پەیەدە: کلیلی چارەسەریی ئاڵۆزییەکانی سوریا، چارەسەرکردنی پرسی کوردە

شاهۆز حەسەن و ئایشە حسۆ هاوسەرۆکانی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک-پەیەدە جەختیان کردەوە، ئەگەر خۆڕاگری بەردەوام بێت، لە سوریا سیستمی دیمۆکراسی بونیاد دەنرێت و ئەگەر پرسی کورد چارەسەر نەبێت، لە سوریاش کێشەکان چارەسەر نابن.

هەشتەمین کۆنگرەی پارتی یەکیتی دیمۆکراتیک-پەیەدە لە ناوەندی ئارام تیگران لە شارۆچکەی رمێلانی قامشلۆ بەردەوامە. شاهۆز حەسەن و ئایشە حسۆ هاوسەرۆکانی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک-پەیەدە لە کۆنگرەکەدا لێدوانێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

'ئەگەر خۆڕاگری بەردەوام بێت، دەتوانین لە سوریا سیستمی دیمۆکراتیک بونیاد بنێین'

هاوسەرۆکانی پەیەدە جەختیان کردەوە، چەندین ساڵی پڕ لە خۆڕاگری و تێکۆشان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تێپەڕین، گەلی ناوچەکە خۆڕاگرییەکی مێژوویان لە عەفرین تا سەرێ کانی و گرێ سپی بەڕێوە برد، بە تایبەتیش لە دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییە، کە وەکو پلانگێرییەکی نێودەوڵەتی لە دژی ئیرادەی گەلانی ناوچەکە بەڕێوە چوو. گەلانی ناوچەکە پلانگێرییەکەیان تێک شکاند و گشت مرۆڤایەتی کۆ بوویەوە لە دەوری ئەو خۆڕاگرییە.

هاوسەرۆکانی پەیەدە هاوکات رایانگیاند، ئەگەر بتوانن بە رۆحی خۆڕاگریی عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی بەردەوام بن و رێکخستنەکانیان بەهێز بکەن، دەتوانن دەستکەوتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و گشت سوریا بپارێزن و بناغەی سیستمی دیمۆکراتیک بونیاد بنێن و وتیشیان:"پەیەدە بە تێکۆشان و خۆڕاگرییەک کە لە بەرزترین ئاستدا بەڕیوەی دەبات، گەیشتە رۆژی ئەمڕۆ. چەندین دەستکەوتیان بەدەست هێنا. ئێمە بەردەوام دەبین لە رێگای خۆڕاگریدا و لە دەوری نرخ و پیرۆزییەکانی گەلەکەمان کۆ دەبینەوە."

بانگەوازی بۆ ئاشتی

هاوسەرۆکانی پەیەدە هەروەها رایانگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریاوە، پارتەکەیان بانگەوازی بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان بە رێگای ئاشتیانە کردوو و وتیان:"بەڵام لایەنەکانی دیکە پەرەیان بە رەگەزپەرەستیدا و رێگایان بۆ دەستوەردانی دەرەکی کردەوە. لە ئەنجامی ئەو دەستوەردانانەدا، گروپە چەتەییەکان هاتنە ئاراوە و بارۆدۆخی سوریایان گەیاندە رۆژی ئەمڕۆ."

هاوسەرۆکانی پەیەدە بەم شێوەیە درێژەیان دا بە لێدوانەکەیان:" ئەو بیردۆزەی کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی ئازاد و هیوای دواڕۆژ و بونیادنانی دیمۆکراتیک لە سوریا دەکات، ئەو مۆڕالەیە کە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەدی دەکرێت. ئێمە باش دەزانین کە ئەم ئەزموونە رووبەرووی چەندین هێرش بووەوە، بە تایبەتیش لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە. هاوکات رژێم رێگای لە گۆڕاکاری گرت و رێگایدا کە ئاڵۆزییەکان قوڵتر ببنەوە. لایەنەکانی دیکە هەوڵ دەدەن بە رێگا چارەی سەربازی بگەن بە ئەنجام. بەڵام ئاشکرایە کە تەنها رێگای چارەسەری ئاڵۆزییەکانی سوریا، دەتوانێت بەو سیستمە دیمۆکراسیە بەدی بێت کە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بوونی هەیە."

شاهۆز حەسەن و ئایشە حسۆ هاوسەرۆکانی پەیەدە هاوکات تیشکیان خستە سەر هەوڵی پارتەکەیان بۆ بەردەوامیدان بە ئەزموونی دیمۆکراتیک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئەو مۆدێلی ژیانی هاوبەشەی لە نێوان پێهاتەکانی هەرێمەکەدا هەیە و وتیان:"ئێمە وەکو پەیەدە لە سەر ئەم بنچێنەیە تێکۆشانمان کرد و هەوڵماندا بەردەوامی بدەین بە ئەزموونە دیمۆکراسیەکان و لەم چوارچێوەیەشدا ئێمە خاوەنی رۆڵێکی چالاکین."

یەکێتی نەتەوەیی

لە بارەی یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەییشدا هاوسەرۆکانی پەیەدە وتیان:"پەیەدە هەمیشە بانگەوازی بۆ یەکێتی و یەکڕێزی نەتەوەیی کردووە و هەمیشەش بەشدار بووە لەو خەبات و هەوڵانەی بۆ ئەم مەبەستە لە سەر ئاستی کوردستان و رۆژئاوای کوردستاندا دراون. هاوکات بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو لایەنەکان دەکەین کە لەم بارەیەوە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن."

دیاڵۆگ لەگەڵ شام

هاوسەرۆکانی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک لە کۆتایی لێدوانەکەیاندا ئاماژەیان بە گرنگی پڕۆسەی دیالۆگ لەگەڵ شامدا کرد بە مەبەستی چارەسەری ئاڵۆزییەکانی سوریا و پرسی کورد و بەم شێوەیە کۆتاییان بە لێدوانەکەیان هێنا:"ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەری سیاسی دەڕبڕی، بەڵام هەڵوێستی شام رێگری بۆ چارەسەریی سیاسی دروست دەکات. ئەو بیرۆبۆچوونەی دەڵێت، دەبێت بارودۆخەکە بگەڕیتەوە بۆ بەر لە ساڵی ٢٠١١، دەبێت بە رێگر بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان و بونیادنانی سوریایەکی ئازاد و دیمۆکراتیک و فرەڕەنگ. بە بێ چارسەرکردنی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی سوریا، چارەسەری بەدی نایەت. کلیلی چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریا، چارەسەرکردنی پرسی کوردە."

ز.ش