کەرکوک، هەڵمەتێکی ١٦ رۆژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاندرا

لە ساڵرۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان لە شاری کەرکوک هەڵمەتێکی ١٦ رۆژی لەژێر دروشمی (نا بۆ توندوتیژی) بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاندرا.

دوێنێ ٢٥ی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) کە لە جیهاندا ساڵرۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە لەسەر ژنان بوو لە شاری کەرکوک لەسەر قەڵای شارەکە بە مەراسیمێک هەڵمەتێکی ١٦ رۆژی بە دروشمی (نا بۆ توندوتیژی) ڕاگەیاندرا بۆ بەرەنگاربوونەوە و هۆشیارکردنەوە لە دژی توندوتیژی لەسەر ژنان.

مەراسیمەکە لەلایەن رێکخراوی هیوای عێراقییەوە ڕێکخرابوو هەروەها چالاکوانی مەدەنی و بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شارەکە و ڕێکخراوەکانی ژنان ئامادەی مەراسیمەکە بوون، لە مەراسیمەکەدا ووتار و داواکاریی ڕێکخراوەکانی ژنان خوێندرانەوە پاشان شانۆگەری پێشکەش بە ئامادبووانی مەراسیمەکە کرا و لە کۆتایی مەرسیمەکەدا ١٨٠ میزڵدانی ڕەنگ پرتەقاڵی لە قەڵای کەرکوکەوە هەڵدران بۆ ئاسمان و هەر یەک لەو باڵۆنانە ئاواتێکی ئامادەبووانی مەراسیمەکەی لەسەر نووسرابوو.

سرود ئەحمەد بەرپرسی ڕێکخراوی هیوای عێراقی سەبارەت بەو هەڵمەتەکەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان، بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەم چالاکییەی ئەمؤۆمان بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەمە« کە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە لەم رۆژەدا هەڵمەتێکی ١٦ رۆژیمان ڕاگەیاند، کە بریتییە لە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە لە تەواوی کەرکوک و دەوروبەری و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوە چالاکەکانی شاری کەرکوک و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش بەشداری چالاکییەکەی ئەمرۆ بوونە.''

هەروەها سرود ئەحمەد ووتیشی: "لەم چالاکییەدا هەوڵمانداوە بارودۆخی ژنان بخەینەڕوو، کە لەماوەی ١٠ مانگی ئەمساڵدا ٤٤ ژن و کچ کوژراون، لەم چالاکییە پێڵاوی ئەو ژنانەی کە کوژراون دانراون لەگەل گوڵێکا، کە گوڵەکان هێمایە بۆ روحی ئەو ژنانە، هەروەها شانۆگەریشمان هەیە سەبارەت بەو کێشانەی کە رووبەرووی ژنان دەبنەوە."

لە کۆتایدا سرود ئەحمەد ووتی: "لە کۆتایی چالاکییەکەدا ١٨٠ بالۆنی پرتەقاڵی دەفڕێنین کە هەریەک لەو باڵۆنانە ئاواتێکی لێ نوسراوە، لەم چالاکییەدا بەدی دەکەین کە خەڵکێکی زۆر هاتوون و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بیرکردنەوەی خەڵکی گوڕاوە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو."

ژ.ت