پەژاک شەشەمین کۆنگرەی خۆی بەست

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) شەشەمین کۆنگرەی خۆی لە رۆژانی ١٠ و ١١ی ئاداری ئەمساڵدا لە چیاکانى کوردستان سەرکەوتوانە بەڕێوەبرد.

ماڵپەڕی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بڵاویکردەوە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) کۆنگرەی شەشەمی خۆی لە چیاکانی کوردستان پێکهێنا. کۆنگرە بە بەشداری ئەندامانی سەرجەم پێکهاتەکانی پەژاک لە رێکەوتی ١٠-١١ی ئادار(٢٠-٢١ی رەشەمێ) ٢٠٢٠ بۆ ماوەی دوو رۆژ بە دروشمی” بە بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک، بەرەو یەکێتی دیموکراتیکی گەلانی ئێران” بەڕێوەچوو.

کۆنگرە لە دوای هەڵبژاردنی لیژنەی بەڕێوەبەری کۆنگرە و رێزگرتن لە گیانی شەهیدانی شۆڕشی ئازادی دەستی پێکرد.

لە دوای وتاری سەرهەڵدان چیا بە نوێنەرایەتی لیژنە بۆ بەخێرهاتن کردنی ئەندامانی کۆنگرە، سیامەند موعەینی هاوسەرۆکایەتی پەژاک وتاری سەرەتای کۆنگرە پێشکەش کرد.

سیامەند موعەینی لە سەرەتای قسەکانی‌دا ئەندامانی ئامادە لە کۆنگرەی سڵاو کرد و کۆنگرەی شەشەمی پەژاکی لە رێبەر ئاپۆ، بنەماڵەی شەهیدان، گیراوانی سیاسی، کەسانێک کە بۆ ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی تێکۆشان دەکەن و گەریلایان کە لە چیا ئازادەکان خۆڕاگری دەکەن پیرۆز کرد. سیامەند موعەینی لە دوای پیرۆزبایی کۆنگرە رایگەیاند:” ئێمە کۆنگرەکەمان لە قۆناغێکی هەستیاردا پێکدێنین. هەم هێرشی دوژمن چڕ و بەرفراوانە و هەم تێکۆشانی ئێمەش لە هەموو کاتێک زیاتر خاوەن دەرفەتی سەرکەوتنە. پێویستە ئێمە ئەم دەرفەتە مێژووییە کە لەپێشمانە بە باشی بقوازینەوە. لەسەر ئەم بنەمایە لەو بڕوایەدام کە کۆنگرەی شەشەممان زۆر هەڵسەنگاندنی بەهێز بکات و بڕیاری گرنگ بگرێت.”

موعەینی سەبارەت بە دۆخی سیاسیش ئاماژەی بەوەدا کە: “لەم قۆناخەدا لە رۆژهەڵاتی ناوین کۆتایی بە شەڕ نایەت و دیزاینێک کە لە لایەن هێزە هەژموونییەکانەوە دەکرێت، پووچەڵ دەبێتەوە. چارەسەری‌گەلێک کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌دا پێش‌دەخرێن، تەنیا بە رێنماییەکانی رێبەر ئاپۆوە بۆ نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانن بە ئاکام بگەن. کوردان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بە پێش‌خستنی کۆنفێدرالیزمەوە دەتوانن لەژێر بەرداشی قڕکردن رزگار ببن. ئەو شتەی کە دەکەوێتە ئەستۆی ئێمەش، بۆ ئەوەی کە رێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ پێک‌بێنین؛ بڕیاری راست و بە کاریگەر گرتن و بە پراکتیک‌کردنیانە. هیوادارین کە سەرجەم هەڤاڵانمان بەم هەست و هەڵوێستە شۆڕشگەڕییەوە هەڵسوکەوت بکەن. لە ئێستاوە لەو بڕوایەدام کە سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین و بەم هەستانەوە دیسانەوە ئەم کۆنگرەیە لە هەمووان پیرۆز دەکەم.”

