٤ وڵات بە فەرمی داواى رادەستکردنی داعشە دەستگیرکراوەکانیان لە یەپەگە کرد

لە ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکانى یەپەگەدا زیاتر لە ٨٠٠ چەتەى بیانی دەستگیرکراون، کە خەڵکی ٤٦ وڵاتى جۆراوجۆرن. دەوڵەتەکانی ئەندۆنیزیا، رووسیا، مەغریب و سودان بە فەرمی داوایان لە خۆبەڕێوەبەریى رۆژئاوا کرد، چەتە دەستگیرکراوەکانى ئەو وڵاتانەیان رادەست بکاتەوە.

یەکە تایبەتەکانى یەپەگە تاوەکو ئێستا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە باکووری سوریا زیاتر لە ٢ هەزار و ٧٠٠ چەتەى داعشیان دەستگیرکردووە و لە ئێستادا ئەو چەتانە لە زیندانەکانى رۆژئاواى کوردستاندا رادەگیرێن. زیاتر لە ٨٠٠ کەس لەو چەتانە خەڵکى وڵاتانى بیانین و هاووڵاتیى ٤٦ وڵاتى جۆراوجۆرن. بەڕێوبەریى رۆژئاوا ماوەیەکە بانگی لە ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کردووە، کە بۆ دادگایکردنى داعشە دیلکراوەکان دەستبەکار ببن و وەریان بگرنەوە.

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى یەکێتیى دیموکراتیک (پەیەدە) لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەیەکى ناوداری نەمسادا رایگەیاند، دەبێت ئەو داعشە بیانیانەى لە دەستى ئەواندان لەلایەن وڵاتەکانیانەوە وەربگیرێنەوە و دادگایى بکرێن.

راشیگەیاند، مەترسیی ئەوە لە ئارادایە کاتێک دەوڵەتى تورک هێرش بکاتە سەر باکووری سوریا داعشە زیندانیکراوەکان هەوڵی هەڵهاتن بدەن.

ساڵح موسلیم ئەوەشی راگەیاندووە "ئەو چەتە بیانیانەى کە لە دەستماندان لە هەر چوار لاى جیهانەوە هاتوون و هێرشی دڕندانەیان بۆ سەر خاکی کوردان ئەنجامداوە. لە تێکۆشانی دژ بەو چەتانەدا ئێمە باجێکى زۆر قورسمان داوە و هەندێک لەو چەتانەکانمان دیلکردووە، پێویستە وڵاتەکانیان ئەوان وەربگرنەوە و دادگاییان بکەن".

"دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چەتە داعشە زیندانیکراوەکان دەست بە جموجوڵ بکات"

بەپێى ئەو زانیارییەى ساڵح موسلیم خستوویەتییەڕوو، تاوەکو ئێستا ئەندۆنیزیا، رووسیا، مەغریب و سودان داواى وەرگرتنەوەی ئەو چەتە دیلکراوانەیان لە بەڕێوەبەریى رۆژئاوای کوردستان کردووە، کە خەڵکی وڵاتەکانى ئەوانن.

موسلیم سەرنجی خستەسەر ئەوە، لە ناوی ئەو وڵاتانە کە داواى وەرگرتنەوەى چەتە دیلکراوەکانى داعشیان کردووە و رایگەیاند، هیچ یەک لەو وڵاتانە ئەندامى یەکێتیى ئەوروپا نین، بۆیە داواى لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ بابەتى چەتە دیلکراوەکان و وەرگرتنەوەیان لەلایەن وڵاتەکانى خۆیانەوە دەست بە جموجوڵ بکات.

ناوەندی راگەیاندنى  یەپەگە رایگەیاندووە، لە چوارچێوەى هەڵمەتى گەردەولولی جزیردا لە شارۆچکەى هەجینی دێرەزۆر ٨ چەتەى داعشی خەڵکی وڵاتانى، ئۆزبەکستان، تاجیکستان، کازاخستان، ئوکرانیا، رووسیا و ئەڵمانیایان دیلکردووە.

میدیاى ئەڵمانیا بە بەرفراوانى باسی لوکاس گلاس، ئەو چەتە داعشە ئەڵمانییەیان کردبوو، کە لەلایەن یەپەگەوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا دیلکراوە و رایانگەیاندبوو، لوکاس گلاس لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لەلایەن دەزگاى ئاسایشی ئەڵمانیایەوە بە تۆمەتى 'ئەندامبوون لە رێکخستنى تیرۆردا' دەستیان بە لێکۆڵینەوەکردن لەبارەیەوە کردبوو. جگە لە لوکاس گلاس ١٤ هاووڵاتیى تری ئەڵمانی، کە چەتەى داعش بوون و لە دەستى یەپەگەدان، لەلایەن داواکارى گشتیى فیدراڵ لە ئەڵمانیا بڕیاری لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیان دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا داواى ئەو هاووڵاتییە داعشانەى خۆی نەکردووەتەوە بۆ لێکۆڵینەوەکردن و دادگایکردنیان.

جێگاى سەرنجە تاوەکو ئێستا داواى ئەو داعشانە لە بەڕیوەبەریى رۆژئاواى کوردستان نەکراوە. بەشێک لە چەتە دەستگیرکراوەکانیش ماوەیەکە داوا لە حکوومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا و مێرکلی راوێژکار دەکەن، کە وەریان بگرنەوە، لە بەرامبەردا بەڕێوەبەریى بەرلین تەنها رایگەیاندبوو، بە دواى رێگاچارەیەکدان بۆ گەڕانەوەى ئەو هاووڵاتییە داعشانەى ئەڵمانیا.

ر.م