یادداشتەکانی مەعسوم کۆرکماز لەبارەى رۆژی ١٥ى تەباخ (ئاب)ەوە

"دەبوایە لە زۆرێک لە ناوچەکان و لە هەمان رۆژدا چالاکى ئەنجام بدرانایە و هێزى رزگاریى کوردستان (هەرەکە - HRK) رابگەیاندرایە. ٤ ساڵ بوو ئێمە زۆرێک لە وڵاتان گەڕابووین و لە ناوخۆش ماوەیەکى زۆر بوو ئامادەکاری بۆ ئەو رۆژە دەکرا، ئیتر کاتى ئەو رۆژە هاتبوو".

کتێبى رێگاى سەربەخۆیى کوردستان ساڵی ١٩٨٧ چاپ و بڵاوکرایەوە و تیایدا باس لە سەرەتاى ئەزموونى گەریلایى لە کوردستان دەکات. کتێبەکە یادداشتى رۆژانەى گەریلا موستەفا یۆندەم (ئەرداڵ) و مەعسوم کۆرکماز (عەگید)ە. لێرەدا یادداشتەکانى ئەو کتێبەمان لەسەر هەڵمەتى ١٥ى ئاب کۆکردووەتەوە و دەیخەنە بەر دیدەتان.

کۆرکماز فەرماندەى چالاکییەکەى ناوچەى دهێ لە سێرت باسی ئەو کاتە دەکات...

ماوەیەکى کەمی مابوو بۆ ساڵی ١٩٨٤ و زستان زۆر دژوار نەبوو، لەبەر ئەوەش دەرفەتمان بۆ ڕەخسا خۆمان بگەیەنینە هەندێک ناوچەى وڵات. لەگەڵ دەستەیەک لە هەڤاڵان دانیشتین، ئێمە دۆخەکەمان لێکدایەوە و روومان کردە رۆژئاوا. تاوەکو زیاتر بەرەو رۆژئاوا دەچووین چیا شکۆمەندە گەورە و بە بەفررازاوەکان لێمان دوورتر دەکەوتنەوە. باران بەسەرماندا دەباری. ئێمە هێدی هێدى لە دیجلە نزیکبووینەوە. رووباری شارستانیەت بە ئارامی و جوانى رێیدەکرد. لە پێدەشتە جوان و لەبارەکانیدا و لە لێوارەکانیدا گوند و شار دروستکرابوون. لە ئامەدەوە تاوەکو موسڵ شانبەشانیى کاروانی رێکردنەکەی، خاکە بە پیتەکانی دەوروبەری ئاودێرى دەکات.

ئەم ناوچەیە لانکەی دامەزراندنى مرۆڤایەتى و یەکەم شارستانیەتەکانە و دەکەوێتە نێوان رووبارى دیجلە و بۆتان. ئەو ناوچەیە خۆى لە کاریگەریى داگیرکەری پاراستووە و بەها نەتەوەییە سروشتییەکانى لەناو ئەم بازنەیەدا پاراستووە. سنوورێک کە رۆژئاوا و رۆژهەڵات، چیا و دەشت لە یەک دادەبڕێت، بووە بە سنوورى نێوان بەرخۆدان و خۆبەدەستەوە دان...

