کۆنفڕانسێک لە یەکەم ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوەدەچێت
بریارە بەبۆنەی یەکەم ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بە دەستپێشخەری پلاتفۆڕمی دیموکراتیکی ئێران کۆنفڕانسێک لە ئاڵمانیا سازبکرێت.
بریارە بەبۆنەی یەکەم ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بە دەستپێشخەری پلاتفۆڕمی دیموکراتیکی ئێران کۆنفڕانسێک لە ئاڵمانیا سازبکرێت.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەم ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، کە بووە هێمای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئامادەکاری دەکەن تا بە چالاکی جیاجیا یادی ئەو سەرهەڵدانە سەرتاسەریە بکەنەوە.
لەو چوارچێوەدا پلاتفۆڕمی دیموکراتیکی ئێران لە ٣٠ی ئەیلول و یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە شاری کۆڵنی ئاڵمانیا کۆنفڕانسێک ساز دەکات.
رۆژی یەکەمی کۆنفڕانسەکە دوو پلان لە خۆی دەگرێت و لە پانێلی یەکەمدا تاوتوێ کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەکرێت و لە پانێلی دووەمدا دەستکەوت و پرسەکانی بەردەم سەرهەڵدانەکە دەخرێنە بەرباس.
لە رۆژی دووەمی کۆنفڕانسەکەدا، پانێلی سێیەم بەڕێوەدەچێت و تیایدا لەبارە رێکار و ئەڵترناتیڤەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی گفتوگۆ دەکرێت و کۆتای بڕگەی کۆنفڕانسەکەش مایکی کراوە یاخود تریبونی ئازادە و تیایدا حزب، رێکخراو، گروپ و بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە را و تێبی خۆیان لەبارەی پرس و بابەتەکانی پەیوەست بە کۆنفڕانسەکە دەخەنەڕوو.
رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ سەردان لە تاران بوو، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە پاساوی ئەوەی رەچاوی پێوەرەکانی دەوڵەت بۆ حیجابی نەکردووە، دەستگیر و بە هۆی ئەشکەنجەوە کەوتە دۆخی کۆماوە و پاش سێ رۆژ گیانی لەدەستدا.
کوژرانی ژینا ئەمینی بووە هۆی سەرهەڵدانێک کە بە بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ناسرا و سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و بوو بە درێژخایەنترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ٤٥ ساڵی رابردووی ئێران.
هـ . ب