پەدەکە لە لۆزانیش یەکریزی و یەکێتی تێکدەدات

بۆ سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان ماوەیەکی کەم ماوە. کورد خۆی ئامادە دەکات لە ژێر چەتری کەنەکەدا بە هاوکارییەکی بەرفراوان چالاکییەکانی لۆزان بەڕێوەببەن، بەڵام پەدەکە جارێکی دیکە بانگەوازی یەکریزی و یەکگرتوویی رەتکردەوە.

بەتایبەتی کورد و هەروەها ئەو گەلانەی بە هۆی پەیمانی لۆزانەوە زیانیان بەرکەوتووە، خۆیان بۆ چالاکی بەرفراوان ئامادە دەکەن.

بەپێشەنگایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) ٥٢ رێکخراوی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆڕا، وەک یەکێتیەک لە دژی پەیمانی لۆزان ماوەی سێ ساڵە کاردەکەن.

کۆمیتەکە لە کۆشکی رومینە ساڵی رابردوو کۆنفڕانسی ساز کرد، واتە لەهەمان ئەو کۆشکەی پەیماننامەی لۆزانی تێدا واژۆکرابوو. کۆمیتەکە راشیگەیاندبوو کە تا ٢٤ی تەمووز بەردەوام دەبن لە سەر سازکردن چالاکی.

پەدەکە وەڵامی بانگەوازی کۆمیتەکەی نەدایەوە و لەگەڵ کەسانی نزیک لە خۆی لە ٢٧-٢٨ی ئایار لە هۆتێلی رۆیال ساڤۆی لە لۆزان کۆنفڕانسێکی سازکرد.

ناوی سیاسەتمەدارانی کورد خەتیب دیجلە، پرۆفیسۆر بیلگین ئایاتا، پرۆفیسۆر عەباس وەلی و پرۆفیسۆر پشکۆ حەمەتاهیر لە کۆنفڕانسەکەدا هێنران. دیجلە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەوە نیشاندا و رایگەیاند کە ئاگاداری ئەو کۆنفڕانسە نین.

کۆمیتەی دژی لۆزان بە راگەیەندراوەێک ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوە ئەخلاقی نییە، ئەوانەی لە دژی لۆزانن ناتوانن کۆببنەوە، مایەی خەمگینیە کە بەم جۆرە مامەڵە دەکەن.

خەتیب دیجلە: ئاگاداری ئەو کۆنفڕانسە نین       

سیاسەتمەداری کورد خەتیب دیجلە باسی لەوەکرد کە ئاگایان لە کۆنفڕانسێکی لەو جۆرە نییە و وتی، "دوێنێ لە کۆشکی رومینە بەشداریم لە پانێلێکدا کرد. ئاگام لە سازکردنی کۆنفڕانسێکی لەم جۆرە نییە".

دیجلە وتیشی، "ئاواتەخوازبووم لە سەد ساڵەی پەیمانی لۆزاندا سەرجەم رێکخراوە کوردیەکان پێکەوە کۆببنەوە و هەڵوێستی هاوبەش دەرببڕن. بەڵام ئەو مامەڵەکردنەی نایەنە ژێرباری یەکێتی و یەکڕیزییەوە دروست نین".

کاراموس: ئەگەر راستگۆ بن ئێمە ئامادەین بۆ دیدار

بەرێوەبەری پەدەکە وەڵامی بانگەوازی کەنەکە ناداتەوە، لەگەڵ دەزگا و کەسایەتیەکانی نزیک لە خۆی کۆنفڕانس ساز دەکات. مەسعود بارزانیش پەیامێکی ناردووە. بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "بێگومان ئەوە ئەرکێکی پیرۆزە و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە بە برایەتی، هاوکاری و یەکێتی هەموو ئێوە دەستەبەر دەبێت. بۆ سەرخستنی ئەو ئەرکە دەبێت دەستبەرداری بەرژەوەندی بەرتەسک ببن و بەرژەوەندی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت".

