لە ٢٧ی تشرینی دووەمدا پۆلیسی بەریتانیا لە یەک کاتدا هەڵیانکوتایە سەر ناوەندی کۆمەڵەی کورد لە لەندەن و زۆرێک لە ماڵی وڵاتپارێزانی کورد و چەندین چالاکی کوردیان دەستبەسەر کرد. کوردستانیان و دۆستەکانیان بە چالاکییەکانیان ئەم کردەوەیانە ئیدانە کرد. لێکۆڵینەوە لە ٧ کورد کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەستگیرکراون لە بارەگای پۆلیس بەردەوامە. باس لەوە کرا کە پۆلیسی بەریتانیا هەوڵی درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی چالاکوانەکان دەدات.
ڕاگەیەندراوە ٦ کورد کە لە ئۆپراسیۆنی ڕۆژی پێشوودا دەستبەسەر کرابوون ئازاد کران، بەڵام چوونە ژوورەوەیان بۆ ناوچەی هارینگی قەدەغە کراوە.
دەستبەسەرداگرتنی بینای ناوەندی کۆمەڵەی کورد لەلایەن پۆلیسەوە بەردەوامە.
پێشی بینای KCC بە بەربەستی ئاسن داخراوە. بە سەدان پۆلیس لە بەردەم بەربەستەکە جێگیر کراون. هەروەها زانراوە کە گەڕان و پشکنین لەلایەن تیمەکانی دژە تیرۆر و بەرپرسانی هەواڵگری لە بینای KCC بەردەوامە.
کوردستانیان لەسەر شەقامی نزیک بینای KCC دەستیان بە دانیشتن کردووە و کۆمەڵێک چالاکوان دەستیان بە مانگرتن کردووە و چالاکییەکە درێژەی هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، وەکوو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستبەسەرداگرتنی ناوەندی کۆمەڵەی کورد، کاسبکار و دوکاندارانی وەک چێشتخانە، کافە و بازاڕەکانی شاری هارینگێ بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەرگای شوێنەکانیان داخست.
بە درێژایی ڕۆژ بە سەدان کەس سەردانی خێمەی مانگرتووان دەکەن و زۆر جاریش بەهۆی قەرەباڵغییەوە گرژی لەنێوان پۆلیس و گەلدا دروست دەبێت. پشتیوانی گروپە ئینترناسیۆناڵیستەکان لە بەردەم بەربەستی پۆلیس بە وتنەوەی دروشم بەردەوامە.
بەهەزاران کەس لەسەر بانگهێشتی هێزە دیموکراتیکەکانی بەریتانیا (DGB) لەگەڵ کۆمەڵە کوردییەکان، عەلەوی، شۆڕشگێڕ، چەپ، سۆسیالیست و هەرێمیدا لە وێستگەی تۆرن پیک کۆبوونەوە. کارمەندانی شارەوانی هارینگی و گروپە نێودەوڵەتییەکان و دانیشتوانی گەڕەکی هارینگی هەروەها بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کرد. بەهەزاران کەس لەوێ کۆبوونەوە بەردەوام دروشمی "دەستە گڵاوەکانتان لە KCC هەڵبگرن"، "ژیانی کوردان بەکەرامەتە"، "بژی ڕێبەر ئاپو" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" یان بەرز کردەوە. هەر لە گەنج و پیرەوە، لە بازرگان و کرێکارەوە بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە تاوانبارکردنی کوردان، ئاڵا و دروشم بەرزکرایەوە.
لە مەراسیمەکەدا یوسف ئاچل بەناوی DGB قسەی کرد و وتی: "ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە هێرش بۆسەر تێکۆشانی ئازادی کوردە، ئەم هێرشانە پشتیوانییەکی ئاشکرایە لە حکومەتی ستەمکار و سەربازی تورکیا. ئەمە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوانی هەردوولایە، کورد دوژمنایەتی لەگەڵ کەس ناکات و داوای ئازادی دەکات، بەریتانیا کە پشتیوانی لە حکومەتی ستەمکار و چەوسێنەری تورکیا دەکات دەبێت بزانێت کە هەرچی بیەوێت ناتوانێ بیکات. هەروەک چۆن دوێنێ ئەم هێزە کۆنەپەرست و خۆسەپێنانە لە ڤێتنام شکستیان هێنا ئەمڕۆش لە کوردستانیش هەمان چارەنووسیان دەبێت، چونکە ئەوانەی خاوەن مافی ڕەوان سەردەکەون، ئەم تێکۆشانە لە پێناو ئازادیدایە و بەردەوامە. هیچ کەسێک هێز و مافی ئەوەی نییە گەلی کورد بە تاوانبار بناسێنێت لە داواکاری بۆ مافەڕەواکانی، ئەم هێرشانە تەنها دژی کۆمەڵەی کوردان نەکراوە، بەڵکو دژی هەموو دامەزراوە مەدەنییەکانە و زۆر بە شێوەیەکی ستەمکارانە ئەنجامدراوە."
هەروەها دیلەک ئینجدال، هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی عەلەویانی بەریتانیا و ئیسحاق میلانی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کوردی لەندەن وتاریانی پێشەکەش کرد و کردەوەکانی حکومەتی بریتانیایان دژ بە دەستکەوت و بەهاکانی گەلی کوردیان شەرمەزار کرد.
پاش وتارەکان، بەهەزاران کەس بەرەو بینای KCC لە هارینج دەستیان بە ڕێپێوان کرد. جەماوەر کە بەردەوام بە وتنەوەی دروشمەکان هێرشەکەیان شەرمەزار کرد. لە ڕێپێوانەکەدا جەماوەر دروشمی "کوردستان گۆڕستانی فاشیستان"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "بێ سەرۆک ژیان نابێ"، "دەوڵەتی تورک تیرۆریستە"، "پۆلیس فاشیست" بە دەنگێکی بەرز وتەوە، جەماوەر بە دروشمی "ئێرە ماڵی ئێمەیە" و بەربەستەکانی پۆلیسیان تێکدا. دواتر پۆلیس هێرشی کردە سەر جەماوەرو ئاڵۆزی دەرکەوت، گەنجێکی کورد بەناوی عەبدولقادر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
جێی ئاماژەیە مانگرتن لە خواردن لەلایەن کۆمەڵێک لە کوردستانیانەوە لە بەرامبەر بینای KCC تا ئێستاش بەردەوامە.