... دواى ئەوەى رووبارەکەمان تێپەڕاند، دواى چەندین ساڵ گەیشتنە ناوچە دەشتاییەکان. رێپێوانێکى قورسی دەشتمان لە بەردەمدا بوو و دەبوایە ٣ رۆژ بە ناو قوڕدا رێمان بکردایە. شوێنەکانى پشوودانیش لە رووی ئاسایشییەوە زۆر شیاو نەبوون. لەبەر ئەوەى چەندین ساڵ لە چیاکاندا مابووینەوە دەشتمان بۆ نامۆ بوو. بە خێرایى خۆمان لەو رێپێوانە نەدەدا، بەڵام لە کۆتایدا و بە گرتنەبەر شێوازى جۆراجۆر و سەربارى چەندین مەترسی لەسەر رێگاکەماندا، ئەو رێپێوانەمان بە سەلامەتى کۆتایى پێهێنا. لە ناوچەى شاخاوییەوە گەیشتینە ئێرە، لێرە ئۆپراسیۆن و کێوماڵێکى بەرفراوان و پشکنین بەڕێوەدەچوو. جەندرمە هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک، کە چەند سزادراوێکى تیادا بوو و لە شەڕدا گولـلە بەر ٣ جەندرمە کەوتبوو و پێکرابوون. لەبەر ئەو رووداوە ناوچەکە پڕ بوو بوو لە داگیرکەر. بە کۆپتەر دابەزینە ناو گوندەکان، بە کۆمەڵ خەڵکیان دەگرت و ئەشکەنجەیان دەکردن. باپیرێک کە لە ئۆپراسیۆنەکە هەڵهاتبوو و خۆی گەیاندبووە ئەشکەوتێک، لە سەرمادا رەق بوو بوویەوە. ٢ خزمى سزادراوەکان کە یەکێکیشیان ژن بوو، رووتکرابوونەوە و دواى ئەوەى بە رووتکراوەیى بە ناو گوندەکەدا سوڕاندبوونیانەوە لە شوێنى رووداوەکە بە بەرچاوى خەڵکەوە کوشتبوونیان...

... لە خاڵێکى گرنگ لەسەر رێگاکەمان، یەکەیەکى سەربازان جێگیرکرابوون و هێزى هەرێمیش هاتبوو و ژمارەیان زیاد بوو. یەکەیەکى کۆماندۆ چوونە ناو گوندەکان و دەستیان بە پڕوپاگەندەى چەکداری کردبوو. بە گەلیان وتبوو "بڕوا بە ئاپۆییەکان نەکەن. ژمارەیەکى زۆر ئەندامى میتیان لە ناودایە. ئاپۆییەکان کورد نین، ئەوان ئەرمەنین، کۆمۆنیستن و دوژمنى ئایین". هەوڵیاندابوو ئێمە لە گەل داببڕن، بەڵام گەل بڕوای بە قسەکانیان نەکردبوو. خەڵک گاڵتەیان پێدەهات و گاڵتەیان پێدەکردن، بەڵام ئەوان پێیانوابوو هاووڵاتییان بڕوایان پێکردوون، بۆپە پێدەکەنین و پێشنیازى نۆکەرییان بۆ گوندییەکان دەکرد...

... دواى نانى ئێوارە، ئەو گوندییانەى کە ئێمە قسەمان لەگەڵ دەکردن وەک هەموو کات قسەیان هێنایەوە سەر ئەوە کە "بۆ بەرخۆدانى چەکدارى دەستپێناکەن؟". لەبەر ئەوەى ئەو پرسیارە بە بەردەوامى لێمان دەکرا، ئیتر لە وەڵامەکانى ئێمە و هەوڵەکانمان بۆ قەناعەتپێکردنیان بێزار بوو بوون. من چاوەڕێم کرد ئەو هەڤاڵانەى کە تازە هاتبوون، وەڵام بدەنەوە. بێگومان منیش لەگەڵ گوندییەکاندا هاوڕا بووم. کاتێک هەڤاڵانیش وتیان "ئامادەکاری"، گوندییەکان بێدەنگ بوون. لەبەر ئەوەی ئەو وەڵامەیان زۆر جار پێوترابوو و بیستبویان. کاتێک ئێمە، ئەو گروپە هەڤاڵە نیوەى شەو کۆبووینەوە، ئەوە دەرکەوت، کە ژمارەمان بە گوێرەى پێویست زۆر و قەرەباڵغە. گوندییەکانیش بۆ یەکەمجار ژمارەیەکى ئەوەندە قەرەباڵغ و زۆریان بینیبوو، بۆیە سەریان سوڕمابوو. ئەوانیش هەستیان بەوە کردبوو شتێک لە گۆڕێیە. بەیەکتریان دەوت 'ئەمجارە تەواوە'. ئێمە روومانکردە دارستانێک بۆ ئەوەى شەو تیایدا بمێنینەوە و لە چەند دەستەیەکدا خۆمان لە ناوچەکەدا جێگرکرد. من چاوەڕێم دەکرد بەرەبەیان زانیاریى باشمان پێبگات، بۆیە من ئەو شەوە زۆر پرسیارم نەکرد.

