پەرلەمانتارێکى بونیادنانەوە: کۆتایى بە هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق دەهێنین

عەبدولهادی موحان پەرلەمانتاری هاوپەیمانیى بونیادنانەوە لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، پەرلەمانی نوێی عێراق کۆتایى بە رێککەوتنى پێشووتری نێوان رژێمى پێشووی عێراق و دەوڵەتى تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانى باکووری عێراق (باشووری کوردستان) دەهێنێت.

عەبدولهادی موحان پەرلەمانتاری هاوپەیمانیى بونیادنانەوە بە ماڵپەڕی مەعلومەى راگەیاندووە، بەپێى رێککەوتنى نێوان رژێمى پێشووی عێراق و دەوڵەتى تورکیا، تورکیا بە بەردەوامى دەستێوەردانی سەربازی لە خاکی باکووری عێراق (باشووری کوردستان) دەکات و ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات.   

راشیگەیاندووە، لە دواى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق، لە پەرلەماندا ئەو رێککەوتنە هەڵدەوەشێنرێتەوە و دەبێت تورکیا کۆتایى بە هێرشەکانى بۆ سەر خاکی باکووری عێراق (باشووری کوردستان) بهێنێت و بۆ ئەوەش چی پێویست بێت لە رێگەى رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامی دەدەن.

بە وتەى ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانیى بونیادنانەوە، ئەوان داوا لە سەرۆک وەزیرانیى نوێى عێراق و وەزارەتى دەرەوە دەکەن، کە بەپێى یاسا لەگەڵ دەوڵەتى تورکیادا مامەڵە بکریت و کۆتایى بە بۆردومان و هێرشەکانى تورکیا بهێنریت و ئەگەر تورکیا ئەو کارەى نەکرد لە نەتەوە یەکگرتوەکان سکاڵا لە دژی تورکیا تۆمار دەکەن.

رژێمى بەعسی رووخاوی عێراق بە سەرۆکایەتى سەدامى دیکتاتۆر رێککەوتنێکێکى لەگەڵ دەوڵەتى تورکیا لەسەرەتاى ساڵانى ١٩٨٠کاندا واژۆکردبوو، کە بەپێى ئەو رێککەوتنە تورکیا ئۆپەراسیۆن و بۆردومان و هێرشى لە خاکى باشووری کوردستاندا لە دژی گەریلاکانى پەکەکە ئەنجام دەدا.

دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر زیاتر لە ٣٠ ساڵە بەردەوامە لە هێرش و ئۆپەراسیۆن و بۆردومانەکانى و بە بەردەوامى سیادە و سەروەریى خاکی هەرێم و باشووری کوردستان پێشێل دەکات.

سوپاى تورکیای داگیرکەر جگە لە ئەنجامدانى دەستدریژییەکانى زیاتر لە ٢٠ بنکەى سەربازیى گەورەى لە خاکی هەرێمى کوردستاندا دروستکردووە و لە رێگەی ئەو بنکە سەربازیانەوە بەشێکى بەرچاو لە خاکى باشووری کوردستانى داگیرکردووە.

هێرش و داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان چەندین ناڕەزایەتیى جۆراجۆری لێکەوتووەتەوە و چەندین چالاکى لە دژی هێزەکانى تورکیاى داگیرکەر لە خاکى باشووری کوردستاندا ئەنجامدراون و داوا کراوە تورکیا سوپاکەى لە باشووری کوردستان بباتە دەرەوە و رێز لە سیادە و سەروەریى هەرێم بگرێت و بە هیچ شێوەیەک هێرش نەکاتە سەر خاکی باشووری کوردستان.

ر.م