کەجەکە: ئیدعاى ئەردۆغان لەبارەی "بۆردومانکردنى کۆبوونەوەیەکمان"ەوە درۆیە

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەرى کەجەکە رایگەیاند، ئەردۆغان لە ئیدعایەکیدا وتبوی "ئێمە کۆبوونەوەى کادرە پێشەنگەکانى پەکەکەمان بۆردومانکرد"، کەجەکە رایگەیاند، ئەو ئیدعایە درۆیە و ئەو درۆیەش لە کۆشکەوە ئامادەکراو و دوایین هەوڵیانە بۆ پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن.

ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ماوەى چەند رۆژێکە لە هەموو شوێنکێدا دەڵێت، بەڕێوەبەرانى پەکەکەیان لە کۆبوونەوەیەکەدا بۆردومان کردووە و "٣٥ بەڕێوەبەر ژیانیان لە دەستداوە". میدیاى ئاکەپەش بە بەردەوامی ئەو ئیدعایە بڵاودەکاتەوە.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەو ئیدعایە درۆ و پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنە.

دەقى راگەیاندراوەکەى هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە

تەیب ئەردۆغان ماوەى چەند رۆژێکە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا دەستیکردووە بە درۆى گەورە گەورە. میدیاکانى سەر بە ئەردۆغانیش ئەو درۆیە یەک لە سەر یەک بڵاودەکەنەوە. بەپێى ئەو درۆیە، فڕۆکە جەنگییەکان کۆبوونەوەیەکەى بەڕێوەبەرانى ئێمەیان بۆردومانکردووە و ٣٥ هەڤاڵمان شەهیدبوون. ئەوە دوایین هەنگاوی ئەردۆغانە و ئەوەش لە دواى ئەوە دێت، کە تێگەیشتووە لە هەڵبژاردندا تێکدەشکێت. دەیەوێت لە رێگەی ئەو درۆیەوە، دەنگى هەندێک شۆڤێنیست و دوژمنى کورد بەدەست بهێنێت. ئاشکرایە لاى خۆیان دەڵێن 'ئەگەر چەند رۆژ پێش هەڵبژاردن ئەو درۆیانە بکەین، درۆکانمان ئاشکرا نابن و سوود لەو درۆیانەش وەردەگرین'. ئەو درۆ بێ بنەمایە لە کۆشکەوە ئامادە کراوە. ئەوەش دەزانێت ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت لە دژى ئەو درۆیە قسە بکات و ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ڕووبەڕووى بێتەوە، پێى دەڵێت 'ئێوە لایەنگرى تیرۆرن؟' و لەو رێگەیەوە بێدەنگیان دەکات. تا ئێستا ئۆپۆزسیۆنیش هیچ وەڵامێکى ئەو درۆیەى ئەردۆغانى بۆ هەڵبژاردن نەداوەتەوە. ئێمە ماوەیەک لەوە پێش لە هەندێک ڕیگاوە رامانگەیاندبوو، پێش هەڵبژاردن پەنا دەبنە بەر پیلانگێڕێ و کارى تێکدەرانە. درۆی 'ئێمە لە کۆبوونەوەیەکمان دا و ٣٥ بەڕێوەبەر لەناوچوون' سەلمێنەرى ئەو قسەیەى ئێمەیە.

دەبێت هەموو گەلانى تورکیا، هێزە دیموکراسیخوازەکان، حیزبە سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆن ئەوە بەباشى بزانن، کە ئەو ئیدعایە، درۆیە و بۆ فریودانى گەل بڵاوکراوەتەوە. دەیانەوێت بەو درۆیە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەست بهێنن. پێویستە گەلیش لە سندوقەکانى دەنگداندا، ئەو کەسە درۆزنە و حیزبەکەى بێزار و تەنگاو بکەن، چونکە دەیانەوێت لەو هەلومەرجە نایەکسانەدا بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن، هەندێک ناهەقی ئەنجام بدەن و دەنگی هەندێک کەسى نەتەوەپەرست، شۆڤێنیست و دوژمنى کورد بەدەست بهێنن.

دەزانن، چەند پۆینتێکیش دەتوانێت ئەنجامى هەڵبژاردن بگۆڕێت، بۆ ئەوەش پەنا دەبنە بەر ئەو جۆرە درۆیانە. ئەو درۆیانە کە چەند رۆژ پێش هەڵبژاردن دەکرێن و سەربارى ئەوەش دواتر راستییەکە ئاشکرا دەبێت، بەڵام هەر دەڵێن 'ئەگەر درۆش بێت، درۆیەکى خراپ نییە'.

ئێمە هەموو گەلانى تورکیا و هێزە سیاسییەکان ئاگادار دەکەینەوە، کە پێویستە بە خێرایى ئەو درۆیەى ئەردۆغان پوچ بکەنەوە. ئەگەر شتێکى لەو شێوەیە رووى بدایە، نەک تەنها میدیاکانى سەر بە ئاکەپە، ئەوا هەموو میدیاکان دەکەوتنە جوڵە لەبارەى ئەو رووداوەوە. هەواڵێکى لەو شێوەیە لە هەموو میدیاکانى جیهاندا بڵاودەبوویەوە، چونکە وەک تەیب ئەردۆغان دەڵێت، ڕووداوێکە کە ناتوانرێت بشاردرێتەوە، بەڵام با هیچ کەس دودڵ نەبێت، ئەوە یاری و فێڵانەی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردن ئاشکرا دەبن و بەسەریدا دەشکێتەوە.

ر.م