نەرویج لە وەڵامی ڕژێمی تورکیا: تابلۆکەی شەڕڤانان و وتەکەی ئۆجالان لانابەین

چەندین ڕۆژە تابلۆیەکی هونەری ژنانی ڕۆژاڤا و وتەیەکی ئۆجالان لە نەرویج هەرای ناوەتەوە و تورکەکانی ئەو وڵاتە و وەزارەتی دەرەوەی ڕژێمی تورکیا داوای لابردنی دەکەن و نەوریجیش بەفەرمی ئەوە ڕەتدەکاتەوە و ڕایگەیاندوە: تابلۆکەی شەڕڤانان و وتەکەی ئۆجالان لانابەین.


وەزارەتی دەرەوەی ڕژێمی داگیرکەری تورکیا بەفەرمی نامەی بۆ بەرپرسی کۆمیتەی کولتور لە شارەوانی شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج ناردووە و تێیدا داوای لابردنی  تابلۆ وێنەیەکی شەرڤانان لە ئۆسلۆ دەکەن کە ھونەرمەند گەلاوێژ وەلیدخانی شێوەکاری کوردی نیشتەجیێ ئەو وڵاتە کێشاویەتی و گوزارشت لە شۆڕش و خەباتی ژنانی ڕۆژاڤای کوردستان دەکات و وتەیەکی ڕێبەر ئۆجالانیش لەخۆ دەگرێت.
لە وەڵامی ئەو نامەیەشدا، لەسەر ناوی شارەوانی ئۆسلۆی پایتەخت ”Eivor Evenrud“، بەرپرسی کۆمیتی کولتور و پەروەردەی شارەوانی ئۆسلۆ، بە ڕژێمی تورکیای ڕاگەیاندووە: "ئێمە لە وڵاتەکەمان پەیرەوی ئازادی ڕادەربرین دەکەین، ھێزی سیاسی ناتوانی دەست لە کاروبار و پیشەی ھونەری وەربدات و سانسۆر بکات و داواکاریەکەتان ڕەت دەکرێتەوە.
ئەم نامەیەی ڕژێمی تورکیا دوای ئەوە هات کە ئەو تابڵۆیەی گەلاوێژ وەلیدخانی هەرای ناوەتەوە و تورکە فاشیستەکانی نیشتەجێی نەرویج و ئەورووپای هەراسان کردوە و چەندین ڕۆژە کەوتونەتە هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر تابڵۆکە و گەلاوێژ وەلیدخانی. 
تورکەکانی ئەو وڵاتە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تیرۆریست لە ئۆسڵۆ ڕێزی لێدەگیردرێت ستایش دەکرێت و داوا دەکەن کە شارەداری ئۆسڵۆ شاکاری هونەری هونەمەندێکی کورد لابەرن. لەو چوارچێوەیەدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا شارەداری ئۆسڵو زیاتر لە هەشتا سکاڵای بۆ نێردراوە سەبارەت بەو شاکارە هونەریە کە لە شەقامی رۆزێنکرانتس هەڵواسراوە و گوزارە لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژاڤای کوردستان دەکات. لە تابڵۆکەدا ڕستەیەکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی تێدا نەخشێنراوە کە دەڵێت: "هەتا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت". 
ئەوەش هێندەی دیکە تورکە ڕەگەزسپەرستەکانی نەرویج و کاربەدەستانی ڕژێمی تورکی تۆڕەتر کردوە. سەرەڕای هەموو ئەوانەش کاربەدەستانی شارەوانی ئۆسلۆ بە بایەخەوە لە تابلۆکە و وتەکەی ڕێبەر ئۆجالان دەڕوانن و ڕەتی دەکەنەوە لایان بەرەن و ئەوەش لە چوارچێوەی ئازادی هونەر و ڕادەربڕیندا دەبینەوە.

لە بەرامبەردا، ئافڕێنەری کارە هونەریەکە واتا گەلاوێژ وەلەدخانی کە بەخۆی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئێستا نیشتەجێی نەرویجە بە میدیاکانی نەرویجی ڕاگەیاندوە: ساڵانێکی زۆرە وێنەی ئەو ژنانەی دەکێشم کە وەک سیمبولی شۆرشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکۆشاون و ئەم کارەشم لە ئۆسلۆ لەو چوارچێوەیەدا نەخشاندووە.