ئێمە بەرەبەیان لە خەو هەستاین و بەو خواردنەى گوندییەکان بۆیان هێنابووین نانى بەیانیمان خوارد. لەگەڵ هەڤاڵێکى بەرپرسیاردا چووینە لایەکەوە و بەسەرنجەوە چاوەڕێى قسەکانیم دەکرد و گوێم لێگرت.

دواى گوێگرتن لە قسەکانى ئەو هەڤاڵە، بۆم دەرکەوت مەزەندەکەى من راستن. یانى دەبێت لە زۆرێک لە ناوچەکان لە هەمان رۆژدا چالاکى ئەنجام بدرێت و هێزى رزگاریى کوردستان (هەرەکە - HRK) رابگەیەندرێت. ٤ ساڵ بوو ئێمە بە زۆرێک لە وڵاتاندا گەڕابووین و لە ناوخۆش ماوەیەکی زۆربوو ئێمە ئامادەکاریمان بۆ ئەو رۆژە کردبوو. ئیتر کاتى ئەو رۆژە هاتبوو. زۆر دڵ ئاسوودە بووم و من لە وڵامدا وتم "باشە، بەڵام زۆر دواکەوت. ئێمە دەتوانین زووتر ئەنجامى بدەین". سەربارى هەموو شتێک ئەو زانیارییە ئێمەى زۆر خۆشحاڵ کرد. من بە خۆمم وت دەبیت هەر ئێستا و بە خێرایى ئەو هەواڵە بە هەموو هەڤاڵان رابگەیەنرێت، بەڵام نەدەکرا. ئیتر هەڤاڵان تەنها چەند رۆژێک پێش ١٥ى ئاب ئاگادارکرانەوە. دەبوایە بەو شێوەیە بوایە. دواى ئەوەى ئێمە لەسەر شێوازى جێبەجێکردنى پلانەکە لە هەرێمەکەمان کرد، باسى بابەتى تر و لایەنى تریشمان کرد و دەستمان بە ئامادەکاری کرد. بۆ باش چاودێریکردن و پلاناندانان بۆ ئامانجەکەمان، پلانێکمان دانا. دواى چەند گۆڕانکارى و کۆبوونەوەى ئەندامانى یەکینەکە، کەوتنە ڕێ. ئێمە بەرەو شوێنێک ڕۆیشتنی و گەیشتینە ئەو خاڵە کە دەبوایە هەڤاڵان لەوێ چاوەڕێی ئێمە بونایە. ئەو شوێنە، شوێنێکى بڵند و باڵادەست بوو. ناوچەیەکى بێ هاوتا بوو. کاتێک ئێمە گەیشتنە خاڵە دیاریکراوەکە، ئەو دەستەیە لە هەڤاڵانمان لەوێ چاوەڕێمان بوون، کە دەبوایە لەوێ بوونایە. دۆخ و کەشێکى ئاسایشى و پارێزراو و ئارام لە گۆڕێ بوو. هەموو کەسێک لەوە تێگەیشتبوو شتێک روو دەدات و هەمووان لە جۆش و خرۆشاندان بوون. دڵخۆشی لە چاوی هەڤاڵەکاندا دەبینرا. دواى ئەوەى دوا ئامادەکارییەکان کران، ئێمە لەگەڵ یەکەکەمان، کە ناوی یەکەی پڕوپاگەندەى ١٤ى تەموز بوو کۆبووینەوە. ئێمە راگەیاندراوەکەمان خوێندنەوە و دامەزراندنیمان راگەیاند. دواتر ئەو هەڤاڵەى کە بڕیاربوو بگاتە لامان، گەیشت و لەسەر تایبەتمەندیى ئەرکی کاتەکە و سەردەمەکە قسەى بۆ کردین. دواتر من وەک بەرپرسیارى یەکینەکە بەڕێوەبەری نامەى پڕوپاگەندەى چەکداریم خوێندەوە. لە چوارچێوەى ئەو بەڕێوەبەری نامەیەدا لە هەموو کەس پرسیارى ئەوە دەکرا کە ئامادەیە یان نا. دواتر وترا، ئەوەى ئامادەیە با دەستى بەرز بکاتەوە. بە یەکجار ئەو هەموو دەستە بەرزبوونەوە. تەنها یەک کەسیش نەبوو دەستی بەرز نەکردبێتەوە. ئەو کاتە وتم کەواتە با "ئێمە ئەو سوێندەی شۆڕش پێکەوە بخۆین کە لە بەڕێوەبەریى نامەکەدا هاتووە". هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەى دەستە بە مستەکۆڵەبووەکاندا بە دەنگێکى بەرز سوێندەکە خوێندرایەوە و شەپۆل بە شەپۆل لە چیا و دۆڵەکاندا دەنگى دایەوە. دواى ئەوەى فەرمانەکە خوێندرایەوە ئیتر هەموو شتێک ئامادە بوو.

