لە بڕۆکسل سەرۆکی کەتەلۆنیا سەردانی کەنەکە-ی کرد

لە بڕۆکسل، کارلِس پوچدمۆن سەرۆکی کەتەلۆنیا و شاندێکی یاوەری سەردانی کەنەکە-یان کرد و لەگەڵ ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی کەنەکە و زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە کۆبوونەوە.

ئەمشەو لە بڕۆکسل-ی پایتەختی بەلجیکا، کارلِس پوچدمون، سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا و شاندێکی یاوەری کە لە چەندین پارلەمانتار و سیاسەتەدار پێکهاتبوو، سەردانی بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)یان کرد.
سەرۆکی کاتەلۆنیا و شاندی یاوەری، لە لایەن ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆک و ئەندامانی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەنەکە و زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە گەرمی پێشوازیان لێکرا و پاشان هەر دوولا کۆبوونەوە. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، پتەوکردنی دۆستایەتی نێوان کوردستان و کاتەلۆنیا و بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندی نێوانیان بووە لە بوارە جیا جیاکاندا.
هاوکات هەر دوولا جەختیان لە سەر کار و خەباتی هاوبەش و هاوکاری یەکدی و درێژەدان بەم جۆڕە سەردان کۆبوونەوانە کردوەتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت، کەنەکە لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی کاتەلۆنیا و شاندی یاوەری بۆ بارەگای کەنەکە لە بڕۆکسل بە ڕاگەیەندراوێک زانیاری زیاتر بڵاو بکاتەوە.

 

هـ.هـ