هاوسەرۆکی کەندەکە ئەحمەد کاراموس باسی لەوەکرد کە ئەوان دەنگیان دەخەنە پاڵ ناوەرۆکی پەیامەکەی بارزانی، بەڵام بە کردەوە بەرپرسانی پەدەکە وەڵامێکیان بە داواکاری بۆ هاوکاری و یەکڕیزی نەداوەتەوە.

کاراموس بە بیریهێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤بەدواوە لەپێناو یەکێتیدا کاردەکەن و وتی، نە مەسعود بارزانی، نە نێچیرڤان بارزانی و نە مەسرور بارزانی وەڵامی هەوڵەکانیان نەداوەتەوە. کاراموس وتی، "چاوەڕێین کە راستگۆییان هەبێت".

کاراموس وتی، بەر لە هەموو شتێک ئێمە پەیامەکەی مەسعود بارزانی بۆ ئەم کۆنفڕانسە لە رووی یەکێتیی کوردانەوە بە واتادار هەڵدەسەنگێنین. لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە لەپێناو یەکێتیی نەتەوەیی کوردان بانگەواز دەکەین. کەم تا زۆر چەترێکی نەتەوەییمان هەیە. لە چوار پارچەی کوردستانەوە زۆر پارت و رێکخراوی سیاسی لە ژێر ئەو چەترەدا دەجوڵێنەوە. چەند جار داوامان لە پەدەکە کرد. تائێستا نە بەئەرێنی و نە بە نەرێنی وەڵامیان نەداوەتەوە".

بارزانی کە یەکێتی نەتەوەیی رەتدەکاتەوە، ئاخۆ راگەیاندراو و لێدوانەکانی متمانەیان پێدەکرێت؟

کاراموس هەروەها وتی، "ئاخۆ لێدانەکان چەند لە دڵ و راستگۆیانەن؟ گەل تا چ ئاستێک متمانە بەو لێدوانانە دەکات؟ لەو یەکێتی نەتەوەییەی کوردستان کە باسی دەکات دەبێت مرۆڤ چی تێبگات؟ ئەو بانگەوازە بۆ کێیە؟ ٥٦ پارت و رێکخراوی سیاسی زیاتر لە ١٠ رێکخراوی مەدەنی و بە سەدان کەسایەتی لە ژێر چەتری کەنەکەدا کۆبوونەوە. ئەگەر ئەو رێکخراو و کەسایەتیانە وەک کورد، وەک وڵاتپارێز نابینن، ئەوان بە نەتەوەیی نابینن کەواتە ئەو بانگەوازە بۆ کێیە؟".

کاراموس دەستنیشانی کرد کە دەبێت کورد لە دژی پەیمانی لۆزان یەک دەنگ بن و بۆ ئەوەش ماوەیەکی زۆرە کاری یەکێتی نەتەوەیی بەڕێوەدەبەن.

کاراموس وتی، "بۆ ئەوەی لە دژی پەیماننامەی لۆزان یەک دەنگ بن ئێمە تێدەکۆشین. ئێستا لە لۆزان کۆنفڕانسێک ساز دەکەن، با ئەوان لە خۆیان بپرسن ئەوە چەندە کوردستانیە. ئەو راگەیەندراوەی دراوە، لە هەمان کاتدا داواکاری ئێمەیە. ٢٤ ساڵە هەوڵ دەدەین ئەو ئەرکە پیرۆزە جێبەجێ بکەین. هێڵی سوری ئێمە لەم بابەتەدا زۆر بەرچاوە. ئەگەر دەستی نەچووبێتە خوێنی کوردانەوە، لە پارچەیەکی کوردستان هاوکاری لەگەڵ دوژمنی گەلی کورد نەکردبێت، ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو کەس کاربکەین. هەرگیز نەمانکردووە بە ماڵی حزبێک. ئەگر بەڕێز مەسعود بارزانی لە دڵ و ناخەوە ئەوە دەڵێت، با بیکات. ئێمە ئامادەین لە پێناو یەکێتی نەتەوەیی کورد تێبکۆشین".

هـ . ب