو و تێیدا، وێڕای خانەوادەی شەهید، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی هەڵەبجە و هەورامان ئامادەبوون.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە، لە لایەن کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ڕێکخرابوو، سەرەتا هەمووان بۆ ڕێزگرتن لە گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی ڕاوەستان. دواتر لە لایەن بنەماڵەی شەهید بوشراوە مۆم داگیرسێنران.

پاشان ئیبراهیم محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لە باشوری کوردستان، وتاری کۆمیتەکەیانی پێشکەشکرد، کە تێیدا ئاماژە بە گرنگی بەرخۆدان و گیانبەختكردنی گەریلا و شەڕڤانان لە پێناو پاراستنی خاكی كوردستان لە داگیركەران درابوو و هاوکات جەخت لە یەکێتی و یەكڕیزی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان کراوەتەوە، تا بەو شێوەیە کەد و خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ نەڕوات.

دواتر سلێمان عەرەب، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی پەیەدە لە باشوری كوردستان قسەی کردووە و وتویەتی: ئازایەتیی و بەرخۆدانێک شەڕڤانان کە لەبەرامبەر دوژمنان نواندویانە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە، لەوەشدا شەهیدبوونی کانی دەنیزی هەورامانی لە عەفرین بە نموونە هێناوەتەوە. عەرەب، وتویەتی: بۆ ئەوەی خاكی كوردستان بپارێزرێت، دەبێت سنوورەكان نەناسرێن.

دوابەدوای وتەکان، چەند پارچە شیعر و هۆنراوەیەك خوێندرانەوە، كە باسیان لە ڕۆڵ و ئازایەتی شەهیدان بەگشتی و شەهید کانی دەنیز بەتایبەت دەكرد. هەروەها دۆکیۆمێنتارییەکیش لەسەر ژیان و خەباتی شەهید كانی دەنیز بە سینەفزیۆن پیشانی ئامادەبووان درا.

لە دواییشدا، چنور غەریب، هاوسەرۆکی شەهید کەمال پێنجوێنی، بڕوانامەی شەهادەتی شەهید كانی دەنیزی بەخشیە دایك و خوشكی شەهید. پاش ئەوەش بە وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێت" كۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە هێنرا.

جێگای ئاماژەیە، شەڕڤانی یەپەژە بوشرا تۆفیق ناسراو بە كانی دەنیز، ساڵی ١٩٩٧ لە گوندی یێڵانپێ سەر بەشاری خورماڵی بەشی هەورامانی باشوری کوردستان لەدایكبووە و ساڵی ٢٠١٤ بەشداری ڕیزەکانی شەڕڤانانی یەپەژە بووە. لە ١٨ ئاداری ئەمساڵدا، لە گوندی برج حەیدەری سەر بە شارۆچکەی شێراوای عەفرینی داگیرکراو، لە شەڕێکدا بەرامبەر سوپای توركیا و تاقمە چەتەكانی پاش نواندنی قارەمانیەتیەکی کەم وێنە شەهید ببوو و بەو شێوەیەش بووە ۲۱ مین شەهیدی بنەماڵە وڵاتپارێزەکەی.

هـ.هـ