لە دوای وتاری سەرەتادا، وێڕای پێشکەوتنە سیاسی و لەشکەرییەکان، دۆخی کۆمەڵایەتیش هەڵسەنگێندرا. لە کۆنگرەدا دیارکرا کە کێشەگەلێک کە لە سەدەی ٢١‌دا هەیە، پەیوەندی بە تەواوی مرۆڤایەتییەوە هەیە و ئیدی کات، کاتی ئەوەیە کە لە بەرامبەر بەمانە بەرەی ئازادیخوازی دیموکراتیک هێزی خۆی کۆکاتەوە و بە هاوبەشی تێکۆشان بکەن. لە کۆنگرەدا بە گشتی هەڵسەنگاندنە سیاسییەکان بەمشێوەیە کران:

لە ئێران‌دا درزەکان گەورەتر دەبن

“شەڕی جیهانی سێیەم لە دۆخی هەنووکەدا لە نێوان ئامریکا، روسیا، سوریا، ئێران و هێزە پەیوەندیدارەکانی ئەوان‌دا وەکوو تێکۆشان بۆ سەروەری ئاواکردن؛ قووڵ دەبێت. هەرچەندە نەکەونە نێو شەڕێکی دژواریش هەر هێزەو خوازیارە هێزی خۆی زۆرتر پەرەپێبدات، بیپارێزێت و دۆخێکی بەهێز قازانج بکات. شەڕی نێوان ئامریکا و ئێران‌ بە رێبازی جیا، جیاوە قووڵ دەبێت و بەردەوام دەبێت. لە لایەکی‌ترەوە ئێران لە سیاسەتە ناوخۆییەکانیدا زۆر لاواز بووە. هەر کە دەچێت دوژمنایەتی رژێم زیاد دەبێت و بەردەوام دەبێت. هەرچەندە ئێران دەیهەوێت خۆی بە ساغی بهێڵێتەوەش، هەر کە دەچێت درزەکانی گەورە دەبن. ئەگەر ئێران لە بواری دیموکراتیک‌بوون‌دا هەنگاو هەڵنەگرێت، ئەو کاردانەوە ئەمڕۆش نەبێت، سبەینێ سیستەمی ئێران دەلەرزێنێت.

بە هێڵی سێیەم هاوسەنگی لە لایەن گەلانەوە دەگۆڕدرێت

لە کۆنگرەدا هەل‌ومەرجی کوردان لەناو شەڕی جیهانی سێیەمیش هەڵسەنگێندرا و راگەیەندرا:” لە هەل‌ومەرجی شەڕی جیهانی سێیەم‌دا کورد بۆتە هێزێکی چالاکی شۆڕش. هێزە کۆنەپارێزەکان و هێزەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریش لە پێشکەوتنی ئەم هێزە دەترسێن بەڵام، چونکە کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌دا هێزێکی گرنگی سیاسی، لەشکەری و کۆمەڵایەتییە، ناچارن کە حساب لەسەر پێگەی کوردان بکەن. کوردان نە شەڕی نێوان هێزەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و نە شەڕی نێوان هێزە هەرێمییەکانیش هەڵنابژێرێت و پەسەند ناکات. بە هێڵی سێیەمینەوە کە رێبەر ئاپۆ پێشی‌خستووە دەجوڵێنەوە و بە تێکۆشانێک کە لە هاوسەنگی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌دا بەڕێوەی‌دەبەن، لە لایەن گەلانەوە ئەم هاوسەنگییە دەگۆڕێت.”

لە کۆنگرەدا دۆخی سیاسی، لەشکەری و کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی و گۆڕانکارییەک کە پێشکەوتبوون بەگشتی لە رۆژێک‌دا هەڵسەنگێندران و لە رۆژی دوویەمیش‌دا لە لایەن هاوسەرۆکایەتییان راپۆڕتی سێ ساڵان پێشکەشی کۆنگرەکرا و خوێندرایەوە و لەسەری وتووێژ کرا.

