فەرماندەی فەوجی لالەش لە شەنگال: بە چەک لە پیش ڕێککەوتنی سەر شەنگال ڕادەوەستین

خاڵ عەلی فەرماندەی فەوجی لالەش لە شەنگال دەڵیت: "ڕێککەوتنی نێوان پارتی و بەغدا لەسەر شەنگال قەبووڵ ناکەین و ئەگەر بە زۆر بەسەرماندا بیسەپێنن ئێمە بە چەک لە ڕوویان دەوەستینەوە".

خاڵ عەلی فەرماندەی فەجی لالەش دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەسەر شەنگال بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)  قسەی کرد و وتی، قەبووڵ ناکەین جارێکیتر چەکدارەکانی پارتی بگەڕێنەوە شەنگال تاوەکو جارێکیتر بمانفرۆشن!.

"پارتی بەکرێگێراوی ئەمریکایە"

ئەو فەرماندەیی فەوجی لالەش ڕێککەوتنەکەی پارتی و بەغدا لەسەر شەنگال بە ڕێککەوتنێکی ئەمریکی ناو دەبات و دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە کرێگێراوی ئەمریکا و ئیسرائیلە، منداڵێکی نازداری ئەمریکان، بەهەمان شێوەی حکومەتی ئێستای عێراقیش سیاسەت و بەرنامەی ئەمریکا بەڕێوە دەبات".

دەیانەوێت ئێزدیەکان بکەنە قوربانی

خاڵ وتیشی: "ئێزدی لە پێشتر قوربانی بوون و دەیانەوێت ئیستاش هەر بیانکەنەوە بە قوربانی، ئێمە وەک گەلی ئیزدی قەبووڵ ناکەین هیچکات ببینە قوربانی، ئێمە لەو ڕێککەوتنانە بەهێزترین، ئەوان وای دەبینن کە ئیزدی بێ خاوەنن، بێ سیاسەتن و بێ هێزن، بەڵام لە ڕاستیدا وانیە ئیزدیەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئێزدیەکان لەدوای ئەوەی چەند جارێک فرۆشران ئیدی ئیستا تێگەیشتون و دەتوانن خۆیان بپارێزن".

ئیزدیەکان بۆ فرۆشتن نین

خاڵی عەلی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەوان پەیوندییان بەوەوە نییە، کە باس لەوە دەکرێت سیاسەتێکی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت، کە دەڵێن، ئەوە بۆ لە ناوبردنی هیلالی شیعەیە و ئەوەشی وت: "ئەوانە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، ئێمە گەلی خۆمان دەپارێزین، قەبوڵی ناکەین ئیزدی ببنە قوربانی و ئیزدیەکان بۆ فرۆشتن نین".

"پارتی و چەکدارەکانی قەبووڵ ناکەین بۆ ئەوەی جارێکیتر ئێمە بفرۆشنەوە"

خاڵ عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارەکان وا بیر لە شەنگال دەکەنەوە، کە شەنگال ناوچەیەکی چیایی گرنگ و ستراتیژییە و سوریا و عێراق بەیەک دەبەستێتەوە و بۆ ئەوە شەڕی لەسەر دەکەن و دەیانەوێت داگیری بکەن و وتی: "بەڵام ئێمە وا بیری لێ ناکەینەوە، ئێمە دەڵێین، ئێوە ئێمەتان فرۆشتوە، تەعاداتان لە ئێمە کردووە، ئیتر ئێمە ئێوە قەبووڵ ناکەین، ئێمە پارتی دیموکراتی کوردستان و پێشمەرگەکانی قەبووڵ ناکەین بۆ ئەوە بێنەوە ئێمە بفرۆشنەوە".

"بە چەک لە پێش ئەو ڕێککەوتنە ڕادەوەستین"

خاڵ عەلی فەرماندەی فەوجی لالەش لە شەنگال لەبارەی ئەوەی، ئەگەر حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە فشار ئەو ڕێککەوتنە بەسەر گەلی شەنگال دا بسەپێنن  ناوبراو وتی: "ئێمە لەسەر ناوی هیچ پارتێکی سیاسی قسە ناکەین، لەسەر ناوی ئیزدی قسە دەکەین و دەڵێین، هیچ دەسەڵاتێکی حکومەت لە دەسەڵاتی گەل بە هێزتر نییە، ئەو کەسەی بووەتە حکومەتیش گەل ئەوانی کردووەتە دەسەڵات، ئێمە دەنگمان داوە و ئێمە ئەوانمان گەیاندووەتە ئەو قۆناغە، ئەگەر حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە هێز بیانەوێت ئەو ڕێککەوتنە بەسەر ئێمەدا بسەپێنن ئەو کاتە ئێمە بە ناوی گەلی ئیزدییەوە بە چەک لە پێشان ڕادەوستین، ئەگەر چەندە قوربانیش بدەین ناگەتە ئەو کەسانەی کە چەکدارەکانی پارتی ڕادەستی داعشیان کردن و بە کوشتی دان و ئێمە شەڕ دەکەین و حەقی خۆمان وەر دەگرین".

خاڵ عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ئەو ڕێککەوتنە دەبێت هەڵبوشێتەوە، پارتی دەیەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی کاردانەوەی گەلی ئیزدی بزانێت، ئێمە ئەو کاردانەوەیان پیشان دەدەین، ئێمە هەم ڕەتی دەکەینەوە هەم بە کرداریش پیشانیان دەدەین، ئەگەر دەتوانن بگەڕێنەوە بابێن، ئەگەر برای خۆشم لە ناو ئەو ڕێککەوتنەدا و بێت لەگەڵ پارتی بێت و چەکداری ئەوان بێت، ئەگەر بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە پێش هەموو کەس لەگەڵ براکەی خۆم شەڕ دەکەم".

ژ.ت