دیار غەریب: گورزخواردنی فاشیزم لە تورکیا گورزخواردنی فاشیزمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین

شەهید دیار غەریب دەیگوت: "گورزخواردنی فاشیزم لە تورکیا گورزخواردنی  فاشیزمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەڵوشاندنەوەی فاشیزم لە تورکیا هەڵوەشاندنەوەی فاشیزمە لە  ڕۆژهەڵاتی ناوین."

ئەمڕۆ ٢٧ حوزەیران سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی تێکۆشەرێکی سەرکردە و ڕۆشنبیر و نووسەری کوردە، کە بە بۆچوونە سیاسی و فکریەکانی وەک ئەستیرەیەک لە ئاسمانی باشوری کوردستان دەگەشایەوە، بەڵام بە هۆی دەستی خیانەت و شەڕی نامەردانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ٢٧ حوزەیرانی ٠١٩ ٢ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بۆ هۆی بۆردومانی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شەهیدبوو.

شەهید دیار غەریب (هەڤاڵ هەڵمەت) ئەو سەرکردە هێمن و موفیکرە سیاسییەی باشوری کوردستان بوو، کە نموونەی دووبارە نابێتەوە لە مێژوودا و بەفکر و بۆچوونە سیاسیەکانی خۆی دەناسرا، خاوەن قەڵەمێکی بەهێز بوو. خاوەنی دەیان پەرتوک و بڵاوکراوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا وەک سەرکردەیکی مەیدانی پێشەناگایەتیی بۆ تێکۆشانی چوار پارچەی کوردستان دەکرد.

ئەگەر باس لە بۆچوون و پەرتوکەکانی دیار غەریب بکەین ژمارەی نوسین بەرهەمەکانی لە نوسین نایەن، بەڵام ئەو بەرهەمانەی، کە تا ئیستا لە لایەن حەسەن جودی هاوڕێی شەهید کۆکراونەوتەوە لە چوارچێوەی پێنچ بەرگی گەورە، کە بەشێکی زۆری چاوپێکەوتن و بەرنامە تەلەفیزیۆنیەکانی تێدا کۆکراوەتەوە، بە ناوی (مانیفیستۆی کەسێتیی ئازاد و شۆڕشگێڕی کوردستان) چاپکردوە.

لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی(١)دا، کە لە حوزەیرانی ٢٠١٩ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئەنجامیداوە پێش شەهیدبوونی تێشکی خستووەتە سەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، هۆکاری هێرشی دووژمنکاری دوڵەتی تورکیا ڕوون دەکاتەوە. ئێمە هەوڵ دەدەن بەشێک لە بۆچوونەکانی شەهید دیار غەریب لەو چاوپێکەوتنە بخەینە ڕوو.

دیار غەریب لەو چاوپێکەوتنە ئاماژەی بەوەکردوە: لە ڕووی ستراتیژییەوە دەوڵەتی تورکیا لە سەر بنەمای نکۆڵیکردن لە کورد دامەزراوە. گەلی تورک گەلێکە درەنگ هاتۆتە ئەو ناوچەیە و وڵاتی ڕەسەنی خۆیان ناوەڕاستی ئاسیایە، هەمیشە هەست بە لاوازی دەکەن. هەر بۆیە فاشیزمی تورکیا خۆی لەسەر لە ناوبردنی گەلانی ئەنادۆڵ و کوردستان بونیادناوە. لەو پێناوەشدا زۆربەی گەلانی رەسەنی ئەندۆڵیان لە بۆتەی تورکبوندا تواندەوە، لەو چوارچێوەیەشدا زۆر هەوڵیان دا گەلی کورد لە بۆتەی تورکبوندا بتوێننەوە و بۆ ئەو باوڕەش زۆر قۆناخیان بڕی، بەڵام تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە ئەو ڕیسەی بۆ کردنەوە بە خوری. ئێستا بەهۆی بەرخودانی کوردەوە بە شێکی  پێکهاتەکانی دیکەش لە هەوڵی بە دەستهێنانی ناسنامە ڕەسەنەکانیان دان. هەر بۆیە فاشیستەکانی تورکیا هەبوونی کورد بە لە ناوچوونی خۆیان دەزانن، لە ناوبردنی کوردیش بە سەر خستنی پرۆسەی بە تورکبوون دەزانن، ئەوەش وایکردووە، کە دژی هەر شتێک بن، کە باس لە کورد و کوردستان بکات. بێگومان لە ئێستادا هەر کەسێک دەزانێت چیا سەرکەشەکانی کوردستان بوونەتە لانکەی گەریلا گیان لەسەر دەستەکان. ئەمەش دووانەیەکی بە هیز و مەترسیدارن بۆ فاشیزمی تورکیا دەستیپێکردووە و تووشی فۆفیای گەریلا و چیابوون.

