هاوسەرۆکی کۆمەڵەى مافی مرۆڤی کوردستان: پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتوانە و یەکدەنگ هەیە

جەهانگیر عەبدوڵاهی هاوسەرۆکی کۆمەڵەى مافی مرڤی کوردستان (KMMK) رایگەیاند، ئێمە بمانەوێت بەر بە رژێم بگرین و کۆتایی بە گوشار و ئەشکەنجە بهێنین، دەبێت پێکەوە و یەکدەنگ هەڵوێست نیشان بدەن.

لەمدواییانەدا رژێمی ئێران بەرامبەر لە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو گەلانی بندەست لە ئیران، وەک گەلی بەلوچ، سیاسەتی کوشتن، زیندانیکردن، لەسێدارەدان، تۆقاندن، هەژارکردن و برسیکردن، گوشار و سەرکوتکردنی زیاتر کردووە. لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا دەبێت چی بکرێت و چ بەرپرسیارییەک دەکەوێتە ئەستۆی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ، لەگەڵ جەهانگیر عەبدوڵاهی هاوسەرۆکی کۆمەڵەى مافی مرۆڤی کوردستان (KMMK) ئەم چاوپێکەوتنەمان ئەنجامدا.

- رژێمی ئێرانی داگیرکەری ئێران بە هەموو شێوەک مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵات پێشێل دەکات. بۆ رژێمی ئێران لەمدواییانەدا، گرتن، کوشتن و لە سێدارەدانی زیاتر کردووە؟

- بێگومان دەتوانین بێژین کە سیاسەتی گرتن، ئەشکەنجە و زیندان، ناسنامەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئەو حکومەتە بۆ داسەپاندنی خۆی بە سەر کۆمەڵگا، هەر دەم کەڵکی لێگرتووە. کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژ دوایی رۆژ زیاتر مەشرووعیەتی خۆی لەدەست دەدات و بۆ گەل زۆرتر دەردەکەوێت کە ناتوانن بۆ ئایندەیەکی گەش و باش پشت بەو حکومەت و سیستەمە ببەستن و ناتوانن بە گۆڕانکاری و چاکسازی ئەو رژیمە بگۆڕن و داخوازی و ئاواتەکانی خۆیان لەو حکومەتەدا بەدی بێنن.

کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مانەوەی خۆی و چاندنی ترس لە کۆمەڵگای رۆژھەڵاتی کوردستان لەو سیاسەتە کەڵک وەردەگرێت و بە دەستبەسەرکردنی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی دو سیاسەت دەپێکێت. ۱- بۆ ئەو چالاکانە پەروەندەسازی دەکات و دوایی ماوەیەکی چەند مانگە بە بارمتە و بە مەرج ئازادیان دەکات. لەو پلانەدا، ئەو چالاکە مەدەنیانە ئیتر ناتوانن هیچ چالاکیەک بکەن و حکومەت خۆنسایان دەکاتەوە. ۲- بە گرتنی کۆمەڵێک کەس، حکومەت باقی چالاکانی مەدەنی و گەل دەترسێنێت و ئەوانیش لە کار و چالاکی دەخات.

بەڵام هەر دووی ئەو بابەتە بۆ پلانی ئەسڵی حکومەت بەکار دەنێت؛ کۆمەڵگایەکی ترساوی لێکدابڕاو، کە ئیتر کاری بەکۆمەڵی تێداناکرێت و تاکەکان بەتەواوی لێک دابراون.

سیاسەتی حکومەت هەمیشە لێکدابڕانی خەڵک بووە، بەشێوەیەک کە هیچ باوەڕیەک لەنێوان کەسان نەبێت و لێک پەرتەوازە بن، بەم شێوەیە حکومەت باشتر دەتوانێت کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکات و بیانچەوسێنێتەوە.

- چارەنووسی ئەو کەسانە، کە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە زیندانیکراون دیار نییە و هەموو رۆژێکیش گرتن بەردەوامیی هەیە، لە بەرامبەر ئەو سیاسەتی گرتن و زیندانیکردنەى رژێمی ئێراندا دەبێت چی بکرێت؟

- بێ گومان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئامانجەکانی حکومەت، پێویستە ناوەندە مەدەنییەکان، گەل و لەسەرەوەی ئەوان حیزبە کوردستانیەکان هەڵوێستی گونجاو بگرن.