بابەتەکانى وەک ناو، پێکهاتە، شوێنى بزاوتەکە، ئارمانج، بەرنامە، بەڕێوبەری نامە و شێوازى کار و یەکینەکە بە روونى دیاریکرابوون. ئێمە ژمارەیەکى زۆر کەلوپەلی سەربازی و ٢ چەکى قورسمان هەبوو. ئێمە ئامادەبووین بۆ ئەوەى دەست بە جموجوڵ بکەین. ئەو شوێنەى کە بڕیار بوو هێزى رزگاریى کوردستان (هەرەکە - HRK)ى تیادا رابگەیەنرێت هێشتا بە هەڤاڵان رانەگەیاندرابوو. ١٣ى ئاب ئێمە دوایین کارەکانى چاودێریکردن و پشکنینى شوێنى چالاکییەکەمان ئەنجامدا و دوای ئەوە گەڕاینەوە بۆ لای یەکینەکەمان. وەک یەکینەى بەڕێوەبەری ئێمە چووینە کەنارێک و پلانى چالاکییەکەمان ئامادە کرد. پلانەکە خراپ نەبوو، ئێمە حسابی هەموو ئەگەرێکمان کردبوو، هیچ شتێکی ناروونمان نەهێشتبوویەوە.

دەبوایە بە دڵنیایى و بە مسۆگەرییەوە چالاکییەکە سەربکەوتایە، چونکە چالاکیى یەکەم و مێژووییە...

کاتێک ئێمە پلانەکەمان دادەڕشت ئەو وتەى لنین-مان بە بەردەوامى لە بیردا بوو دەیوت "پێش ئەوەى جاوەکە ببڕن حەت جار بیپێون". دواى ئەوەى پلانەکەمان ئامادە کرد، ماکێت و نمونەى شوێنى چالاکییەکەمان دروستکرد. دواى ئەوە ئامانجەکەى خۆیان بۆ یەکینەکانى ئەو هەرێمە ئاشکراکرد. لەسەر بەرنامە و گرنگی و ئامانجى چالاکییەکە زانیاریى پێویستمان خستەڕوو. دواى ئەوە پلانەکە خرایەڕوو و گفتوگۆى لەبارەوە کرا. لە ئەنجامدا پلانى چالاکییەکە بە یەکدەنگى پەسەند کرا. لە دواى چەند خۆراهێنان و پرۆڤە، ئێمە لە ئێوارەدا کەوتینە رێ. بۆ ئەوەى ئەو چەکانەى لە چالاکییەکەدا دەستمان دەکەوێت و ئەرزاق و خۆراکی شوێنى چالاکییەکە لەگەڵ خۆمان بهێنینەوە، چەند هێسترێکیشمان لەگەڵ خۆمان برد. ئێمە مەزەندەى ئەوەمان دەکرد بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ پەیوەندیمان لەگەڵ جیهانى دەرەوە بپچڕێت، بۆیە لەسەر ئەوە رێککەوتین کە دەبێت ئێمە بە دەستپێوەگرتنەوە بجوڵێینەوە. دەبوایە رۆژێک بە نیوە، یان چارەکە نانێک ئیدارەمان بکردایە.

