٤٣ کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا

پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە، ٤٣ کۆچبەر کە منداڵێکی ساوای چەند مانگانە لەنێویاندا بووە، بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکەوە لە کەناری شاری کرۆتۆنی ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە.

پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا لە ڕاگەیەندراویکدا بڵاویکردەوە، لە بەلەمەکەدا تا ئێستا ٨٠ کەس بە زیندووی دەرهێنراون، هەندێکیان دوای نوقمبوونی (بەلەمەکە) توانیویانە بگەنە کەنار ئاوەکە، هاوکات٤٣ تەرم بەدرێژایی کەناراوەکان دۆزراونەتەوە.

ڕۆبێرتۆ ئۆکیۆتۆ، سەرۆکی هەرێمەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەیان کەس بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا منداڵ هەیە و ژمارەیەکی زۆریش بێسەروشوێنن.

پاسەوانی کەناراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەلەمەکە نزیکەی ١٢٠ کەسی هەڵگرتووە و چەند مەترێک لە کەناراوەکانەوە بەر بەردەکان کەوتووە، لەکاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری ڕایانگەیاندووە کە “زیاتر لە ٢٠٠ کەس” لەناو بەلەمەکەدا بوون.

لای خۆیەوە جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە ڕاگەیەندراویکدا نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، “بەلەمێک کە درێژییەکەی بەزەحمەت ٢٠ مەتر بێت و ٢٠٠ کەسی هەڵگردوە لە کەشوهەوای ناخۆشدا، کردەوەیەکی تاوانکارییە”.

وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٤ هەزار کۆچبەری بۆ ئیتاڵیا تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی پێنج هەزار و ٣٠٠ کۆچبەر و لە ساڵی ٢٠٢١ دا چوار هەزار و ٣٠٠ کۆچبەر بووە.

تەنها ڕێژەیەکی کەم لەو کۆچبەرانەی دەگەنە ئیتاڵیا بە کەشتی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕزگار دەکرێن و زۆربەیان لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا یان هێزی دەریایی ئیتالیا ڕزگار دەکرێن. بەڵام حکومەت کۆمەڵەکان بە هاندانی کۆچبەران و قاچاخکردنی کۆچبەران لە ڕێگەی چالاکییەکانیانەوە تۆمەتبار دەکات.

ف.ق