خالید مستەفا: رەنگە سیناریۆی سوریا و ئەفغانستان لە ئۆکرایناش دووبارە بكرێتەوە

لێكۆڵەر و ئاكادیمیست لەكاروباری نێونەتەوەیی خالید مستەفا دەڵێت: "ئامانجی روسیا لە دەستێوەردانەكانی لە ئۆکراینا لە ئێستادا گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە، روسیا خۆی بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەریادا ئامادە كردووە و سیستەمی ماڵی تایبەت بەخۆی رێكخستووە.

لێكۆڵەر و ئاكادیمیست لەكاروباری نێونەتەوەیی خالید مستەفا دەڵێت: "ئامانجی روسیا لە دەستێوەردانەكانی لە ئۆکراینا لە ئێستادا گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە، روسیا خۆی بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەریادا ئامادە كردووە و سیستەمی ماڵی تایبەت بەخۆی رێكخستووە. مستەفا ئەوەش دەڵێت: "رەنگە سیناریۆی سوریا و ئەفغانستان لە ئۆکرایناش روو بدەن".

سەرەڕای گۆشارەكانی رۆژئاوا، روسیا جمۆجوڵەكان لەئۆکراینا پەرە پێدەدات. بەگوێرەی دام و دەزگا راگەیاندنیەكان شاری كییڤ لەهەموو لایەكەوە گەمارۆ دراوە. روسیا لەگەڵ تۆپبارانی گەڕەكەكانی كییڤ هەوڵدەدات لە باكوری كییڤەوە پەلاماری پایتەخت "ناوەند" بدات.

رۆژنامەی واشنتۆنپۆست بڵاوی کردووەتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی ئامادەكاریی دامەزراندنی حكومەتێكی نوێ بۆ ئۆکراینا لە دەرەوە دەكەن و لەهەمانكاتیشدا چەك و جبەخانە دەدەنە ئۆکراینا بۆ ئەوەی لەشەڕی كۆڵان بەكۆڵاندا شەڕێكی بەهێزتر بكەن.

روسیا لەراگەیەندراوەكانیدا دەڵێت: "سەرۆكی روسیا ویلادیمیر پووتین لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرێگەی تەلەفۆن قسەیان كردووە و پووتین بەسەرۆك كۆماری توركیای راگەیاندووە، تا ئۆکراینا مەرجەكانی روسیا جێبەجێ نەكات، ئۆپەراسیۆنەكانمان راناوەستێنین".

پەیوەندیدار بەم بابەتە لێكۆڵەر و پسپۆڕی كاروباری نێونەتەوەیی خالید مستەفا دەڵێت: "روسیا لە چوار گۆشەی ستراتیژییەوە پەلاماری ئۆکراینای دا. بۆ ئەوەی لەماوەیەكی كورتدا شارە گەورەكان گەمارۆ و داگیر بكات".

خالید مستەفا لەسەر ئامانجەكانی روسیا لەهێرشەكردنە سەر ئۆکراینا دەشڵێت: "پێش ئەوەی روسیا هێرشی سەر ئۆکراینا بكات، ئامانجەكان شتێك بوون و ئێستاش شتێكی ترن. پێش هێرشەكان دوو داواكاری روسیا هەبوو. یەكەمین دوورخستنەوەی ئۆکراینا لە ناتۆ و بێلایەن مانەوەی و دووهەمینیش؛ داماڵێنی ئۆکراینا لەچەك و دوورخستنەوەی چەکە و ناتۆ بوو لە سنورەكانی روسیا بوو. لەبەر ئەم دوو هۆكارانە روسیا، ئۆکراینای بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی خۆی دەزانی.

مستەفا لەسەر ئامانجی ئێستای روسیاش دەڵێت: "لەئێستادا دۆخ بەگشتی گۆڕدراوە، روسیا دەیەوێت هەموو خاكی ئۆکراینا داگیر بكات، حكومەت بگۆڕێت و حكومەتێكی نزیك لەخۆی دامەزرێنێت. لەم بابەتەدا پارچەكردنی ئۆکراینا بۆ روسیا گرنگە. دەیەوێت ئۆکراینا هەرێمی كریما بەفەرمی بناسێت و دانی پێدا بنێت، كە لەساڵی ٢٠١٤ەوە لەلایەن روسیاوە داگیركراوە.

خالید مستەفا لەسەر ئەو گەماڕوانەی خراوەتە سەر روسیاش دەڵێت:"رۆژئاوا لەناوخۆدا تێكەڵوپێكەڵ بووە؛ چۆنكە نایانەوێت لەگەڵ روسیا بكەونە شەڕەوە و ئەمەش بەئەستەم دەزانن. روسیا لەگەڵ ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ چین دایمەزراندووە بەتایبەت لە بواری دراوەوە رەنگە لە داهاتوودا پێشتێنەیەكی ئابوری گەورە دامەزرێنن و بازاڕی دۆلاریش كۆنترۆڵ بكەن و بیخەنە ژێر كاریگەری خۆیانەوە، بۆیەش بایدن نایەوێت روسیا لەسیستمی جیهانی دراوی نێودەوڵەتی بكرێتە دەرەوە".

ژ.ت