دواى ١٢ کاتژمێر لە نزیک کاتژمێرەکانى بەرەبەیاندا گەیشتینە ئەو شوێنەى کە پێشتر دەستنیشانمانکردبوو. ئێمە سەنگەرمان گرت و هەوڵماندا بخەوین، بەڵام بەهۆى بای ساردەوە نەمانتوانى بخەوین. دواى ئەوەى خۆر هەڵهات، من دهێ کە ٣ کیلۆمەتر لێمانەوە دوور بوو بە هەڤاڵانم نیشاندا و پێم وتن "ئەوە ئامانجەکەمانە". هەموو هەڤاڵان هەوڵیاندا بە دووربین هەرێمەکە باشتر بناسن.

دواى رۆژێک کە بۆ ئێمە زۆر دوور و درێژ بوو، ئێوارەکەى کۆبووینەوە. سەرەتا ئەو دەستەیە کە دەبوایە رێگا و هێڵەکانى تەلەفونیان ببڕیایە، شوێنەکانیان دیاریکرا و نێردران بۆ شوێنى خۆیان. دواى ئەوەى خۆرئاوا بوو و تاریکى داهات، هێزى سەرەکیى یەکینەکە قۆڵ بە قۆڵ چوونە ناو شار. لە ماوەیەکى کەمدا ئێمە چووینە ناو شار. بە ٢ ریز چووینە سەر شەقامەکان. ١٠٠ مەترمان مابوو کە بگەینە یەکینەى دوژمن ئۆتۆمبێلێک هاتە سەر رێگاکەمان، بەڵام لەبەر ئەوەى ئێمە بە خێرایى خۆیان شاردەوە هەستى پێنەکردین. شانسێکى گەورەبوو کە ئێمە لە لەمپەرێکى جدی دەرباز بووین. دواى ئەوەى هەندێکیتر رۆیشتین، لە ٣ قۆڵەوە روومان کردە ئەو ئامانجەى پلانمان بۆ دانابوو. گەیشتینە بیناى یەکینەکە، گازینۆى ئەفسەران، قاوەخانە، بانک و مزگەوت. بە تەقاندنى یەکەم گولـلە پاسەوانی بەردەم یەکینەکە بێکاریگەر کرا. دواتر بە ئاڕ پی جی (بی - ٧) لە بەشی سەرەوەى یەکینەکە درا و بە دواى ئەوەدا خۆمان کرد بە گازینۆکەدا. ئێمە بە تەقەکردن و دەستڕێژ و هەڵدانى بۆمبا، لە ماوەیەکى کەمدا بینا سەربازییە ٢ نهۆمییەکەمان کۆنترۆڵکرد. گولـلەیەکی دوژمن لەلایەن گازینۆکەوە دەتەقێندرا بەر پەنجەى هەڤاڵێکمان کەوت، کە بە دەرگاى یەکینەکەى دوژمندا دەچووە ژوورەوە، بەڵام بە خێرایى دوژمن داپڵۆسێنرا. بەهۆى دەستدرێژى گولـلە ٢ منداڵی فەرماندەى یەکینەکە لە دەرەوەى خواستى ئێمە لە دەست و قاچیاندا بریندار بوو بوون. داواى لێبوردنیان لێکرا و لەگەڵ دایکیاندا لە شوێنى شەڕ دوورخرانەوە و رەوانەى نەخۆشخانە کران.