هاوکات شەهید دیار غەریب  لە وتارێکدا کە لە ٩ ئاداری ساڵی ٢٠٠٨ لە ڕۆژنامەی ڕۆژی وڵات (٢) هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان بە خاڵ ڕوون دەکاتەوە.

 بەشێک لە دەقی نوسینەکەی بەم شێویەیە" ١- تورکیا پەکەکە بە ‌هێزێکی سەرەکی دەبینێت لە کوردستان و ناوچەکەدا ئەو ڕاستیەش دەزانیت، کە پەکەکە وەبەستەی هیچ  هێز و لایەنێک نییە ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دروست کردون، لەوە دەترسن پەکەکە ببێتە واقعێکی هەرێمەکە  لە هاوکێشە و هاوسەنگییەکانی ئایندەدا جێگر ببێت.

٢ - ئامانجی دووەمی تورکیا حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەل کوردە لە باشوری کوردستان. تورکیا پێیوایە کاتێک بتوانیت پەکەکە تێک بشکێنیت ئەو کاتە بە ئاسانی دەتوانێت حکومەتی هەرێمی  کوردستان لاواز بکات واتە وای لێبکات، کە نەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەک بۆ تێکۆشان لە کوردستان.

٣-  بابەتی کەرکوک یەکێکی ترە لە ئامانجەکانی تورکیا و دەیەوێت بەم هەڕەشانە ڕێگە لەوە بگرێت، کە کەرکوک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، پێشیوایە کەرکوک بکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان ئەوە پێگەی هەرێمی کوردستان بە‌هێز دەبێت و بەمەش دەبێتە پشتیوان بۆ پارچەکانی تری کوردستان."

شەهید دیار هەر لەمان وتاردا ئاماژە بەوە دەکات: "گرنگە هەموو کەسێکش ئەو ڕاستییە بزانێت، کە گورزخواردنی فاشیزم لە تورکیا گورزخواردنی فاشیزمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەڵوشاندنەوەی فاشیزم لە تورکیا هەڵوەشاندنەوەی فاشیزمە لە  ڕۆژهەڵاتی ناوین.

شەهید دیار لە چاوپێکەوتنێکیتری دا (٣) باس لە گرینگیی فکری ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلانی عێراق و باشوری کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئەوەی ئێمە دەیبینین، کە بەشێکی زۆری گەلی باشوری کوردستان بە هیواوە دەڕوانێتە ئەو پێشنیاز و هەنگاوانەی کە ڕێبەر ئاپۆ باسیان لێوە دەکات. لەسەر ئاستی ئێراقیش ئەوانەی کە ئاشنای بیر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆن هەمان هەستیان هەیە. بە ئومێدەوە سەیری ئەم پرۆسەیە دەکەن، بەڵام بەشێکی زۆری گەلان و پێکهاتەکانی ئیراق هێشتا بە باشی ئاشنای بیر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ نەبوون، لەبەر ئەوەش ڕەنگە هەست بە گرنگیی ڕۆڵەکەی نەکەن، ئەمەش کەموو کوڕیی ئێمەیە و پێویستە ئێمە بیر و بۆچوونەکان و هەڵوێستەکانی ڕێىەر ئاپۆ هەموو کەس و پێکهاتەیەک بگەیەنین، هەر چی بەرپرسان و لایەنە دەسەڵاتدارەکان، سەرەڕای ئەوەی کە هەست بە ڕۆل گرنگی ڕێبەر ئاپۆ و هەڵوێست و تێروانیەکانی دەکەن، بەڵام لە سەر بنەمای بەرژەندیی سیاسیی  خۆیان هەڵسوکەوتی لە گەڵدا دەکەن، ئەمەش  وا دەکات کە نەتوانن سوودی لێ وەربگرن.

سەرچاوەکان:

١ – چاوپێکەوتن- ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)- حوزەیرانی ٢٠١٩

٢- وتار-٩ ئادار ساڵی ٢٠٠٨- ڕۆژنامەی وڵات

٣- ١ – چاوپێکەوتن- ئاژانسی فورات (ANF)- حوزەیرانی ٢٠١٩

ژ.ت