ناوەندە مەدەنیەکان بە تایبەتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دەبێ تا ئەو جێگایەی دەکرێت، ڕای گشتی لەو پێشێلکاریە ماف مرۆییە ئاگادار کەنەوە و بە رۆژانە زانیاری نوێ لەسەر رەوشی گیراوان دەستخەن و سازیە جیهانیەکانی لێ ئاگادار کەنەوە. گەل دەبێت بەیەک دەنگ داوای کۆتاییهێنانی سیاسەتی گرتن و ئەشکەنجە بکات و بە پلان و کەمپینێکی هاوبەش داوای ئازادی دەستبەجێی هەموو گیراوان بکات.

بەڵام ئەحزابی سیاسی کوردستان کە لە نەبوونی حکومەت یا بەڕێوەبەری لە کوردستان نوێنەری یاسایی و سیاسی ئەو کۆمەڵگایەن، پێویستە بە کار و چالاکییەکانی خۆیاندا بێنەوە و رۆڵی خۆیان بگێرن. هەم لە ئاستی جیهانی و هەم لە ئاستی ناوخۆیی. دەبێ گوشاری سیاسی و دیپلۆماتیک لە ئاستی جیهانی ببەنە سەر و کۆتایی بێنن بە دەستبڵاوی حکومەت لە ئاستی دەرەوە. لەناوخۆی کوردستانیش دەبێ ئەو ڕۆڵ و ئەرکەی پێیان سپێردراوە و نوێنەری دەکەن، بە ئەنجام بگەیێنن. دەبێ ئەوەندە هێز و توانا نیشان بدەن، کە حکومەتی ئێران نەتوانێ ئاوا بە ساکاری خەڵک بکرێت و زیندانیان بکات، دەبێ هەزینەی ئەو کردەوە دژە مرۆڤانەی حکومەتی ئێران ببەنە سەر و وەڵامی گونجاو بدەنەوە.

- رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مەدەنییەکان لە ناوخۆ و دەرەوە دەبێت بە چ ئەرک و برپرسیارییەک هەستن.؟

 - بەڵام تایبەتی رێکخراوە ماف مرۆڤییەکان دەتوانن بەکاری هاوبەش هاودەنگی زیاتری جیهانی بۆ بابەتەکە ساز کەن، بەتایبەتی سازیە جیهانیەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوەندە کانی جیهانی مافی مرۆڤ و هتد. گەر سازیە ماف مرۆڤی و مەدەنییەکان بەیەکەوە و بە پلاتفۆرمێکی تایبەت تیشک بخەنە سەر سیاسەتی گرتن و ئەشکەنجە، دەتوانرێت ئەو بەشە بە رێژەیەکی یەکجار باش و بەربڵاو بێتە بەرباس و بەسەدان دیکۆمێنت سازکرێت لەسەر پێشێلکاری مافی مرۆڤی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئێمە دەبێ ئەوە لەبەر چاو بگرین کە ئەو سیاسەتەی حکومەتی ئێران تەنیا تایبەت بە کوردستان نیە و لە بەلووچستان و ئەحوازیش سیاسەتی هاوشێوە دەبینین. بۆ نموونە لە چەند رۆژی ڕابردوودا بە دەیان کەس لە بەلووچستان لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە کوژراون و بە سەدان کەس بەتەقەی ڕاستەوخۆی سپا بریندار بوون، ئەوە جیا لەو کەسانەیە کە لە کاتی گردبوونەوەکانی بەلووچستان گیراون. کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەتی هەڵاوردن، فەقر، بێکاری و ڕاگواستنی حەشیمەت لەسەریان ئەنجام دەدات، هەر وەک لە کوردستان دەیکات، گەلی بەلووچ لە هەموو مافەکانی بێبەش کراوە و ئەو گەلە ناچارن بۆ بژێوی ژیان سوختبەری بکەن، حکومەت بەوەش وازیان لێ نایەنێت و هەر وەک کۆڵبەرانی کوردستان دەیانکوژێت.

- هەروەها رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی چۆن دەتوانن ئەو سیاسەتە راوەستێنن؟

- ئەوە پێمان نیشان دەدات، گەر گەرەکمان بێت پێش بەو حکوومەتە بگرین و بەو ئازار، ئەشکەنجە و هەڵاواردنە  کۆتایی بێنین، دەبێ بەیەکەوە و هاودەنگ هەڵوێست بگرین.

ژ.ت