دواى کۆنترۆڵکردنى یەکینەکە، ئەو سەربازانەى دوژمن کە دیلکرابوون لە حەوشەى یەکینەکەدا کۆکرانەوە و باسی ئامانجی هێزى رزگاریى کوردستان (هەرەکە - HRK)یان بۆ کرا. هەندێک لە سەربازەکان دڵخۆش بوون. هەندێکیش دەیانەوێت "هاونیشتمانییەکەم، ئێوە ئێمەشتان رزگارکرد". هەندێک سەرباز دەیانخواست بێنە رێزمانەوە و بەشدار بن، بەڵام ئێمە نەمانخواست لەگەڵ خۆمان بیان بەین.

لەلایەکى ترەوە لە بڵندگۆى مزگەوتەوە راگەیاندراوى دامەزراندنى هێزى رزگاریى کوردستان (هەرەکە - HRK) دەخوێندرایەوە. ئەو هەڤاڵەى کە راگەیاندراوەکەى دەخوێندەوە، بەهۆی حەماسەتی زۆرەوە چەند پارچە شێعری خستە ناو راگەیاندراوەکەوە. لەو کاتەشدا عەمبارەکانى یەکینەکە کرابوونەوە و هەڤاڵان ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانەى دەستیان کەوتبوو بردیانە دەرەوە. دواى ئەوەى من هەندێک لێکۆڵینەوەم لە یەکینەکە کرد، چووم بۆ ئەو قاوەخانەیە کە هەڤاڵان کۆنترۆڵیان کردبوو. هەڤاڵێکى گوندى رەخنەى لە گەل دەگرت، کە بۆ یاریى قومار دەکەن. لەبەر ئەوە ئەو نزیکایەتە نەراست و نە لە جێى خۆیدا بوو، دەستم لە دۆخەکە وەردا. داواى لێبوردنم لە هاووڵاتییان کرد و پێم وتن، با ئێوە دڵ ئاسوودە و ئارام بن، چونکە ئێمە شەڕ بۆ ئێوە دەکەین. لەبەر ئەوە هاووڵاتییان لە قاوەخانەکە لە شوێنى خۆیان هەستان و خواستیان بە کۆمەڵ بێن و لە باوەشم بگرن. جگەرە و چا و ئاویان پێداین. ئێمە قومێک لە ئاوەکەمان خواردەوە و دواى ئەوە ئامانجەکەى خۆمان بۆ ئاشکرا کردن، لێم پرسین "ئێمە زیندانەکە بشکێنین؟"، ئەوانیش بە یەکدەنگ وتیان "دە ئادەی" لە قاوەخانەیەکى تریش دروشمەکانى "بژی پەکەکە" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزبوویەوە و دەمانبیست.

دواى ئەوەى لە قاوەخانەکان راگەیاندراو بڵاوکرانەوە و لافیتە هەڵواسران، هەموو قۆڵی هێزەکانمان لە رێڕەوی ئەمنیى دەورووبەری یەکینەکەدا بە یەک ئاماژە کۆبوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامى چالاکییەک کرا و پشکنین بۆ هەموو شتێک کرا. هەڤاڵانمان هیچیان لێنەهاتبوو. لە دوژمن سەربازێک کوژرابوو و ٦ سەربازی تریش بریندار بوو بوون. هەڤاڵە بریندارەکەمان لەلایەن دکتۆرەکەمانەوە چارەسەریى بۆ کرا. برینەکەشی سووک بوو. ئەو چەک و جبەخانەیەی دوژمن دەستى بەسەردا گیرا بوو زۆر زۆر بوو. قورس بوو و نەدەکرا لە هێسترەکان بار بکرێن. چەک و جبەخانەکەمان کردە ناو بارهەڵگرێکى جۆری (YS) و ئەوەشى مایەوە تەقاندمانەوە. ٢ تەلەفزیۆنی بارەگا سەربازییەکە، تاکسییەکى فەرماندار، زرێپۆشێک، بینای حکومەت، بانک و پۆستەخانە سوتێنران، بەڵام دوایى زانیمان ئەوانە وەک پێویست نەسوتاون و کڵ و کۆیان دانەمرکاوە.