لە راپۆڕت‌دا سەرنج راکێشرا سەر ئەوەی کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌ مۆزاییکی گەلانە و دەستتێوەردان‌گەلێک کە لە دەرەوە لەسەر ئەم گۆڕەپانە دەکرێن، کێشە و گرفتەکان چارەسەر ناکات و بە پێچەوانەوە کێشەکان زیاتر قووڵ دەکات. جیا لەوەش لە بواری ئایدیۆلۆژیایی و سیاسی‌دا هەڵسەنگاندنی بەرفراوان کران. لە بواری ئایدیۆلۆژیی و رێکخستنیش‌دا لەسەر ئەم بابەتانە سەرنج راکێشرا:

پێویستە ژن چارەسەری لە هێزی رێکخستنی خۆیدا ببینێت نەک لە یاساکانی دەوڵەت‌دا

لە راپۆڕت‌دا بەتایبەتی سەرنج راکێشرابووە سەر دۆخی ژنان و گەنجان و ئەمانە گووتران:” لە کاتێک‌دا کە سیستەمی پیاوسالار تێیدا سەروەر بووە هەتا ئەمڕۆ ژن تەنیا بەهۆی ژن بوونییەوە رووبەڕووی کێشەی زۆر بۆتەوە بەڵام، لەم کاتەی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری‌دا کێشەگەلێک کە هەیە زیاتر زەق بۆتەوە. لە هەر ماڵێک‌دا لەسەر ژن تووندوتیژی هەیە. ژنانێک کە بە هۆی زیهنییەتی پیاوسالاری لە ماڵەوە بەندکراون، رووبەڕووی زەخت و گوشاری پیاو و بنەماڵە دەبنەوە؛ بە هۆی بێ چارەییەوە خۆیان دەسپێرنە دەست دەوڵەتەوە. دەوڵەتیش ناوەندی توندوتیژییە سەرەکییەکانە و لەبن ناوی پاراستنی ژن‌دا بە یاساگەلێکەوە کە دەریدەخات دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەناو دەبات و توندوتیژی قووڵتر دەکات. پێویستە ژن چارەسەری لە یاساگەلێک کە لە لایەن دەوڵەتەوە پیش‌دەخرێت‌دا نەبینێت بەڵکو، لە هێزی گەوهەری خۆی و رێکخستنەکانی خۆیدا ببینێت. کارنامەی ئێران لە بواری بن‌ پێ‌کردنی مافی ژنان‌، زەوت‌کردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی‌دا زۆر خراپە. بۆ ئەمەش خۆ زانا‌کردنی ژنان و چالاکی پاراستنی گەوهەری پێش‌خستن، وەکوو پێویستییەکە.”

پێویستە گەنجان داهاتوویان بخەنە ژێر گەرەنتییەوە

سەبارەت بە گەنجانیش تیشک خرایە سەر ئەوەی کە:” پێویستە بۆ پێکهاتەی گەنجانیش لە بواری پەروەردەیی، ئایدیۆلۆژی، سیاسی و کلتوورییەوە خەبات بەڕێوە بچن. رژێمی ئێران هەرە زۆر گەنجان بە ئامانج دەگرێت و بەرەو قەیرانی کۆمەڵایەتی و دەروونیەوە پەلکێشیان دەکات و بۆ ئەوەی کە تێکۆشان نەکەن و بکەونە ناو بۆشاییەوە هەر شتێک دەکات. بۆ ئەمەش پێویستە تەڤگەری گەنجان بە خەباتێکی قووڵتر و بە دیسیپلین‌ترەوە، بە نزیکایەتی خوڵقێنەر و بە کاریگەرەوە سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتی سیستەم کە لە دژی گەنجان پێشخراوە، پووچەڵ بکاتەوە. لە ئێران‌دا سەدا ٧٠ی گەنجان بێکارن. لەجیاتی ئەوەی کە بۆ دەرچووانی زانکۆ کار دابین بکەن، بێکاریان دەکەن و بە زۆرەملێ دەیانکەنە بەسیج. گەنجانێک کە داهاتوومانن پێویستە ژیانی ئازاد و یەکسانی خۆیان بخەنە ژێر گەرەنتییەوە.”

