کۆنفرانسی یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوین و کورد دەستی پێکرد

لە بارەگای پارلەمانی ئەوروپا لە بڕۆکسل، ١٧مین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی (یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوین و کورد) دەستی پێکرد و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی لە ئەوروپا، کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتانی دیکەی جیهانەوە تێیدا بەشدارن.

ئەمڕۆ ٤ شەممە، کاتژمێر ١٥:٣٠ی پاش نیوەڕۆ  کە هاوکاتە لەگەڵ ٨ی ئارس (ئادار) رۆژی جیهانی ژنان، لە شاری بڕۆکسلی پایتەخی بەلجیکا، ١٧مین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی (یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوین و کورد)٫ لە بارەگای پارلەمانی ئەوروپا دەستی پێکرد.
کۆنفڕانسەکە، لە چوارچێوەی کارەکانی کۆمسیۆنی مەدەنی یەکێتیی ئەوروپا، فراکسیۆن و پارلەمانتارانی ئەوروپای یەکگرتوو، چەپ، سۆسیالیست و سەوزەکان و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە و ئەنیستیتۆی کورد لە بڕۆکسل، رێکخراوە و ژمارەیەکی زۆرکەسایەتیی، سیاسەتمەدار، پارلەمانتار و ئەکادیمیسەن، لە ئەوروپا، ئەمەریکا، ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوین، تورکیا و هەر چوار بەشی کوردستان و چەندین لە خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکوان، تێیدا بەشدارن و ژمارەیەک میوانیش بە پەیامی ڤیدیۆیی و ئۆنلاین لە کۆنفڕانسەکەدا بەشدار دەبن لەوانە، شیرین عەبادی خەڵکی ئێران و خاوەن خەڵاتی نۆبلی ئاشتی، نوام چۆمسکی، بیرمەندی گەورەی ئەمەریکی و جیهان.
کۆنفڕاس بە خولەکێک ڕێزگرتن لە قوربانیای بومەلەرزەکانی کوردستان، تورکیا و سوریا و وتەی ڕێکخەرانی، کرایەوە.
لە کۆنفڕاسەکەدا کە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، چەندین پانێل لە سەر بارودۆخی کوردستان، تورکیا، ئێراق، سوریا، ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگشتیی و چارەسەری دیمۆکراتیکی دۆزی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بەتایبەتیی قسە و باسیان لەسەر دەکرێت. بابەتێکی دیکەی گرنگی کۆنفڕانس دۆخی ڕێبەر ئۆجالان و دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی و کۆتاییهێنان بەو گۆشەگیریە دژوارەیە کە ٢٤ ساڵە بەسەریدا سەپێنراوە. ژن ژیان ئازادی و شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەشتی مارس رۆژی جیهای ژنان و تێکۆشانی ئازادی ژنان لە رۆژەڤی کۆنفڕانسدان و بەگرنگییەوە ڕاوەستەیان لەسەر دەکرێت.
ئەمەو هێرشە داگیرکارییەکانی ڕژێمی تورکیا بۆ سەر باشور و رۆاڤای کوردستان، بەکارهێنانی چەکی قەدەغە و کیمیایی لە لایەن رژێمی ئەردۆغان دژ بە گەریلاکانی ئازادی و ژینگەی کوردستان لە لایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە قسەیان لەسەر دەکرێت.
شایانی گوتنە، بابەت و مژارەکانی نێو کۆنفڕانسەکە بە چەندین زمان وەک، کوردی، تورکی، فارسی فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی هتد... وەرگێڕیان بۆ دەکرێت.
هەروەها لە لایەن چەندین دەزگای ڕاگەیاندن و میدیای کوردی وەک ستێرک تیڤی، میدیا هەبەر، ئێن ئاڕتی، کوردستان ٢٤، ئاژانسی هەواڵی فوڕات، ژن تیڤی و چەندین میدیا بیانییەوە، کارو چالاکییەکانی دوو ڕۆژەی (یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوین و کورد) رووماڵ دەکرێن و بۆ رای گشتیی دەگوازرێنەوە.

هـ.هـ