ئێمە بۆ چەند کاتژمێرێک شارەکەمان کۆنترۆڵ کرد و دواتر چووینە دەرەوە. ئەو چەکانەى لە دوژمنمان گرتبوو بە بارهەڵگرێک هێنابویانە نزیک چیاکە و بۆمان بووە کێشە. ئەوەى لە هێسترەکان بارکرا، بارکرا و ئەوەشى مایەوە هەر هەڤاڵێک جگە لە چەکەکەى خۆی ٣ چەکى هەڵگرتبوو. لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەشێک لەو چەک و کەلوپەلانەى دەستمان بەسەردا گرتبوون لەوێ بەجێمانهێشتن.

ئێمە هەوڵمان دەدا بەو بارە قورسەوە بە چیاکەدا سەرکەوین، لە تینوێتیدا هێزمان تیا نەمابوو، بەڵام جۆشی سەرکەوتنى هێزى پێدەداین. ئێمە لەسەر کانییەک راوەستاین و پشوویەکمان دا. ئێمە سەیری رووناکیى شارەکەمان دەکرد کە جێمان هێشتبوو. لەوکاتەدا ئەوەم بە بیردا هات "شارۆچکەى دهێ و زۆر کەسی ناو شارۆچکەکەش نازانن، کە ئیتر ئەوێ دەبێتە شوێنێک کە هەموو کەس ناوەکەى دەبیستێت و بەو هۆیەشەوە لە جیهاندا ناوى کورد دەمێنێتەوە و باسى لەسەر دەکرێت".

بارە قورسەکان ئێمەى زۆر شەکەت کردبوو. کاتێک ئێمە گەیشتینە شوێنى ناوچەى ئارام، ئیتر رۆژ دەبوویەوە. شوێنەکەمان بێ هاوتا بوو. ئێمە لەو شوێنەدا دەمانتوانى بە هەموو شێوەیەک لە دژى دوژمن شەڕ بکەین. بەڵام کێشەیەکمان هەبوو، ئەویش ئاو بوو. ئاوەکەمان لە بەرەبەیاندا کۆتایى پێهاتبوو. ئەو چەک و کەرەستانەى کە دەستمان بەسەردا گرتبوون ئەژمارمان کردن. ٦٠ چەکى قورس، ٩ دەمانچە، ٤ هەزار فیشەک، ئامێرێکى بێتەلی گەورە، رادیۆیەک، ئامێرێکى چاپکردن و نووسین، چەندین مەتارەى ئاو، نەیزە و چەندین کەرەستەى ترى بچووکمان دەست کەوتبوو.

لەبەر ئەوەى کۆپتەر و فڕۆکەى جەنگى بە بەردەوامى بەسەر سەرمان و بە ئاسمانى ناوچەکەدا دەسوڕانەوە، ئێمە لە شوێنى خۆمان نەدەجوڵاین. ئیتر ئەوە بۆ ئێمە زۆر کێشە نەبوو. لەبەر ئەوەى کارێک کە ئەنجامى بدەن نەبوو. ئەستەمەم بوو ئێمە ببینن. ئێمە دەمانتوانى خۆمان لە هێرشەکانیان بپارێزین. چونکە ئێمە چیامان بە ئەندازەى پێویست و زیاتریش لە بەردەستدا بوو...

سەرچاوە: Bagimsiz Kurdistan Yolûnda – رێگاى سەربەخۆیى کوردستان - لە بڵاوکراوەکانى سەرخۆبوون

ر.م