ریشی سوناک بووە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا

ریشی سوناک، وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا بووه سەرۆكی پارتی پارێزگاران و بەوەش پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای وەرگرت، ئەوەش دوای ئەوەی پێنی مۆردۆن-ی رکابەری لە کێبرکێی وەرگرتنی پۆستەکە کشایەوە.

سەرۆکی کۆمیتەی پارتی پارێزگاران لە پەرلەمانی بەریتانیا بە فەرمی هەڵبژاردنی ریشی سوناکی وەک سەرۆکی پارتەکەی راگەیاند، بەمەش راستەوخۆ بووە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە شوێنی لیز تێراس، کە پێشتر دەستی لەکارکێشایەوە.

سەرکەوتنی سوناک دوای ئەوە هات، پێنی مۆردۆنتی تاکە رکابەری ئەمرۆ بەفەرمیی کشانەوەی خۆی لە کێبرکێکە راگەیاند کە نەیتوانیبوو دەنگی پێویست بۆ پەرلەمانتارانی پارتەکە کۆبکاتەوە، چونکە بەپێی زانیارییەکان تەنها ٢٥ دەنگی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا سوناک دەنگی ١٩٤ پەرلەمانتاری کۆکردووەتەوە.

پێنی مۆردۆنت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: “ئەم بریارە بریارێکی مێژووییە و جارێکی دیکە هەمەچەشنی و بەهرەی پارتەکەمان نیشان دەدات”.

وتیشی: “ریشی سوناک پشتگیریی تەواوی منی هەیە”.

ریشی سوناک، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین سیاسەتمەدارانی وێستمینستەر و یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەیە، کە بەرەگەز هندییە و لەلایەن شا چارڵزەوە رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.

ف.ق