لە کۆتایی راپۆڕتەکەدا بۆ پێکهێنانی بڕیار و پلانسازی‌گەلێک کە لە کۆنگرەی پێنجەمی پەژاک‌دا گیرابوون و هەروەها لە چالاکی‌گەلێک کە لەم سێ ساڵە دواییدا بەڕێوە چووبوون‌دا کەموکوڕتی‌گەلێک کە دەرکەوبوون؛ هەڵسەنگێندران و لەسەر ئەم بابەتە بە بەرفراوانی رەخنە و رەخنەدایین دران.

لە رۆژی کۆتایی کۆنگرەدا، بە تەواوەتی بەرنامە و پەیڕەوی پەژاک، پلانسازی خەباتی دوو ساڵان سەرەتا لە لایەن کۆمیسیۆن(لیژنە)ی پیلانسازییەوە پێشکەشی ئەندامانی کۆنگرە کرا و گفتوگۆی لەسەر کرا. لە دوای وتووێژەکان هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.

زیلان ڤەژین و سیامەند موعەینی دووبارە بۆ هاوسەرۆکایەتی پەژاک هەڵبژێردران

زیلان ڤەژین و سیامەند موعەینی بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بۆ هاوسەرۆکایەتی هەڵبژێردرانەوە.

مەجلیسی نوێی پەژاک هەڵبژێردرا

لە دوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی نوێ پەژاک مەجلیسی نوێ پەژاک هەڵبژێردران.

لە کۆتایی کۆنگرەدا زیلان ڤەژین وتاری کۆتایی کۆنگرەی پێشکەش کرد.

چ دەبێت با ببێت ئێمە سەردەکەوین

زیلان ڤەژین لەوتەکانیدا رایگەیاند:” ئەم کۆنگرەیە بەرپرسیارییەتییەکی مەزنی خستۆتە سەر شانی هەموومان، هیوای گەلەکەمانی گەشاندەوە و بڕیارداریمانی نوێ کردەوە.” هەروەها بۆ ئەوەی هێرشی رژێمی داگیرکەری ئێران سنووردار بکرێت، پتەوکردنی یەکێتی گەلی کورد و گەلانی ئێران پێویستیەکی قۆناخەکەیە. بۆ ئەوەی گەلەکەمان ئەنجامی راستەقینەی شۆڕشی گەلان دەستەبەر بکات؛ تێکۆشانی رادیکاڵیان بەهێز بکەن.”

زیلان ڤەژین لەکۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند:” بەو هێزەی لەکۆنگرە وەرمانگرتووە، بەرپرسیارییەتییەک دەکەوێتە سەر شانمان، لەو بڕوایەداین کە هەمیشە رێکخستنمان گەشە پێ بدەین. لەسەر ئەم بنەمایەش کۆنگرەکەمان سەرەتا لە رێبەر ئاپۆ، شەهیدانی ئازادی، دادپەروەری و لە داڵاهۆ هەتا هەورامان، لە مەهاباد هەتا سنە، لە شنۆ هەتا ورمێ لە سەرجەم گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دایکی شەهیدان، هاوڕێیان و دۆستانمان کە لە گرتووخانەکان‌دا خۆڕاگری و تێکۆشان دەکەن، هەموو گەلانی ئازادی‌خواز، یەکسانی‌خواز و دیموکراسی‌خواز پیرۆز دەکەین و چ دەبێت با ببێت سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین.”

ژ.ت