گەلاوێژ ڕاشیگەیاندوە: قسەکردن لە سەر شۆڕشی ڕۆژاڤا بەبێ ناوبردنی ئۆجاڵان وەک ئەوە وایە کە باسی تێکۆشان دژی نژادپەرستی و ئاپارتاید لە باشووری ئەفریڤا بکەیت بەبێ ئەوەی ناوی نێلسۆن ماندێلا بهێنیت. چونکە خەباتی ئەو ژنۆلۆژی لەخۆ دەگرێت، فەلسەفەیەک و بزاڤێکە کە ئامانجی پێکهێنانی دیمۆکراسی، سۆسیالیسم و ژینگەپارێزی و فێمینیسمە لە سەر ئەساسی دروشمەکانی "ژن ژیان ئازادی" و "هەتا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت". 
گەلاوێژ پێیوایە؛ کە شاکارەکەی تەمسیلی تێکۆشانی ژنان بە گشتی دەکات، بۆیە هیچ سکاڵایەکی کەسی لە سەر ئەو شاکارە هونەرییە تۆمار نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، بێرۆی کولتووری میسێن کە ئەو تابڵۆیەی لەو شەقامە هەڵواسیوە، ڕایگەیاندوە، بە هاوکاری سازییەکانی بەرگەن ستیفتەلسەن، فریت ئوورد و شارەوانی ئۆسڵۆ ئەو کارەی کردووە و دژبەری یاساکانی شارەوانی ئۆسلۆ نییە و بەئاگاداری شارەوانی و بەفەرمی دانراوە.
ویبەکە کریتێنسێن، بەرپرسی ئەو بیرۆیە لەوبارەوە بە میدیاکانی وڵاتەکەی ووتوە: جێگەی داخە کە ئەو کارە هونەرییە ئەوەندە کاردانەوەی نەرێنی و سکاڵای لێکەوتۆتەوە.
کریستێنس دەڵێت: ئەو ڕستەی ئۆجالان وتارێکی گەردوونییە لە سەر تێکۆشانی ژنان کە بۆ هەموو شوێنکی دونیا دەگونجێت، گرینگە کە ئێمە لە سەر ناوەڕۆک و شێوەی تابڵۆیەکە گفتوگۆ بکەین، ئەو شاکارە هونەرییە لە بارەی ئۆجەڵان یان کێشەی نێوان تورک و کوردان نییە ، تابڵۆکە گوزارە لە تێکۆشانی ژنان دەکات.
کریستێنسێن دەڵێت: سکاڵاکان بوونەتە هۆی ئەوەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا ئەو تابڵۆیە ئاستەنگ بکرێت. هەروەها زۆربەی ئەو کارمەندانەی کە لەو بیرۆیەدا کار دەکەن لە لایە فەیسبووکەوە ئاستەنگ کراون.
کریستێنسێن هیواخوازە؛ کە شورای شار ئەو تابڵۆیە لانەبات و دەڵێت: هیوادارم ئەوان پشتگیری ئازادی ڕادەربڕینی هونەری و مافی دیبەیتی ئاوەڵا بکەن. لە نۆروێژ ئازادی ڕادەربڕین هەیە و هونەرمەندیش دەتوانن ئەو مافەیان بەکاری هونەری لە سەر دیوارەکان دەرببڕن. هەرچەند ئێمە هیچکات هەموومان لەسەر ئەو شاکارە هاوفکر نابین، بەڵام هەموومان دەتوانین لە سەر ڕادەربڕین پێداگربین بەبێ ئەوەی کە لە بەدواداچوون و سانسۆر و سزا ترسمان هەبێت. تا ئەو کاتەی کە ئێمە لە چوارچێوەی یاسا دا هەڵسوکەوت دەکەین، ئازادی ڕادەربڕین مەرجێکی دیمۆکراسیە. بەبێ ئازادی ڕادەربڕین هیچ ئازادییەکی زانیاری و ئازادییەکی داهێنانی فکری مسۆگەر نابێت و ئەساسی دیموکراسیەتیش حەقیقی نابێت.

هەروەها عومەر سامی جەماڵ، ئەندام لە شورای هونەری شاری ئۆسلۆ لەوبارەوە قسەی کردوە و دەڵێت، کە ئەو تێدەگات لەوەی کە هەڵواسینی ئەو تابڵۆیە هەندێک لە تورکەکان توڕە دەکات، زۆر کاری هونەری هەن کە ناکۆکی پێکدێنن، بەڵام پێویستە ئۆسڵۆ شوێنێکی گەرم بێت و هەمووان لە ئامێزی خۆی بگرێت. ئازادی ڕادەربڕین ئەو  ڕایانەش دەپارێزێت کە ئێمە لە گەڵیان نین و حەزیان لێناکەین. من تێگەیشتنم هەیە کە هەندێک لەو ڕایانە دەتوانن نیگەرانی درووست بکەن، بەڵام لەلایەکی تریشەوە من زۆر بۆم گرنگە کە کاری هونەری لە پێکهاتەی جیاواز لە بەشی هونەری دا ببینم.
عومەر جەماڵ سەبارەت بە سکاڵاکانی تورکەکان دەڵێت: ئەو سکاڵایانە دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی شارەوە بنرخێندرێن، شارەداری ئۆسڵۆ و شورای شار خۆیان تێکەڵی ئەو کێشەیە ناکەن،  پێشنیاری من بۆ کۆمەڵگەی تورکی ئەوەیە کە بەشداری دیبەیتەکە بن. تابڵۆکەش لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و لانابرێت.

هـ.هـ.