بلینکن: ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن دووپاتی کردەوە، ئەمریکا ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەموو بژاردەکان بۆ ئەم ئامانجە کراوەیە.

بلینکن لەبەردەم کۆمیتەی کاروباری گشتی ئەمریکی_ئیسرائیلی (ئیپاک) پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە پەیوەست بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، هەروەها ئێرانی بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل ناساند.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵ بۆ پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری دەدات لەگەڵ ئیسرائیل، تاوەکو ئیسرائیل بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. ئاماژەی بەوە کرد، ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی پێشوو، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماتیۆ میلەر دووپاتی کردەوە، واشنتۆن هێشتاش ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بەباش دەزانێت تاوەکو ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئێران ببەستێت هەرکات بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە وا بخوازێت.